٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

عەبدوڵڵا گوول لەبارەی دۆخی مووسڵەوە: پێشتر گوتبووم کە رووداوی سەرسوڕهێنەر ڕوو دەدەن

سەرچاوە: KDP.info

ئانكارا- KDP.info- سەرۆككۆماری توركیا لە بارەی رەوش و پێشهاتەكانی مووسڵەوە گوتی: ئێمە وەكو توركیا چاودێریی رووداو و پێشهاتەكان دەكەین و ئەوەی لە مووسڵیش روو دەدات، جێگەی قبووڵكردن نییە.

سەرۆككۆماری توركیا عەبدوڵڵا گوول، لە میانی رێوەڕەسمی بەخشینی خەڵاتەكانی سەرۆككۆماری لە ئانكارا، گوتەیەكی پێشكەش كرد و باسی رووداو و پێشهاتەكانی ئەم دواییەی مووسڵی كرد.

عەبدوڵڵا گوول گوتی: لە راستیدا ئەو رەوش و رووداوانە کتوپڕ نین، من ساڵی رابردوو لەو بارەیەوە ئاماژەم بەوە كردبوو كە بارودۆخەكە هەستیارە و رەنگە رووداوی سەرسووڕهێنەر روو بدەن.

گوول گوتیشی لە میانی گوتارێكدا لە پەرلەمان من باسی ئەوەم كردبوو كە نابێ دەوڵەتانی ناوچەكە دەرفەت بە دروستبوونی هیچ جۆرە بۆشاییەك بدەن، چونكە ئەگەر لە ناوچەكەدا بۆشایی دروست ببێت، ئەوا چەند كەس و لایەنێك هەوڵ بۆ گرێدانی ئەفغانستان و بەحری رەش دەدەن و ئەو بۆشاییە پڕ دەكەنەوە و دواجار كەس ناتوانێ ئەو ناوچەیە خاوێن بكاتەوە.

گوول ئاماژەی بەوە دا كە هەر چەند پەیوەندیی نێوان توركیا و عێراق لە ئاستی خوازراودا نییە، بەڵام لە بواری پاراستنی یەكپارچەیی خاكی توركیادا توركیا سوورە لە سەر پاراستنی یەكپارچەیی خاكی ئەو وڵاتە و نابێ هیچ كەس و لایەنێك دەرفەت بە دروستبوونی پێكهاتەیەكی دیفاكتۆ لە ناوچەكەدا بدات و بۆ ئەو مەبەستە لایەنە پەیوەندیدارەكانی توركیا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و هاوپەیمانان، لە ئەنجامدانی كۆڕ و كۆبوونەوەی راوێژكاری بەردەوامن.

هیوا ئەردەلان

هەواڵی پەیوەندیدار