٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سەندیکای رۆژنامەنووسان داوا دەکات، هەوڵەکان بۆ ئازادکردنی کامەران نەجم، چڕ بکرێنەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، تەواوی ھەوڵ و کۆششی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ ئازادکردنی رۆژنامەنووس (کامەران نەجم) و پاراستنی سەرجەم رۆژنامەنووسان لە توندوتیژی.

سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ شممە دەری کردووە و دانەیەکی بۆkdp.infoنێردراوە، داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات ھەموو ھەوڵی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ ئازادکردنی رۆژنامەنووس کامەران نەجم، ھاوکات داوا لە میدیاکارانیش دەکات پابەندی رێنماییەکانی سەلامەتیی پیشەی رۆژنامەنووسی بن. 

ئەمەش دەقی بەیاننامەکەیە:

بەیاننامەیەک لە ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانەوە سەبارەت بە میدیاکار (کامەران نەجم)

بەڕێزان...

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق

پەرلەمانی کوردستان

سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسان

بەداخەوە ماوەی چەند رۆژێکە رۆژنامەنووس و فۆتۆگرافەر (کامەران نەجم)، کە ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانە، لە کاتی جێبەجێکردنی کاری رۆژنامەوانی، لە سنووری پارێزگای کەرکووک، دەستگیر کراوە و تا ئێستایش چارەنووسی نادیارە.

شایانی ئاماژە بۆکردنە، (کامەران نەجم) بە شێوازی سەربەخۆ (فریلانس) کار دەکات، سەربە ھیچ حزب و لایەنێک نییە.

ئێمە وەکو ئەنجوومەنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان داوا لە ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین تەواوی ھەوڵ و کۆششی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ ئازادکردنی رۆژنامەنووس (کامەران نەجم) و پاراستنی سەرجەم رۆژنامەنووسان لە توندوتیژی، ھەروەھا لەپێناو پاراستنی سەر و گیانی رۆژنامەنووسان، داوا لە میدیاکاران دەکەین کە پابەندی رێنماییەکانی سەلامەتیی پیشەی رۆژنامەنووسی بن. 

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار