٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

مەترسی لەسەر سەڵاحەددینیش هەیە.. ئوسامە نوجێفی: بارزانی ئامادەیی بۆ هەموو هاوكارییەكی سەربازی و مرۆیی دەربڕیوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر - KDP.info- ئوسامە نوجێفی ڕایگەیاند کە، بۆ بەهاناوەچوونی ئەو ڕەوشەی ئێستا مووسڵی تێدایە (سەرۆك بارزانی) ئامادەیی بۆ هەموو هاوكارییەكی سەربازی و مرۆیی دەربڕیوە. گوتیشی، فڕۆكەخانەی مووسڵ و فڕۆكەی جەنگی و چەكی قورس لەلایەن داعشەوە دەستیان بەسەردا گیراوە كە ئەوە زۆر مەترسیدارە. ئەو دەشڵێت، ئەم پیلانە بە هاوكاریی وڵاتانی دەرەوە جێبەجێ دەكرێت.

سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئوسامە نوجێفی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند كە هێشتا پەیوەندی بە سەرۆكوەزیرانی عێراق نووری مالیكییەوە نەكردووە و گوتی: "پەیوەندیم بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)ـیەوە كردووە بۆ هاوكاریكردنی ئەو ڕەوشەی ئێستا مووسڵی تێدایە و سەرۆكی هەرێمیش ئامادەیی خۆی بۆ هەر هاوكارییەكی سەربازی و مرۆیی دەربڕیوە كە ئەوەیش جێگای خۆشحاڵییە و گوتووشیەتی دەرگاكانمان بۆ لێقەوماوانی ڕووداوەكە كراوەیە."

نوجێفی گوتیشی: "دەبێت هەموو لایەكمان هاوكاریی یەكتری بكەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ئێستایش كاتی ئەوەیە ناكۆكییەكانمان بەلاوە بنێین، چونكە ئەم ڕەوشە تەنیا بە هێزی سەربازی چارە ناكرێت، بگرە دەبێت سیاسییەكان ڕێككەوتنیان هەبێت بۆ ڕاستكردنەوەی باری لاری سەربازی لە وڵاتدا، چونكە هەنگاوێكی سیاسیی خراپ، ئەوەندەی دیكە بارودۆخەكە خراپتر دەكات".

لەبارەی ڕەوشی شاری مووسڵەوە، نوجێفی ئاماژەی دا: "ئێستا تەواوی پارێزگاكە كەوتووەتە دەست گرووپە چەكدارەكانەوە، ڕەوشەكە مەترسیدارە و دوور نییە سەڵاحەددینیش بگرێتەوە، بۆیە پارێزگاری مووسڵ لە هەوڵ و پەیوەندیدا بووە بۆ كۆكردنەوەی سوپای عێراق لە شوێنە جیاوازەكان بۆ دروستكردنی پشتێنەی ئەمنی كە ئەو ڕەوشە تەواو پەرە نەسێنێت، بەڵام هەوڵەكان بێئەنجام بوون، چونكە بەشێك لە سەركردەكانی سوپا ڕایان كردووە و كۆنتڕۆڵی دۆخەكەیان پێ نەكراوە ئیتر ئەوە باری دەروونیی سوپای شكاندووە و هێزەكانی عێراق چەكەكانیان لەسەر شەقامەكان فڕێ داوە."

نوجێفی ئەوەیشی خستە ڕوو كە فڕۆكەخانەی مووسڵ و فڕۆكەی جەنگی و چەكی قورس لەلایەن داعشەوە دەستیان بەسەردا گیراوە كە ئەوە زۆر مەترسیدارە، بۆیە دەبێت بە شێوەیەكی خێرا ئەمنییەتی ئەو شوێنانە بكەوێتەوە دەست سوپای عێراق.

گوتیشی: "ئێمە داوامان لە هێزی پێشمەرگە كردووە بۆ هاوكاری و هەماهەنگی، چونكە سنووری پارێزگای مووسڵ و كوردستان بەیەكەوەن و هەر مەترسییەك لەسەر مووسڵ هەبێت، بێگومان هەرێمی كوردستانیش دەخاتە مەترسییەوە، ئێستایش چاوەڕێی ئەوە دەكرێت وەڵامێكی خێرا لەسەر ڕەوشی ئەمنیی شارەكە بدرێتەوە، چونكە جیا لەوەی ئێستا ئەو پارێزگایە بە دەست داعشەوەیە، لە هەمان كاتدا سەدان هەزار كەس ئاوارە و سەرگەردان بوون."

ئەو هەروەها دەڵێت: "ئەم پیلانە بە هاوكاریی وڵاتانی دەرەوە جێبەجێ دەكرێت، بەڵام ئێستا قسەكەمان ئەوەیە ڕەوشەكە كۆنتڕۆڵ بكرێت و دواتر ئەو بابەتە بێتە باسكردن."

ئاماژەی بەوەیش دا كە پەیوەندییان بە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراقەوە كردووە بۆ ئەوەی هاوكاریی لێقەوماوانی شاری مووسڵ بكرێت، لە كاتێكدا بەردەوامیی ئەم ڕەوشە ژمارەی ئاوارەكان بەرز دەكاتەوە بۆ ئاستێك كە دواجار نەتوانرێت كۆنتڕۆڵی بارودۆخەكە بكرێت.

نوجێفی هێمای بۆ ئەوەیش كرد: "داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییەكانی عێراق دەكەم هەماهەنگ و هاوكار بن بۆ ئەوەی بە هەموو لایەكەوە ڕووبەڕووی ئەو دۆخە خراپە ئەمنییە ببینەوە، بڕیاریشە ئەمڕۆ یان سبەی سەركردە باڵاكانی عێراق كۆبوونەوەیەك لەو بارەیەوە ئەنجام بدەین بۆ دەربازبوون و چارەكردنی قەیرانەكە".

ئەوەیشی خستە ڕوو كە دەبێت لە وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە كۆمەڵێك ئەفسەر و سەربازی زیرەك بهێنرێنە مووسڵ و شوێنی فەوجە هەڵاتووەكان پڕ بكەنەوە، ئەوەش كارێكە دەبێت بە خێرایی ئەنجام بدرێت، چونكە دۆخەكە لەوە زیاتر هەڵناگرێت.

گوتیشی: "دەبێت حكوومەتی عێراق و دامەزراوە سەربازییەكان لەوە تێبگەن كە ئەوەی ئەمڕۆ لە مووسڵ ڕوو دەدات، سبەی لە پارێزگایەكی دیكە ڕوو دەداتەوە، كەواتە مەترسییەكی گەورە لەسەر عێراق هەیە و دەبێت بە خێرایی چارە بكرێت".

لە كۆتاییدا سوپاسی هەرێمی كوردستان و سەرۆك بارزانی كرد بەوەی ئامادەییان دەربڕیوە بۆ هەموو هاوكارییەك بۆ لێقەوماوانی ڕووداوەكەی مووسڵ.

كارزان هەورامی

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار