جێگرى لیواى 9ى پیادە: بێزیانین و لەئامادەباشیدان
__2014_06_13_h17m51s35__BA.jpg)
هەولێر- KDP.info- جێگرى لیواى 9ى پیادەى سەر بە وەزارەتى پێشمەرگە دەڵێت، لیواى 9ى پیادە لە دواسنوورى کوردستانە و هەموو دانیشتوانى ئەو ناوچانەیش بە هەبوونى هێزى پێشمەرگە هەست بە ئارامى دەکەن و داواکارن پێشمەرگە بە یەکجارى جێگیر بکرێت.
جێگرى لیواى 9ى پیادەى سەر بە وەزارەتى پێشمەرگە، عەمید فایەق قادر حەمەساڵح لە لێدوانێکدا بۆ KDP.infoگوتی "سوپای عێراقى تەواوى ئەو سنوورانەى چۆڵ کردووە و هێزى پێشمەرگە شوێنى پڕ کردوونەتەوە و هەموو چەک و جبەخانەی بەجێماویان کەوتووەتە دەستى پێشمەرگە و ئێستا پێشمەرگە بە ئاڵاى کوردستانەوە لە دوا سنوورە لەو ناوچانە و سوپاس بۆ خواى گەورە کە لیواى 9ى پیادەى سەر بە وەزارەتى پێشمەرگە بێزەرەر و زیانە."
جێگرى لیواى 9ى پیادە گوتیشی: جموجۆڵى داعشیش لە سنوورى رۆژئاواى داقووقە بە ئاراستەی گوندەکانى داقووق و دەڤەرى کاکەیەکان، بەڵام لیواى 9ى پیادەى سەر بە وەزارەتى پێشمەرگە ئێستا لە دواگوندەکانى سنوورى کوردستانە و هەموو دانیشتوانى ئەو ناچانەیش بە کورد و تورکمان و عەربیشەوە بە هەبوونى هێزى پێشمەرگە هەست بە ئارامى دەکەن و داواکارن پێشمەرگە بە یەکجارى جێگیر بکرێت و نەگەرێتەوە، تا هەموویان وەکو شارەکانى ترى کوردستان لە ئارامى و ئاساییشدا بژین و هێزى پێشمەرگە پارێزەرى سەرو ماڵ و گیانیان بێت."
عەمید فایەق حەمەساڵح زیاتر گوتی: هاماهەنگیى تەواو لە نێوان ئاسایش و پۆلیس و هاووڵاتیاندا هەیە و ئەو سنوورانە ئارامن و خەڵکەکەیشى هاوکاری هێزى پێشمەرگەن بۆ هەر جموجۆڵێکى نائاسایى، بەتایبەتى لە جموجۆڵى خەڵکانێک کە گومانلێکراوبن لە پەیوەندیدان لەگەڵ هێزى پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکانى ناوچەکە.
سەبارەت بە ئەگەری هەبوونی زیانی گیانى پێشمەرگەى لیواى 9ى پیادە عەمید فایەق گوتى: تائێستا لیواى 9ى پیادەى سەر بە وەزارەتى پێشمەرگە، زیانی گیانی و نەبووە و بەردەوامیش لە ئامادەباشیدان بۆ هەر حاڵەتێکى لەناکاو.
جێگاى ئاماژەیە سنوورى لیواى 9ى پیادەى سەر بە وەزارەتى پێشمەرگە لە ناحیەی تازەدێوە دەست پێ دەکات تا قەزاى داقووق و سنوورى تاڵەبان و گوندەکانى شۆراو و نزیک دووزخورماتوو.




