٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

بەكر بۆزداغ: توركیا هیچ بەرنامەیەكی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە عێراقدا نییە

سەرچاوە: KDP.info

ئانكارا – KDP.info- وەزیری دادی توركیا لە بارەی رەوشی مووسڵ و بەدیلگرتنی باڵیۆز و ئەندامانی باڵیۆزخانەی توركیاوە رایگەیاند، بۆ ئازادكردنی ئەو بەدیلگیراوانە توركیا ئەوەی لە دەستی بێ درێخی ناكات.

دوای ئەوەی دوێنێ داعش لە مووسڵ هێرشی كردە سەر باڵیۆزخانەی توركیا و كارمەندان و باڵیۆزی توركیای بە دیل گرت، بەشێك لە شارەزایان و سیاسەتمەدارانی توركیا باسی ئەوەیان كرد كە توركیا سەرقاڵی ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازییە لە عێراق و بۆ ئەو مەبەستەیش داوای كۆبوونەوەی لە ناتۆ كردووە و لەگەڵ كاربەدەستانی یەكێتیی ئەورووپا و ئەمەریكادا گفتوگۆ كراوە.

هەر لە بارەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە عێراقدا لە لایەن توركیاوە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزیری دادی توركیا بەكر بۆزداغ گوتی: توركیا بەوپەڕی هێز و توانای خۆیەوە هەوڵ بۆ ئازادكردنی هاووڵاتییە بەدیلگیراوەكانی دەدات و لەو چوارچێوەیەیشدا داوای هاوكاریی لە ناتۆ، ئەمەریكا، یەكێتیی ئەورووپا، هەرێمی كوردستان و كاربەدەستانی عێراق كردووە.

بەكر بۆزداغ هەروەها ئاماژەی دا كە هیچ بەرنامەیەكی توركیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە عێراقدا نییە و توركیا بە هیچ شێوەیەك ئامادە نییە خۆی تێكەڵی ئەو ئاژاوەیە بكات، بەڵام بۆ رزگاركردنی هاووڵاتیانی خۆی هەموو توانست و دەرەتانە دیپلۆماتیكییەكانی خۆی بەكار دەهێنێت.

هیوا ئەردەلان

هەواڵی پەیوەندیدار