٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەردۆغان: ئەوەی ئاڵای توركیا دابەزێنێت ڕووبەڕووی توندترین سزا دەبێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ئانکارا-KDP.info-  سەرۆكوەزیرانی توركیا، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان رایگەیاند، ئەو كەسەی ئاڵای توركیا دابەزێنێت، هەر كێیەک بێت ڕووبەڕووی توندترین سزا و توندترین هەڵوێست دەبێتەوە.

دوای ئەوەی دوێنێ لە ناوچەی لیجەی سەر بە دیاربەكردا چەند گەنجێكی خۆپێشاندەر ئاڵای توركیایان لە سەر ناوەندێكی هێزی ئاسمانیی توركیا دابەزاند، ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆكوەزیرانی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە لێدوانێكدا رایگەیاند كە دابەزاندنی ئاڵای توركیا لە سەر بنكەی هێزی ئاسمانیی توركیا لە نێو سنوورەكانی توركیادا كارێكی زۆر مەترسیدارە و قابیلی قبووڵ نییە.

ئەردۆغان گوتی: "ئەوەی ئاڵای توركیا دابەزێنێت كێ دەبێت با بێت، رووبەرووی توندترین سزا و توندترین هەڵوێست دەبێتەوە و دەوڵەتی توركیا بە هیچ شێوەیەك چاوپۆشی لەو جۆرە کردەوانە ناكات، چونكە توركیا یەك پارچە و یەك ئاڵای هەیە و ئەو ئاڵایە بەهای هاوبەشی هەموو پێكهاتەكانی توركیایە."

ئەردۆغان گوتیشی "ئەو سەرباز و فەرماندانەیشی كە لە بەرامبەر دابەزاندنی ئاڵای توركیا بێدەنگ بوونە رووبەرووی سزایەكی توند دەكرێنەوە."

هەر لە بارەی دابەزاندنی ئاڵای توركیاوە سەرۆك ئەركانی سوپای توركیا رایگەیاند كە بۆ ئەوەی ئەو كەسانەی ئاڵاكەیان دابەزاندووە بەبێ سزا نەمێنن دەست بە لێكۆڵینەوە كراوە دوای دەستنیشانكردنی ئەو كەسانەی ئەو كارەیان كردووە، ئەوا رێوەشوێنی پێویستی یاسایی لە بەرامبەریان دەگیرێتە بەر.

جێگای ئاماژەیە دوێنێ یەكشەممە لە میانی خۆپێشاندانەكاندا لە ناوچەی لیجە، دوو گەنج ئاڵای توركیایان لە سەر ناوەندێكی هێزی ئاسمانیی ئەو وڵاتە دابەزاندبوو.

هیوا ئەردەلان

هەواڵی پەیوەندیدار