٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

هەرێم بە تەنیا لە توانایدا نییە هاوكاریی ئاوارەكانی مووسڵ بكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- KDP.info- جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم ڕایگەیاند، تایبەت بە رەوشی ئاوارەكانی مووسڵ سبەی لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و ئاژانسەكانی نێودەوڵەتی كۆ دەبنەوە. دەشڵێت: حكوومەتی هەرێم ئابڵووقەی ئابووری لەلایەن بەغداوە لەسەرە و بە تەنیا لە توانایدا نییە لە رووی داراییەوە هاوكاریی ئاوارەكانی مووسڵ بكات.

 جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان د. دیندار زێباری، لە لێداونێكی تایبەتدا بۆ kdp.infoگوتی: داوای كۆبوونەوەیەكی بەپەلە و خێرامان لەگەڵ هەموو لایەنە نێودەوڵەتییەكان كردووە بۆ ئەوەی بتوانین بە زووترین كات ئەو لایەنە نێودەوڵەتیانە بێنینە سەر خەت و هاوكارییەكانیان بگەیەننە خەڵكی ئاوارەبووی شاری مووسڵ و هاوكارییەكەش جیددی و خێرا و پێكەوە بێت، چونكە ئەوەیان وەكو بارودۆخی ئاوارەكانی رۆژئاوا نییە و ئێستا لە كوردستان كێشەی نەبوونی بودجە و دواكەوتنی مووچە هەیە.

زێباری گوتیشی: هاوكارییەكانی حكوومەتی هەرێم لە ئێستادا سنووردارە، چونكە ئابڵووقەی ئابووریی لەسەرە لەلایەن بەغداوە، بۆیە چاوەڕوانیی ئێمە زیاتر لە لایەنی نێودەوڵەتییە، لەبەر ئەوەی لە هەرێم زیاتر لە نیو ملیۆن ئاوارەی ناوخۆ و پەنابەر هەیە، ئەوانەی كە لە وڵاتەكانی سووریا و توركیا و ئێرانەوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون، ئاوارەی ناوخۆیش ئەوانەن كە لە ئەنبار و پارێزگاكانی تر عێراق لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا هاتوونەتە هەرێم، ئەو رێژە زۆرە و ئەو دۆخەی لە مووسڵیش رووی داوە، وای كردووە لە توانای حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا نەبێت لە رووی داراییەوە ئەو هاوكارییەیان بە بەردەوامی پێشكەش بكات.

جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە ڕوونیشی كردەوە: یوئێن لە دیراسەكردنی دۆخی مووسڵدایە بۆ ئەوەی راپۆرتی خۆی پێشكەش بكات و لێدوانی خۆی لەسەر بدات، نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانیش لە بەغدا لەسەر خەتە لەگەڵ ئوفیسی هەولێر و نیۆركیش، كێشەكەیش تەنیا مرۆڤی نییە، بیڵكوو سیاسی و ئەمنی و هەمەلایەنەیە و یوئێن هەڵوێستی خۆی هەیە، ئەویش ئەوەیە هاتووەتە سەر خەت بۆ ئەوەی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بتوانێت رێوشوێنی پێویست بگرنە بەر تا ئەو ئاوارانە پێشوازییان لێ بكرێت، بەڵام لەسەر ئاستی سیاسی پێشبینی دەكەم یوئێن بەم زووانە لێدوان و هەڵوێستی خۆی لەسەر ئەم بابەتە دەبێت.

 

هەواڵی پەیوەندیدار