کۆنسووڵخانەی تورکیا و دیپلۆماتکارانی لەژێر دەستی داعشدان

مووسڵ-تایبەت بە KDP.info- دوو سەرچاوە لە حکوومەتی تورکیا ڕایانگەیاند کە، چەکدارە تونڕۆکانی داعش دەستیان بەسەر کۆنسووڵخانەی تورکیا لە مووسڵدا گرتووە و هەوڵەکانی حکوومەتەکەیشیان بۆ گەرەنتیی سەلامەتیی گیانی دیپلۆماتکارانی بەردەوامە.
دوو سەرچاوە لە حکوومەتی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە بە ئاژانسی هەواڵێ ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، دوێنێ سێشەممە، چەکدارانی توندڕۆی داعش، دەستیان بەسەر کۆنسووڵخانەی وڵاتەکەیان لە مووسڵدا گرتووە و حکوومەتی وڵاتەکەیشیان بۆ پاراستنی سەلامەتیی گیانی تیمی دیپلۆماتکارانیان کە لە نێو باڵاخانەی کۆنسووڵخانەکەدا گیریان خواردووە، هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە.
هاوکات سەرچاوەیەک لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی تورکیاوە ڕایگەیاندووە کە 48 لە نێو کۆنسووڵخانەکەدا بوون کە سەرکۆنسووڵ لە نیو دیپلۆماتکاراندا هەیە و ئەوانی دی سێیان منداڵن و هەندێکیش پاسەوانی کۆنسووڵخانەکەن.
دوێنێ سێشەممە، چەکدارانی سوننەی سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام(داعش) کە گرووپێکی جیابووەوەی ڕێکخراوی توندڕۆی قاعیدەیە، بە تەواوی دووەم گەورەترین شاری عێراق(مووسڵ)-ی داگیر کرد و شکستی بە هێزەکانی سوپای عێراق برد.




