٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

كۆبوونەوەی ماڵی جەعفەری بێئەنجام بوو

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا - تایبەت بە kdp.info- شەوی رابردوو سەركردەی لایەنە سیاسییەكان لەبارەی تێكچوونی بارودۆخی عێراقەوە لە ماڵی ئیبراهیم جەعفەری كۆ بوونەوە، بەڵام بە گوتەی بەشداربوویەكی كۆبوونەوەكە، نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێك و هیچ بڕیارێكیش نەدرا.

سەرۆكی بزووتنەوەی ئاشووری و یەكێك لە بەشداربووانی كۆبوونەوەی شەوی رابردوو یونادم یوسف كەننا، بە kdp.infoـی ڕاگەیاند: كۆبوونەوەی شەوی رابردوو هیچ ئەنجامێكی نەبوو، تەنیا بۆ ئەوە بوو بە خەڵكی عێراق بڵێن ئێمە یەكهەڵوێستین، ئەگەرنا هیچ بڕیارێكی تێدا نەدرا.

یونادم یوسف گوتیشی: تێكچوونی رەوشی ئەمنیی چەند پارێزگایەكی عێراق و بە تایبەت مووسڵ، كاریگەریی خراپی بۆ سەر پرۆسەی سیاسی و دیموكراسی و هەموو خەڵكی عێراق هەیە، بۆیە پێویستە هەموو لایەنەكان لە بەرامبەر ئەو مەترسییەدا یەكهەڵوێست بن، چونكە ئەوەی ڕووی داوە، بە هۆی ناكۆكیی نێوان لایەنەكانەوە بووە.

یوناد یوسف كەننا كە هاوكات پەرلەمانتاری عێراقە، ڕوونیشی كردەوە، هەر لە كۆبوونەوەكەدا باس لەوە كرا كە پێویستە سوپای عێراق بە هەماهەنگیی هێزەكانی پێشمەرگە پارێزگای مووسڵ لە چەكدارانی داعش پاك بكاتەوە، ئەمەیش تەنیا رای لایەنەكانی ناو كۆبوونەوەكە نەبوو، بەڵكوو رای سەرۆكوەزیرانیشە.

كەننا زیاتر گوتی: تاوتووكردنی پرسی راگەیاندنی پاری نائاسایی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە ئەستەمە، چونكە پەرلەمانتاران هەندێك لە دەرەوەن و نیسابی یاسایی ئەندامان تەواو نابێت و داواكارییەكەی حكوومەت رەت دەكرێتەوە.

ئەوەیشی خستە ڕوو كە، لە كۆبوونەوەی شەوی رابردوودا كە تا دەرنگانی شەو بەردەوام بوو، باس لەو داواكارییەی حكوومەت نەكرا، بەڵام بە هۆی  كەمیی كاتەوە داواكارییەكە جێبەجێ ناكرێت.

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار