دوو سەرباز و ئەفسەرێكی سوپای توركیا بە هۆی بێدەنگی لە بەرامبەر دابەزاندنی ئاڵای توركیادا دەركران

ئانكارا - kdp.info-سەرۆكی ئەركانی سوپای توركیا بڵاوی كردەوە، دوو سەرباز و ئەفسەرێكی سوپا بە هۆی بێدەنگبوون لە كاتی دابەزاندنی ئاڵای توركیادا، لە سوپا دەر كراون.
سەرۆكایەتی ئەركانی سوپای توركیا لە بارەی دابەزاندنی ئاڵای توركیا لە سەر ناوەندێكی هێزی ئاسمانی لە ناوچەی لیجە، رایگەیاند كە دابەزاندنی ئاڵای توركیا هێرشكردنە سەر توركیایە، چونكە ئەو ئاڵایە سیمبۆلی هەموو پێكهاتەكانی توركیایە و بۆ ئەوەی ئەو كەسانەی ئاڵاكەیان دابەزاندووە و ئەو كەسانەی هانی خەڵكیان بۆ دابەزاندنی ئاڵا داوە و هەروەها ئەو سەربازانەی لە بەرامبەر دابەزاندنی ئاڵاكەدا بێدەنگ بوونە بە بێ سزا نەمێنن، بە چاودێریی سەرۆكی ئەركانی سوپا لێكۆڵینەوەیەكی بەرفراوان دەستی پێ كراوە.
سەرۆكایەتیی ئەركانی سوپای توركیا لە بەشێكی دیكەی راگەیەنراوەكەدا جەختی لەوە كردووەتەوە كە لێكۆڵینەوەكان سەرەتا لە نێو بنكەی هێزە ئاسمانییەكانی سوپادا دەستیان پێ كردووە و لە چوارچێوەی ئەو لێكۆڵینەوانەدا دوو سەرباز و ئەفسەرێك كە بەرپرسیاری ئەمنییەتی دەرەكیی بنكەكە بوونە، بە هۆی ئەوەی لە كاتی دابەزاندنی ئاڵاكە بێدەنگ بوونە و تەنیا سەیری دابەزاندنی ئاڵاكەیان كردووە، بە یەكجاری لە سوپا دەر كراون.
هیوا ئەردەلان




