ئۆباما وەشاندنی گورزی سەربازی لە داعش دوور نابینێت

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info- سەرۆکی ولاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، باراک ئۆباما ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، ئەو کۆی بژاردەکان بۆ هاوکاریی عێراق دژبە کردەی توندوتیژی تاوتوو دەکات و بۆ گێڕانەوەی ئاساییشیش لە عێراقدا وەشاندنی گورزی سەربازی دوور نابینێت.
ئۆباما لە کۆشکی سپییەوە بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند، "هاوکارانم لەوە دەکۆڵنەوە چۆن بتوانین زۆرترین هاوکاریی کردەنیی عێراق بکەین."
ئۆباما بە دووریشی نەزانی بۆ کۆتاییهێنان بەو توندوتیژییەی عێراق و ڕەگ دانەکوتانی جیهادییەکان لە عێراق و سووریادا، هێرشی ئاسمانی بەرپا بکەن.
ئۆباما ئەو قسانەی لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیادا کردن و ئەگەرچی داوای لە پێکهاتەکانی عێراق کرد جیاوازییەکان وەلا بنێن بۆ بەرەوڕووبوونەوەو دۆخەکە، بەڵام لەسەر ئەو باوەڕەیە کە، پێویست دەکات لە ڕێی کردەی سەربازییەوە چارەی ئەو توندوتیژییە بکرێت.
سەرۆکی ئەمەریکا زیاتر ئاشکرایشی کرد کە، "لە ماوەی گفتوگۆکانمان لەگەڵ عێراقییەکاندا دەتوانین بڵێین شتگەلێکی بەپەلە هەن کە دەبێ لە ماوەیەکی کورتدا لە ڕووی سەربازییەوە ئەنجام بدرێن و تیمی ئێمە لە ئاساییشی نیشتیمانی هەر بژاردەیەک لەبەرچاو دەگرێت."
ئۆباما گوتیشی، "بەڵام دەبێت ئەمە هۆشداریی بێ بۆ حکوومەتی عێراقی. دەبێ پێکهاتەیەکی سیاسیی هەبێت."




