نابێت جارێكی دیكە لە توركیا زمان و ناسنامەی هیچ پێكهاتەیەك قەدەخە بكرێت

ماردین - kdp.info-وەزیری كاروباری ئایینیی توركیا لە بارەی چارەكردنی پرسی كوردەوە رایگەیاند، نابێت جارێكی دیكە لە توركیا زمان، ناسنامە و كولتووری هیچ پێكهاتەیەك قەدەخە بكرێت.
وەزیری كاروباری ئایینیی توركیا دكتۆر محەممەد گۆرمەز، لە بارەی قۆناخی چارەی پرسی كوردەوە گوتی: ئەوە ئاگرێكە كە ساڵانی پێشوو لە توركیا كراوەتەوە، بۆیە پێویستە هەموو پێكهاتەكانی توركیا وەكو ئەو موورییانەی ئاگری حەزرەتی ئیبراهیمیان كوژاندەوە، بۆ كوژاندنەوەی ئەو ئاگرە دەست بخەنە ناو دەستی یەكتر.
دكتۆر گۆرمەز ئاماژەی دا: لە وڵات یا لە ناوچەیەكدا كە ئایینی ئیسلام زاڵە و زۆربەی دانیشتووانی موسوڵمان و برای یەكترن و لە ناوچەیەكدا كە ئەو هەموو مامۆستای ئایینی، پیاوی ئایینی، ئیمام و گوتارخوێن هەبن و پرسێكیش وەكو پرسی كورد هەبێت، ئەوا دیارە كە پیاوانی ئایینی، مامۆستایانی ئایینی و ئیمامەكان ئەركی سەرشانی خۆیان بە باشی جێبەجێ نەكردووە، چونكە ئیسلام رێگەی بە قەدەخەكردنی زمان، ناسنامە و كولتووری هیچ كەس و لایەنێك نەداوە.
گۆڕمەز گوتیشی: پێویستە لەمەوبەدوا هەموو مامۆستایانی ئایینی، پیاوانی ئایینی، ئیمام، گوتارخوێنەكان و هەموو پێكهاتەكانی توركیا دەست بخەنە دەستی یەكتر و بە هەستی بەرپرسیارەتییەوە هەڵسوكەوت بكەن و پشتگیری لە قۆناخی چارەسەری پرسی كورد بكەن و نابێت جارێكی دیكە لە توركیا زمان، ناسنامە و كولتووری هیچ كەس و لایەنێك قەدەخە بكرێت و لایەنێك لە بەرامبەر لایەنێكی دیكەدا توندوتیژی و تیرۆر بە كار بهێنێت.
هیوا ئەردەلان




