شارەزایەكی سەربازی: بۆ عێراق ئاسان نییە لە ڕێی فرۆکە جەنگییەکانییەوە داعش بۆردومان بکات

هەولێر- KDP.info- شارەزایەكی سەربازی دەڵێت، چەكێكی زۆری سوپا بۆ داعش بەجێ ماوە و لە نێویشیاندا موشەکەی دژەفڕۆکەی جەنگی هەن و بۆ عێراق ئاسان نابێت، لە ڕێی هێزی ئاسمانییەوە بۆردومانی داعس بکات.
شێخەڵا ئیبراهیم کە شارەزایە لە كاروباری سەربازیدا بۆ KDP.infoگوتی: "لەوە دەچێت تەنیا فرۆكەی F16بتوانێت بچێتە مووسڵ و مۆڵگەی چەکدارانی داعش بۆردومان بکات، چونكە فڕۆكە جەنگییەكانی ئێستا کە عێراق هەیەتی زۆر بەرز نابنەوە و لە ئەگەری جوڵانەوەیاندا دەبنە ئامانجی داعش، بەڵام ئەگەر هاتوو فڕۆكەكان بە تەكنیكێك لە ماوەی خۆیان بەرزتر بكرێنەوە، دەکرێت كاری خۆیان بكەن، ئەوەش ئاستەمە چونكە دۆخەكە ناجێگیرە".
ئەو کە سەرۆكی لێژنەی پێشمەرگەیش بووە لە خولی سێیەمی پەرلەمان گوتیشی: "ئەو چەكانەی کە لەلایەن سوپاوە جێ ماون و تۆپی دوورهاوێژ و ئۆتۆمبێلی درع و هەمەری سەربازی و چەكی قورسن و کەوتوونەتە دەستی داعش، بۆ داعش ئاسانکارییەکی زۆر دەکات تا ڕووبەڕووی هێزی پیادە و ئاسمانیی سوپای عێراق ببنەوە، لە هەمان كاتدا خەڵكێکی سوننەمەزهەبیش پشتگیریی داعش دەكەن، چونكە سەركردەكانی سوپای پێشوو(بەعس) کە لە ئێستایدا زۆرێکیان لە ڕیزەکانی سوپادان، لە ناوچە سوننییەكان و شەڕی دژ بە داعشیان نەكرد."
كارزان هەورامی




