نوێنەری عەلی سیستانی داوا لە عێراقییەکان دەکات چەک هەڵگرن

هەلێر-KDP.info- شێخ عەبدولمەهدی کەربەلایی کە نوێنەرایەتیی ئایەتوڵا عەلی سیستانی دەکات، داوا لە خەڵکی عێراق دەکات چەک هەڵگرن و بەرگریی لە نیشتیمانەکەیان بکەن و بەرەوڕووی داعش ببنەوە.
شێخ عەبدولمەهدی کەربەلایی لە نوێژی ئەمڕۆ هەینییدا کە لە کەربەلا پێشکەشی کرد، گوتی ئەوەی کە لە شەڕی داعشدا کوژراوە شەهیدە.
زیاتر گوتی، ئەوەی کە توانای چەک گەڵگرتن و شیڕکردنی هەیە دژبە تیرۆریستان و برگریکردن لە نیشتیمان، پێویستە خۆبەخشانە بچیتە ڕیزی هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجی بەرگری لە نیشتیمان.
چەکدارانی توندڕۆ کە سەربە گرووپی دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شامن، هەفتەی ڕابردوو دەستیان گرت بەسەر پارێزگای مووسڵ و شاری تکریتدا، هەروەها شەوی ڕابردوو و لەو پێشڕەوییەی بەرەو بەغدایان دوو شارۆچکەی دیکەیان لەسەر ڕێگەیان گرتووە، ئەمەیشیان بە مەبەستی دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامیی سوننییە لە عێراق و سووریادا.
دوێنێ هەینییش سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، باراک ئۆباما هۆشداریی دا لەوەی کە ئەگەر بێت و چەکدارانی توندڕۆ بیانەوێ نەخشی سنووریی ناوچەکە بکێشن، ئەوا دەبن بە هەڕەشە بەسەر ئەو ناوچە دەوڵەمەند بە نەوتە و دواتر دەبن بە خاڵی هێرش بۆ سەر بەرژەوەندیی ڕۆژئاواییەکان.




