مالیكی دەیەوێت لە ڕێگەی باری نائاساییەوە بەر لە جووڵەی پێشمەرگە بگرێت

هەولێر- KDP.info- سەركردەیەكی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان دەڵێ، شەڕی داعش مالیكیی ڕاچڵەكاند و ئێستا دەیەوێت بە ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە عێراقدا، ڕێ لە جووڵەی پێشمەرگە بگرێت.
كەمێك پێش ئێستای سوپای داعش بەرەو شاری سامەڕا هێرشی برد و سەرچاوەكانی هەواڵیش ئاماژە بە كۆنتڕۆڵكردنی بەشێك لە شارەكە دەكەن، مەترسیی ئەوەیش دەكرێت چەكدارانی داعش پێشڕەوی بكەن. لە ئێستایشدا كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ڕاگەیاندنی باری نائاسایی بەڕێوە دەچێت.
ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان مەولوود باوەمراد، بۆ KDP.infoگوتی: "مالیكی دەیەوێت بە ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە عێراقدا، ڕێگە لە جووڵەی پێشمەرگە بگرێت، چونكە دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە هەم فەرمان بە هێزە چەكدارەكانی عێراق بكات و دەستیان ئاوەڵا بكات بۆ هێرشكردن، هەم بیكاتە هۆكارێك بۆ ئەوەی لایەنەكان پێكهێنانی حكوومەت و درێژكردنەوەی وادەی حكوومەت لە بیر بكەن".
باوەمراد ئاماژەیشی دا كە جۆرێك لە ناڕەزایی لە لایەن سوپای عێراقەوە لە ناوچە سونییەكان هەبووە و ئامادە نەبوون بەرانبەر هیچ هێزێك ڕووبەڕوو ببنەوە.
كارزان هەورامی




