ئەمەریکا گەورەکەشتیی فڕۆکە هەڵگری جۆرج بوشی بەرەو کەنداو بەڕی کرد

هەولێر- KDP.info- وەزیری بەرگریی ئەمەریکا، چاک هێگڵ فرمانی دا بە بەڕێکەوتنی کەشتیێکی جەنگیی فڕۆکە هەڵگرە بەرەو کەنداو، بۆ ئەوەی لە ئامادەباشیدا بێت تا هەرکاتێک واشنتۆن فرمانی دا، هێرشی ئاسمانی بۆ سەر هێزە چەکدارەکانی داعش بەرپا بکات و ئەمەریکاییەکانیش بپارێزێت.
لەو بەیاننامەیەدا کە دوێنێ شەممە پنتاگۆن بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژە دراوە بەوەی کە، فەماندەی گشتی فرمانی پێیە کە بۆ پاراستنی گیانی ئەمەریکاییەکان و هاوولاتیانی و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا هێز بە کار بهێنێت.
ئەو کەشتییە جەنگییە فڕۆکە هەڵگرەی ئەمەریکا کە بە گەورەترین کەشتیی جەنگیی جیهان و بە جۆرج بوش ناسراوە، بێجگە لە فڕۆکەی جەنگی، شەشهەزار کەس هەڵدەگرێت، وەها بڕیار بوو، دوێنێ شەممە بگاتە کەنداو.
ئەم جووڵەپێکردنەی ئەم گەورەکەشتییە، لە کاتێکدایە کە داعش ناوچەگەلێکی سوننەنشینی لە عێراق داگیر کردووە و هەڕەشەیشیان کرد کە بەرەو بەغدا پێشرەوی دەکەن و داگیری دەکەن.




