دیندار زێباری: ڕەوشی مووسڵ و هاتنی بەلێشاوی ئاوارەكان بۆ هەرێم، مایەی نیگەرانییە
__2014_06_12_h17m35s6__BA.jpg)
هەولێڕ-KDP.info- لە كۆبوونەوەی نێوان جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری ڕێكخراوە ناحكوومییەكان و شاندی كۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەراندا، ئەوە خرایە ڕوو كە هەرێمی كوردستان ناتوانێت بە تەنیا ئیدارەی بارودۆخی ئاوارەكان بكات و لەم ڕووەوە پێویستی بە هاوكاری و یارمەتیدانی بەپەلە هەیە.
پێشنێوەڕۆی ئەمڕۆ 12/6/2014، كۆبوونەوەیەك لە نێوان جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ كاروباری ڕێكخراوە ناحكوومییەكان د. دیندار زێباری و نوێنەری كۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران لە عێراق، بەڕێوە چوو.
لەو كۆبوونەوەیەدا باس لەوە كرا كە ڕەوشی مووسڵ و هاتنی بەلێشاوی ئاوارەكان بۆ هەرێمی كوردستان مایەی نیگەرانییە و پێویستییەكی بەپەلە هەیە بۆ بەهاناوەچوونیان و هاوكاریكردنیان.
د. دیندار جەختی كردەوە كە باشترین كارێك كە لە ئێستادا بكرێت، بریتییە لە هەماهەنگیكردن، چونكە هەموو لایەك ئامادەیی خۆیان بۆ هاوكاریكردن پێشان داوە، لەبەر ئەوە پێویستە هەوڵەكان لەم ڕووەوە ڕێك بخرێن، لەم بارەیەیشەوە نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان هاوڕا بوو و ئەمەی بە هەنگاوێكی پێویست و بەپەلە زانی.
هەر لەو كۆبونەوەیەدا باس لە ڕۆڵی هێزەكانی پێشمەرگە كرا، كە وەك هێزێكی نیشتمانی ڕەفتاریان كردووە و یەكێتیی ئەورووپایش داوای هەماهەنگیی لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ڕەوشەكە كردووە.
لە تەوەرێكی دیكەدا باس لەوە كرا كە توركیا ئامادەیی دەربڕیوە بۆ هاوكاریكردنی ئاوارەكانی ناوخۆ بە دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكان بۆ نزیكەی (10) هەزار كەس وەك خێوەتگە و هاوكارییەكانی تر، هەروەها حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە كە بڕی 300 هەزار دینار بۆ هەر خێزانێكی ئاوارەی ناوخۆ خەرح بكرێت.
لای خۆیەوە زێباری ئەو ڕاستییەی دووپات كردەوە كە هەرێمی كوردستان ناتوانێت بە تەنیا ئیدارەی بارودۆخی ئاوارەكان بكات و لەم ڕووەوە پێویستی بە هاوكاری و یارمەتیدانی بەپەلە هەیە، بە تایبەتی حكوومەتی ناوەند، بڕیاریش وایە لە هەفتەی داهاوودا كۆبوونەوەیەكی سێقۆڵی لە نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ و نەتەوە یەكگرتووەكان ئەنجام بدرێت بۆ خێرا گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان بە ئاوارەكان.




