ئەشواق جاف: چوارساڵە مالیكی باری لەناکاو پێڕۆ دەکا كەچی تازە داوای دەكا

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی كوردی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لە 4 ساڵی رابردوودا سەرۆكوەزیرانی عێراق هەموو دەسەڵاتەكانی حاڵەتی باری لەناکاو پێڕۆ دەکا و سەركردەكانیشی نەیانتوانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ببنەوە، كەچی تازە داوای ئەو حاڵەتە دەكات.
ئەندامی هاوپەیمانیی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراق، ئەشواق جاف، بە (KDP.info)-ی راگەیاند: "سەرۆكوەزیرانی عێراق، نووری مالیكی سەركەوتوو نەبووە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ عێراق كەچی دوای داگیركردنی پارێزگایەك و چەند ناوچەیەكەوە لەلایەن تیرۆریستانەوە، تازە داوای حاڵەتی تەواری دەكات لە پەرلەمانی عێراق."
ئەوەشی گوت: "لە پێكهێنان و دروستكردنی هێزەكانی ئۆپراسیۆنی دیجلە و جەزیرە و دانانی سەركردە سەربازییەكانیدا سەرۆكوەزیرانی عێراق نەهاتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كە لە دەستووردا هاتووە هەركاتێك هێزی ئۆپەراسیۆن پێک هات پێویستە پەرلەمانی عێراق بڕیار لەسەر ئەو سەركردانە بدات، كەچی مالیكی بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان ئەو سەركردانەی دانا و ئەنجامەكەیشی دەركەوت كە چۆن توانییان بەرەنگاری تیرۆریستان ببنەوە لە عێراقدا."
باسی لەوەش كرد، "نەك سەرۆكوەزیران و حكوومەتی عێراق دیاریكردنی سەركردە سەربازییەكانی عێراقی نەهێنایە پەرلەمانی عێراق، بەڵكو نەك هەر بەرپرسانی دۆسیەی ئەمنیی عێراقی نەهێنایە پەرلەمان بۆ ئەوەی پرسیاری هۆكاری تێكچوونی دۆخی ئەمنیی عێراقیان لێ بكەین، بەڵكو وەڵامی ئەو پرسیارانەیشمان نەدراوەتەوە كە ئاراستەی حكوومەتمان كردبوو، هەتا ئەمڕۆ حكوومەتی عێراقی بەرپرسانی ئەمنیی نەهێناوەتە پەرلەمان بۆ ئەوەی تێكچوونی دۆخی ئەمنیی عێراقمان بۆ روون بكەنەوە".
روونیشی كردەوە "ئێمە وەكو كورد ئامادەی كۆبوونەوەی رۆژی 12ی حوزەیرانی 2014ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بووین، بەڵام بە بەردەوامی ئەو تۆمەتانەی دەیخەنە پاڵ كورد بەوەی كە پشتیوانی تیرۆریست، ئامادەبوونی كورد بەڵگەیەكی روونە بۆ ئەو هەموو تۆمەتەی بە ناحەق دەرێتە پاڵمان و ئێمە دژ بە تیرۆرین."
باسی لەوەش كرد، بۆ كۆبوونەوەكەی رۆژی پێنجشەممە پەرلەمانتاران چەندین پرسیاریان ئامادە كردبوو بۆ ئەوەی ئاراستەی سەرۆكوەزیرانی عێراقی بكەین، كە بڕیار بوو لە كۆبوونەوەكەدا ئامادە بێ لەسەر بارودۆخی تێكچووی چەند پارێزگایەكی عێراقدا.
زیاتر گوتی: "دەمویست بپرسم لە سەرۆكوەزیرانی عێراق مەبەست چییە لە حاڵەتی تەواری چییە؟ چونكە لە دەستووردا هاتووە كە دەسەڵاتی جێبەجێكار لە حاڵەتی تەواریدا هەندێ دەسەڵاتی هەبێ بەبێ گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی یاسادانان، یا دادوەری، لەكاتێكدا ئێمە لە رابردوودا بینیمان دەسەڵاتی جێبەجێكار بە تایبەت سەرۆكوەزیرانی عێراق هەموو دەسەڵاتەكانی خۆی بە كار هێناوە بەبێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق".
جەختی لەوە كردەوە، كورد لەگەڵ ئەوە نییە هەموو پارێزگاكانی عێراق بخرێنە دۆخی نائاساییەوە بەڵكو ئەو پارێزگایانە بگرێتەوە كە ئێستا دۆخی ئەمنییان تێكچووە.
گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) لە چەند رۆژی رابردوودا پارێزگای نەینەوای خستە ژێر كۆنترۆڵی خۆیەوە و دەستی گرت بەسەر زیاتر لە 200 دۆشكە و 2 هێلیكۆپتەر و پێداویستیی سەربازی، هەروەك راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان ئاماژە دەكەن بەوەی تكریتیش كەوتووەتە ژێر ركێفیانەوە لەگەڵ چەند شارۆچكەیەكی دیكە و ئەو گرووپەش لە رێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە هەڕەشەی هێرش دەكات بۆ سەر بەغدای پایتەخت.




