ڕۆحانی: ئێران و تورکیا لە "شەڕی دژەتیرۆر" ھەماھەنگییان دەبێت

ئانکارا-KDP.info- لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشدا، سەرۆککۆماری ئێران حەسەن رۆحانی،ڕایگەیاند کە، ئێران و تورکیا وەک دوو وڵاتی گرینگی ئیسلامی و ناوچەکە، لە بواری "شەڕی دژەتیرۆر و شەڕی دژەتوندوتیژی" سوورن لەسەر ھاوکاری و ھەماھەنگیی نێوانیان و بەوپەڕی ھێز و توانای خۆیانەوە ھەوڵ بۆ ناساندنی "ئیسلامی راستەقینە" بە جیھان دەدەن.
سەرۆککۆماری تورکیا عەبدولڵا گول و سەرۆککۆماری ئێران حەسەن رۆحانی، لە ئانکارای پایتەختی توركیا دوای دیدارێکی دووقۆڵی نێوان شاندی ئێرانی و تورکیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشدا باسیان لە گرینگی ئەو سەردانە و پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئێران کرد.
لە سەرەتای کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رۆحانی گوتی: "ھەردوولا بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندییەکان ھەنگاوی زۆر گرینگمان ناوە، ئەو پەیوەندییانە بۆ پێشکەوتنی ھەردوو وڵاتی دۆست و دراوسێ زۆر گرینگن و ھەردوولا ئیرادەی بەرفراوانترکردن و بەھێزترکردنی ئەو پەیوەندییانەیان نیشان داوە و تورکیا بەھۆی جوگرافیایەکەیەوە بۆ ئێران وڵاتێکی دراوسێی زۆر گرینگە."
رۆحانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "لە دیداری دووقۆڵی و دیدارەکانی نێوان شاندی تورکی و ئێرانیدا، بڕیار دراوە رێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابوریی نێوان تورکیا و ئێران بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو زیاتر بکرێ، بۆ ئەو مەبەستەش لە چوارچێوەی رێککەوتنەکانی پێشووتردا بڕیاردراوە رێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەردوولا بۆ 30 ملیار دۆلار بەرز بکرێتەوە."
گوتیشی: "لە چوارچێوەی رێککەوتنی شەمەندەفەردا کە ئیمزا کراوە، کەنداوی فارس و دەریای عەممان بە دەریای رەش و دەریای سپی دەبەسترێنەوە، بەرفراوانتربوون و بەھێزبوونی پەیوەندیی نێوان تورکیا و ئێران نەک تەنیا بۆ ھەردوولا، بەڵکو بۆ ناوچەکە بە گشتی سوودی دەبێ."
رۆحانی بەو جۆرە درێژەی بە قسەکانیدا: "ھەردوولا لەسەر سەرمایەگوزاری و سەرمایەدارانی تورکیا لە ئێران و سەرمایەگوزاری و سەرمایەدارانی ئێران لە تورکیا رێککەوتوونە، ئاواتەخوازم لە کۆبوونەوەی سبەینێ کە بڕیارە لەگەڵ خاوەنکار و سەرمایەدارانی ھەردوولادا ئەنجامی دەدەین، بتوانین ھەنگاوێکی دیکەی گرنگ بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی تایبەت و بوژانەوەی ئەو کەرتە بنێین."
سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران و تورکیا وەک دوو وڵاتی گرینگی ئیسلامی و ناوچەکە، لە بواری "شەڕی دژەتیرۆر و شەڕی دژەتوندوتیژی" سوورن لەسەر ھاوکاری و ھەماھەنگیی نێوانیان و بەوپەڕی ھێز و توانای خۆیانەوە ھەوڵ بۆ ناساندنی "ئیسلامی راستەقینە" بە جیھان دەدەن.
باسی لەوەش کرد کە لە ناوچەکەدا تۆزێک کێشە و ئاڵۆزی ھەیە کە خزمەتی ھیچ لایەک ناکا، لەو بوارەدا تورکیا و ئێران لەسەر پەرەپێدانی ھاوکاری و ھەماھەنگیی نێوانیان بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا سوورن و ئەوەی لە دەستیان بێ درێغی لێ ناکەن.
لە بارەی پرسی بەرنامەی ئەتۆمییەوە رۆحانی گوتی: "ئێران و تورکیا لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی خاوەن بیروڕای ھاوبەشن و رێز لە مافی ھەموو وڵاتێک دەگرن کە ببنە خاوەن بەرنامەیەکی ئەتۆمی ئاشتیخوازانە، رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی بێ چەکی ئەتۆمی پڕۆژە پێشنیاری ئێرانە و تورکیاش پشتگیری لەو پڕۆژە پێشنیارە دەکا." جەختیشی کردەوە "نەک تەنیا چەکی ئەتۆمی، بەڵکو دەبێ ھیچ جۆرە چەکێکی قەدەغەکراو لە ناوچەکەماندا نەمێنێ و دەبێ ھەموو لایەک خاوەن مافی بەدەستەوەھێنانی تەکنۆلۆژیای ئاشتیخوازانە بێ. بەھۆی ھەڵوێستی تورکیا لە بەرامبەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران چ لە رابردوو و ئێستا، دەستخۆشی لە تورکیا دەکەم و هیوادارم ھەردوولا بتوانن لە بوارەکانی دیکەدا پەرە بە بیروڕا ھاوبەشەکانیان بدەن."
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایە لە دیدارەکاندا لەبارەی بارودۆخی میسر و سوریاوە گەیشتنە بیروڕایەکی ھاوبەش و لە بواری وزەدا ھیچ ھەنگاوێکی نوێتان ناوە؟ رۆحانی گوتی: "بێگۆمان سەردانی ئەمڕۆ بۆ پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و تورکیا خاڵێکی وەرچەرخانی زۆر گرینگە، رەنگە ئەمە یەکەمجار بێ کە شاندێکی ئەوتۆی ئێرانی سەردانی تورکیا بکا و یەکەمجارە کۆبوونەوەی کۆنسەی ھاوبەشی ستراتیژی ھەردوولا بە ئامادەبوونی وەزیرانی ئێرانی و تورکی ئەنجام دەدرێ، کاربەدەستانی ھەردوولا بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان ئیرادەیان نیشان داوە. لە میانی دیدارەکانماندا باسمان لە رەوشی سوریا و میسر کرد، ئەوەی بۆ ھەردوولامان گرنگە گەیشتین بە رێککەوتن بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و ئارامی لە میسر و سوریا."
لە ئانادۆڵەوە




