ئیمارات پڕۆژەیەك بۆ پشتگیریی ژنە ئاوارەكانی سووریا لە كەمپەكانی هەرێم جێبەجێ دەكات

هەولێر– KDP.info– كۆنسووڵی گشتیی ئیمارات لە هەولێر، ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان ڕایگەیاند کە، پڕۆژەیەكی هەمەلایەنەی ئابوورییان بە دەستەوەیە بۆ پشتگیریی ژنە ئاوارەكانی سووریا لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستاندا، تا لە سوود لە كات وەربگرن و لە رووی ئابوورییشەوە دەستكەوتی دارایی بۆ خۆیان و خانەوادەكانیان وەدەست بهێنن.
بە مەبەستی هاوكاری و هەماهەنگی لە نێوان ژنانی هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئیماراتی عەرەبی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان خاتوو پەخشان زەنگەنە، بە یاوەریی بەڕێوەبەری گشتی لە ئەنجوومەندا فلۆرین گۆرگیس و بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكان دلێر ئیبراهیم، سەردانی كۆنسووڵگەریی گشتیی ئیماراتیان لە هەولێر كرد و لە لایەن كۆنسووڵی گشتیی ئەو وڵاتە شێخ راشد محەممەد ئەلمەنێورییەوە پێشوازییان لێ كرا.
پەخشان زەنگەنە پوختەیەك لە مێژووی دامەرزاندن و گرنگترین كار و چالاكییەكانی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمانی خستە ڕوو، ئاماژەی بەو ئاستەنگانەیش دا كە دێنە پێش جێبەجێكردنی یاساكان و سیاسەت و ستراتیژییەتەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گەشەپێدانی رەوشی ژنان.
شێخ راشد ئامادەیی هەر هاوكارییەكی دەربڕی بۆ لەیەكنزیككردنەوەی ژنانی ئیمارات و هەرێمی كوردستان تا لە بوارە جیاجیاكاندا سوود لە ئەزموونی یەكتری وەربگرن و دەستخۆشی لە كار و چالاكییەكانی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان كرد كە لە ئاستی جیاوازدا، كاری جیددیی بۆ بەهێزكردنی رۆڵ و پێگەی ژنان كردووە.
هەروەها گوتی: ئیمارات و هەرێمی كوردستان لە زۆر ڕووەوە زەمینەیەكی هاوبەشیان هەیە و زۆر گرنگە هەردوو لا سوود لە ئەزمووونی یەكتری وەربگرن، بە تایبەتی هەردوولا لە ڕووی كلتوور و دابونەریت و زۆر شتی ترەوە لە یەكەوە نزیكن.
ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، ئێستا پڕۆژەیەكی هەمەلایەنەی ئابوورییان بە دەستەوەیە بۆ پشتگیریی ژنە ئاوارەكانی سووریا لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستاندا، لە رێگەی كردنەوەی كارگەی دروومان و كاری دەستی تا لە سوود لە كات وەربگرن و لە رووی ئابوورییشەوە دەستكەوتی دارایی بۆ خۆیان و خانەوادەكانیان وەدەست بهێنن، هەر لە نزیك ئەو كارگانەش دایەنگە و شوێنی حەوانەوەی منداڵەكانیان دابین دەكەن.
لە تەوەرێكی تری دیدارەكەدا ئاماژە بۆ تواناسازی ژنانی ئیمارات كرا لە ڕووی ئابوورییەوە و كۆنسووڵی ئیمارات بە پێویستی زانی ژنانی هەرێمی كوردستان سوود لەم ئەزموونە وەربگرن، بە تایبەتیش ئێستا چەندین ناوەندی ئابووریی گرینگی ئافرەتان لە ئیمارات هەن وەك یانەی دوبەی بۆ خانمان و چەندین كۆمەڵە و ناوەندی تری تایبەت بە ژنان.




