سوپا مووسڵی رادەستی داعش کرد... ئەنجوومەنی پارێزگا: بەغدا بێهەڵوێستە

مووسڵ-تایبەت بە KDP.info- ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ ئاشکرای کرد کە، لە دوێنێوە سەرکردەکانی سوپای عێراق ھەڵاتوون و بەپێی پلانێکیش موسڵیان رادەستی داعش کرد. گوتیشی، هێشتا حکوومەتی بەغدا بێھەڵوێستە، چونکە هەنگاوی کردەنی نەناوە.
ئەندامی لیژنەی ئاسایش وبەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ،غەزوان حامد،بۆkdp.info گوتی:"هێشتا لای راست و چەپی شاری مووسڵ لە دەستی داعشدایە و کۆی جومگە سەرەکییەکانیان داگیر کردووە و لە ئێستایشدا بە ھەزاران خەڵک ئاوارەی دەوروبەری مووسڵ دەبن."
غەزوان حامد گوتیشی: "چەکدارانی داعش دەستیان بەسەر بینای پارێزگا و ئەنجومەن و فڕگە و بانکەکان و ھەموو دامودەستگاکاندا گرتووە و سەرجەم ئەو بەربەستانەی لەناو شەقامەکان دنرابوون لایان بردوون و تێکیان شکاندوون."
حامد بە نیگەرانییەوە رایگەیاند، "دوێنێ سەرکردەکانی سوپای عێراق باسیان لەوە دەکرد لە ماوەی سەعاتێکدا داعش لە مووسڵ وەدەر دەنێن، بەڵام بە پێچەوانەوە تەنیا لە سەعاتێکدا و بە پلانێک مووسڵیان ڕادەستی داعش کرد و ھەردوێنێیش هەرچیی سەرکردەی سەربازی هەیە ڕایکرد."
ئەوئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری زیاتر گوتی: "ئەگەرچی نووری مالیکی رایگەیاندووە ئەگەر تا 48سەعاتی داھاتوو داعش مووسڵ چۆڵ نەکات، ھێرش دەکەن و بۆردومانی ئەو شارە دەکەن، بەڵام هێشتا حکوومەتی بەغدا بێھەڵوێستە، چونکە هەنگاوی کردەنی نەناوە."
بڵند ئیبراھیم




