وەزیری بەرگریی توركیا: لە دروستكردنی بنكەی نوێ سەربازی بەردەوام دەبین

ئانکارا-KDP.info- وەزیری بەرگریی توركیا رایگەیاند كە، حكوومەتی ئەو وڵاتە بەردەوام دەبێت لە سەر دروستكردنی بنكەی نوێی سەربازی.
وەزیری بەرگریی توركیا، عیسمەت یڵماز لە میانی گوتارێك كە لە پەرلەمانیئەو وڵاتە لە بارەی رووداوەكانی لیجەوە پێشكەشی كرد گوتی: "چەند كەس و لایەنێك هۆكاری رووداوەكانی لیجە بۆ دروستكردنی بنكە سەربازییە نوێیەكان لەلایەن حكوومەتی توركیاوە دەگەڕێننەوە و، ئەمە راست نییە، چونكە هۆكاری سەرەكیی ئەو رووداوانە تێكدانی قۆناخی چارەسەریی پرسی كوردە."
یڵماز هەروەها گوتی: "مەبەست لە دروستكردنی بنەكەی نوێ سەربازی، پاراستنی ئەمن و ئاساییشی وڵاتە و هیچ كەس و لایەنێكیش بۆی نییە لەو بوارەدا رێگا نیشانی توركیا بدات، چونكە توركیا زۆر بە باشی دەزانێت چۆن ئاساییش و ئەمنیەتی خۆی بپارێزێت."
یڵماز گوتیشی: "حكوومەتی توركیا بەردەوام دەبێت لە سەر دروستكردنی بنكەی نوێ سەربازی."
جێگای ئاماژە پێكردنە كە سەرۆكی زیندانیکراوی پەكەكە، عەبدوڵلا ئوجەلانیش لە میانی دیداری ئەم هەفتەیەیدا لەگەڵ شاندی هەپەدە رایگەیاندووە كە، هۆكاری رووداوەكانی لیجە دروستكردنی بنكە سەربازییەكانی توركیایە و بۆ كۆتاییهێنان بەو رووداوانە دەبێت پڕۆسەی دروستكردنی بنكەی سەربازی رابگیردرێت.
هیوا ئەردەلان




