شەڕ لە مووسڵ بەردەوامە.. هێزێكی سوپای عێراق لە باشوورەوە جوڵەی پێ كراوە
__2014_06_10_h0m4s21__BA.jpg)
هەولێر- KDP.info-شەڕ لە نێوان سوپای داعش و هێزەكانی عێراق لە مووسڵ بەردەوامی هەیە و ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش دەڵێت "جوڵە بەهێز كراوە".
كەمێك پێش ئێستا نەخۆشخانەی گشتیی شاری مووسڵ لەلایەن داعشەوە كۆنترۆڵ كراوە و بەشێكی گەڕەكەكانی نزیك نەخۆشخانەی گشتیی كەوتوونەتە ژێر دەستی داعش. حەسەن جیهاد ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە لێژنەی ئەمن و بەرگری بۆ KDP.infoگوتی: "لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە هەواڵ بڵاو كراوەتەوە كە نەخۆشخانەی گشتی وەرگیراوەتەوە، بەڵام تائێستا شەڕەكە بەردەوامە و هەردوولا پێشڕەوی بە هێزەکانیان دەكەن".
بەپێی زانیارییەکانی KDP.infoهێزەکانی داعش لە جومگە سەرەکییەکانی شاری مووسڵ نزیک بووەتەوە و بێجگە لە نەخۆشخانەی گشتیی ئەو شارە، هاوکات لە هەوڵی داگیرکردنی باڵاخانەی پارێزگاکەیشدان و تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، شەڕ لە دەورووبەری باڵاخانەی پارێزگا هەیە و دوور نابینرێت بکەوێتە دەست هێزەکانی داعشەوە.
جیهاد دەڵێت: "ئێستا حكوومەت دەزانێت شەڕەكە بەهێزە، سوپای لە شوێنەكانی دیكەوە جوڵاندووە بۆ مووسڵ."
کارزان هەورامی




