٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ڕاپۆرتەكان زانیاریی ناڕاستیان تێدا بووە.. ئەسیل نوجێفی: مالیكی گوێی لە ئێمە نەگرت و پشتی بە ڕاپۆرتی گەورەئەفسەران بەست

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر - KDP.info-پارێزگاری مووسڵ وردەكاری و دواگۆڕانكاریییە ئەمنییەكانی شارەكە دەخاتە ڕوو و ڕایدەگەیەنێت، بە هاوكاریی هەرێمی كوردستان هەوڵ دەدەن داهاتوویەكی باش و ئارام بۆ مووسڵ بگەڕێننەوە. سوپاسی سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانییش دەكات بۆ هاوكارییەكانیان.

پارێزگاری مووسڵ ئەسیل نوجێفی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا لە شاری هەولێر، باسی ڕەوشی ئەمنیی شارەكە دەكات و دەڵێت: "داوا دەكەین باری ئاسایی شاری مووسڵ وەك خۆی لێ بكرێتەوە و ئارامی بۆ ئەو شارە بگەڕێتەوە و كارمەندان بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان، هاوكات بنكەیەك بۆ بەڕێوەبردنەوەی ئەو شارە دروست بكرێت كە خۆی لە ڕاپەڕاندنی كاری ئیداریدا ببینێتەوە." گوتیشی: "پێم وایە مووسڵ دەتوانێت دووبارە لەسەر پێی خۆی بوەستێتەوە و بە هاوكاریی هەرێمی كوردستان هەوڵ دەدەین داهاتوویەكی باش و ئارام بۆ مووسڵ بگەڕێنینەوە".

دەربارەی دزین و دەستبەسەراگرتنی سەرجەم پارەی بانكەكانی مووسڵ، نوجێفی ئەوەی خستە ڕوو كە ئاگاداری قەبارەی ئەو پارەیە نییە كە لە بانكەكان دزراوە، بەڵام زیانێكی زۆر بە دامەزراوە حكوومییەكان و كۆمپانیاكان گەیشتووە، بۆیە دەبێت بانكی ناوەندیی عێراق بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەدا بكات، ئێمەیش بەپێی توانا هەوڵ دەدەین ئەو پارە بگەڕێنینەوە بۆ بۆ بانكی مووسڵ. گوتیشی: "ئێمە دوای ڕووداوەكە بە خێرایی پەیوەندیمان بە حكوومەتی ناوەندییەوە كردووە، لە كاتێكدا پێش دەستبەسەرداگرتنی مووسڵ ئەو پەیوەندییەمان هەبوو، بەڵام بە داخەوە سەرۆكوەزیرانی عێراق نووری مالیكی گوێی لە ئێمە نەگرت و پشتی بە ڕاپۆرتی گەورەئەفسەرانی عێراق و فەرماندەی هێزە چەكدارەكان بەست كە سەرجەم ڕاپۆرتەكان زانیاریی ناڕاستیان تێدا بوو، بۆیە مالیكی هێشتا باوەڕی بە ئێمە نەدەكرد تا چەند كاتژمێرێك پێش كۆنتڕۆڵكردنی مووسڵ زانییان چۆن زانیاریی ناڕاستیان بە یەكتری داوە".

ئەو هەروەها دەشڵێت: "ئێمە دوای ئاڵۆزیی باری ئەمنیی مووسڵ پەیوەندیمان بە هەرێمی كوردستانەوە كرد بۆ ئەوەی هێز بهێنرێتە مووسڵ، بەڵام ئەوان بە ئێمەیان ڕاگەیاند كە ڕێككەوتنی ئەمنییان لەگەڵ بەغدا واژۆ كردووە، بۆیە بۆ ناردنی هێز دەبێت لە ژێر چەترێكی یاساییدا ئەو هەنگاوە بنرێت، دواتر ئەوە 3 ڕۆژە دۆخی مووسڵ بەو شێوەیەی لێهاتووە، مالیكی ڕەزامەندی نیشان نەداوە، لە كاتێكدا ئەو گەورەئەفسەرانەی عێراق لە مووسڵ بوون نەیاندەوێرا ئەو ڕاستییەی مووسڵ بە سەرۆكوەزیرانی عێراق بڵێن و ئەویان وا تێگەیاندبوو كە دەتوانن ڕووبەڕووی تیرۆر ببنەوە".

گوتیشی: "دوای ڕووداوەكە پەیوەندیم بە سەرۆك مەسعوود بارزانی و نێچیرڤان بارزانییەوە كردووە، ئامادەی هەموو هاوكارییەك بوون بۆ لێقەوماوانی شاری مووسڵ و حكوومەتی هەرێمیش ئەوەی خستە ڕوو كە مالیكی لە ڕوانگەی لوتبەرزییەوە نەیویست پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە بكات و داوای هاوكاری بكات".

ئەسیل نوجێفی لە كۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەكەدا ڕایگەیاند كە هەریەكە لە عەلی غێدان و مەهدی غەواد و عەلی موحسین سەرپەرشتیی هێزە ئەمنییەكانیان كردووە لە مووسڵ، بۆیە سەرجەمیان و ئەوانەش ناوم نەهێناون كەمتەرخەم بوون لە كارەكانیان و دەبێت بدرێنە دادگای سەربازی، چونكە ئەوان چەند كاتژمێرێك پێش كۆنتڕۆڵكردنی مووسڵ ڕایان كرد وێڕای ئەوەی پێشووتر داوامان كردبوو كە هاووڵاتیان پڕچەك بكەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، بەڵام گوێیان بە داواكەش نەدا لە هەمان كاتدا چەكی قورس و زێرپۆش و مووشەكی دوورهاوێژیان بەجێ هێشت كە كەوتە دەست داعشەوە.

ڕوونیشی كردەوە: "سوپاسی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق دەكەم بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی خێرا هاتنە سەر خەت بۆ هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ ئێمە بۆ هاوكاریكردنی لێقەوماوان، دەوڵەتی توركیایش بە هەمان شێوە لە ڕێگای سەرۆكوەزیرانی خۆیەوە ئامادەیی دەربڕی بۆ هاوكاریكردنی لێقەماوان، هەروەها ڕێكخراوی UNـیش ڕەزامەندیی هاوكارییان نیشان دا".

ئەسیل نوجێفی ئاماژەیشی دا: "هەست دەكرێت لایەنێك هاوكاریی داعش دەكات، بەڵام لە ئێستادا ناوی هیچ لایەنێك ناهێنین، چونكە ئەوەی دیارە لە ڕاگەیاندن و شێوەی بەڕێوەبردنی هێرشەكەیان جۆرێك لە ئامادەكاریی پێوە دیار بووە".

نوجێفی ئەوەیشی ڕوون كردەوە كە هەموو هێزەكە داعش نەبوون، بەڵكو كۆمەڵێك گرووپی بچووك و چەكداری بەرهەڵستكار لەگەڵیان هاوكار بوون.

دەربارەی ئەوەی كە ناوبراو فەرمانی داوە بۆ كشانەوەی هێزەكانی عێراق، ئەسیل نوجێفی دەڵێت: "من فەرمانم بە كشانەوەی هێزەكانی عێراق نەكردووە، بۆیە من لە دوێنێ ئێوارەوە هاتوومەتە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی گفتوگۆ بكەم و چاویشم بە كۆمەڵێك لە ڕێكخراوەكان بكەوێت وێڕای ئەوەی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیشم بینیوە، سبەی ئێوارەیش دەگەڕێمەوە بۆ دەوروبەری شاری مووسڵ".

هاوكات نوجێفی گوتیشی: "لە تلكێف لەگەڵ جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ و ئیدارەی دهۆك كۆ بووینەتەوە بۆ ئەوەی هاوكاری و هەماهەنگیمان هەبێت بۆ ئاوارەكانی مووسڵ، لە كاتێكدا سەرجەم ئیدارەی مووسڵ ئێستا لە شاری دهۆكن".

ڕاشیگەیاند كە سەرەتا هەڵاتنی خەڵك لە مووسڵەوە بۆ هەولێر و دهۆك زۆر بوو، چونكە لە بۆردوومانی سوپای عێراق دەترسان، بۆیە پێشبینی دەكەین ڕەوشەكە بگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی لە كاتێدا ئەوەیش زەمینەی دەوێت، چونكە پڕۆژەی ئاوری مووسڵ كەوتووەتە دەست داعش كە ئاوی 800 هەزار كەس دابین دەكات، خەڵكیش لەو هەنگاوەی داعش دەترسن كە بە پشتوانیی خوا ئەو پڕۆژەیە دەگەڕێتەوە دەست ئیدارەی شارەكە.

ئاماژەی بەوەیش دا كە ناكرێت 3 هەزار چەكداری داعش شارێكی 3 ملیۆن كەسی بەڕێوە ببەن، ئەوەیش كە بەسەر شارەكەدا هات، شڵەژانێكی دەروونی بوو.

دەربارەی هەڵوێستی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەسیل نوجێفی گوتی: "هەڵوێستی سەرۆك بارزانی برایانە بوو، لە هەمان كاتدا پەیامێكی ڕاستەقینە بوو و لە سەرەتای كێشەكەوە ئەوان زیاتر لەسەر خەت بوون لەگەڵمان تا حكوومەتی بەغدا، بۆیە لێرە بە دواوە دەبێت سیستەمێكی جیاوازی ئابووری، سیاسی، سەربازی و ئەمنی لە نێوان ئێمە و هەرێمدا هەبێت بۆ هاوكاری و هەماهەنگیی زیاتر".

گوتیشی: "هاتنی داعش لە ڕێگای سووریاوە بووە و دەیانەوێت ڕێگەی عێراق_ سووریا بكەنە ڕێڕەوی خۆیان ".

لە كۆتایی كۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەكەدا نوجێفی داوای كرد ستراتیژی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لەلایەن بەغداوە بگۆڕدرێت، چونكە بەم سیستەمە هیچ بەرەوپێشچوونێك نابینرێت.

كارزان هەورامی

 

هەواڵی پەیوەندیدار