وردەکاریی شەڕی نێوان پێشمەرگە و داعش لە تل وەردە

کەرکووک-تایبەت بەKDP.info- بەڕێوبەری گشتیی راگەیاندن و رۆشنبیری لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەئێستادا ھێزی پێشمەرگە ناوچەی تل وەردەی کۆنترۆڵ کردووە و لە چەکدارانی داعشی پاک کردووەتەوە و ھەشت چەکداریشی بە دیل گرتوون.
عەمید ھەڵگورد حیکمەت، بە kdp.info راگەیاند: "ھۆکاری دروستبوونی شەڕ لەنێوان ھێزی پێشمەرگە و داعش بۆئەوە دەگەڕێتەوە کە لە دوێنێوە چەکدارانی داعش بە ھاون ھێرش دەکەنە سەر پێشمەرگە، بۆیە ئەمڕۆ ھێزی پێشمەرگە ھێرشی کردە سەر ئەو شوێنەی چەکدارانی داعشی لێیە و ھەشت کەسیانی دەستگیر کرد و ئەوانەی دیکەیش ھەڵاتن و لەئێستادا ئەو شوێنە لە چەکداران پاک کراوەتەوە."
عەمید ھەڵگورد حیکمەت گوتیشی: "ھێزی پێشمەرگە لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە و زیاتر ناچێتە پێشەوە، چونکە فەرمانیان پێکراوە لەو شێونە بن کە بۆیان دیاریی کراوە."
بەرێوبەری گشتیی راگەیاندن و رۆشنبیری لەوەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەشی خستە ڕوو، ھێزی پێشمەرگە تەنیا دەچێتە ئەو شوێنانە کە لەلایەن سوپای عێراقەوە چۆڵ دەکرێن، ئەمەش بۆئەوەیە کە بۆشایی ئەمنیی دروست نەبێت، ئەگەر نا لە شوێنی خۆیان دەمینێنەوە.
بڵند ئیبراھیم




