كۆنتڕۆڵی سێ پارێزگای لە دەست داوە.. داوا دەكرێت بە زوویی حكوومەتی عێراق بێتە سەر خەت

هەولێر- KDP.info-بەرپرسێكی توركمانی لە كەركووك ئاماژە بە ڕەوشی ئەمنیی عێراق دەدات و دەڵێت: "پێویستە هەرچی زووە حكوومەتی عێراق هەوڵەكان بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە بخاتە ڕوو".
سەرۆكی پارتی وەتەنی توركمان لە شاری كەركووك جەمال شان، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoگوتی: "داوا لە حكوومەتی عێراق دەكەین بە زوویی بێتە سەر خەت، چونكە بارودۆخی عێراق لە حاڵەتێكی نائاسایی و شەڕ و توندوتیژیدایە، ئێستا حكوومەت كۆنتڕۆڵی ئەمنیی سێ پارێزگای لە دەست داوە ".
گوتیشی: "یەكێك لە رێگەچارە خێراكان ئەوەیە كە ڕێككەوتنی سیاسیی لە نێوان لایەنەكاندا بكرێت و حكوومەت بە شێوەیەكی خێرا بێتە سەر خەت بۆ ئەوەی ڕێككەوتن لەگەڵ عەشایەرەكانی مووسڵ و لایەنە سیاسییەكانیشدا بكات، ئینجا دواتر دەست بە هەڵمەتی سەربازی بۆ سەر ئەو گرووپانە بكرێت كە بوونەتە مایەی تێكدانی ڕەوشی ناوچەكە".
شان ئەوەیشی خستە ڕوو كە درێژەكێشانی ڕەوشی عێراق بەم شێوەیە، كار دەكاتە سەر تەواوی پرۆسەی ئەمنی لە وڵات و مەترسی لەدەستچوونی كۆنتڕۆڵی ئەمنی دەكرێت.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ داعش هێرشی كردە سەر بەشێك لە گوندەكان و شارۆچكە و شارەدێكانی كەركووك و لە شارەدێی "ڕەشاد" شەڕ لە نێوان هێزی سوپای عێراق و داعشدا ڕووی دا.
كارزان هەورامی




