عادل نووری: لە 100 ساڵی ڕابردووی عێراقدا شتی وا ڕووی نەداوە
__2014_06_14_h15m53s14__BA.jpg)
هەولێر– KDP.info- ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەڵێت، كارەسات ئەوەیە شەڕی مووسڵ بكرێتە شەڕێکی مەزهەبی و لەو ڕێگایەوە سوپای عێراق ڕەمەكیانە بكەوێتە گیانی ئەو شارەوە و تەڕ و وشك بە یەكەوە بسوتێنێت و دامەزراوە مەدەنی و حكوومییەكان وێران بكات.
سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەكانی عێراق ئاماژە دەدەن کە بە فەرمانی نووری مالیكی هێرشێكی فراوان دەكرێتە سەر مووسڵ لە كاتێكدا ترسی ئەوە دەكرێت ئەم هێرشە بە شێوەیەکی ڕەمەكی بكرێت و زیانێكی زۆری بەدواوە بێت. ئەندامی سەركردایەتیی یەكگرتووی ئیسلامیی کوردستان، عادل نووری بۆ KDP.infoگوتی: "بەداخەوە فەتوا و پیرۆزكردنی شەڕ و دروستكردنی میلیشا و فەتوای مەرجەعە شیعەكان، جێگای نیگەرانییە، چونكە لە 100 ساڵی ڕابردووی عێراقدا شتی وا ڕووی نەداوە، چونكە ئەمە خوێنڕشتن بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئەوەش لە ڕۆژانی ڕابردوو بینیمان لە عێراق لەوە نەدەچوو حكوومەتێك هەبێت لەوە دەچوو لە باشووری ئەفەریقا بێت كە هۆزەكان پێک دادەن و یەكتری دەكوژن".
عادل نووری کە هاوکات ئەندامی لێژنەی دانوستانكاری هەرێمی كوردستانە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا زیاتر گوتی: "بەداخەوە ئەو شكستەی سوپای عێراق هەمووی جێگای پرسیارە، ئەوەی ئێستایش دەكرێت هەر جێگای پرسیارە، چونكە ئەوەی عێراق ڕووبەڕووی دەبێتەوە وەك حكوومەتێك یان وەك شەڕێكی تایفەگەری دەیەوێت چارەسەری بكات، چونكە شەڕ یاسا و رێسای خۆی هەیە و دەبێت دامەزراوە مەدەنییەكان و حكوومییەكان لەشەڕ دوور بگرێن و زیانبار نەبن."
ئەوەشی خستەڕوو ئەوان هۆشداریی دەدەنە حكوومەتی عێراق و چەكدارەكان كە جیاوازییەكانی خۆیان لە دەرەوەی دامەزراوە كان بێت و گیانی هاووڵاتیان و دامەزراوەكان دوور بێت لە شەڕ و پارێزراو بێت.
كارزان هەورامی




