٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

داوا کرا، بەشداریی ژنان لە ناوەندی بڕیاردا بە رێژەی 30-40% بێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لە كۆڕبەندی هەرێمی بۆ بەشداریی ژنان لە ناوەندی بڕیاردا، ئەوە خرایە ڕوو كە بەشداریی ژنان لە هەموو كایەكانی ژیانی كۆمەڵگا بە گشتی و لە ناوەندەكانی بڕیاردا بە تایبەتی، بە پێویستییەكی قۆناخەكە دەزانرێت. داوایش کرا بەشداریكردنی ئافرەتان بە رێژەی 30-40% لە سەرجەم جومگەكانی بەڕێوەبردنی هەرێمدا، لەسەر بنەمای توانا و پسپۆڕی بێت.

ئەمڕۆ 9/6/2014 لە شاری هەولێر، لە ژێر دروشمی (ژنان پێكهاتەیەكی گرنگی گەشەپێدانی هەرێمن، ناكرێ لە ناوەندی بڕیاردا نەبن)، (بوونی ئافرەت لە كابینەی هەشتەمی حكوومەتدا بچووكترین بەڵێنە حزبەكان بە دەنگدەرانیان دابوو)، كۆڕبەندی هەرێمی سەبارەت بە پرسی بەشداریی ژنان لە ناوەندەكانی بڕیار بە بەشداریی ژمارەیەكی بەرچاو لە نوێنەرانی حزب و لایەنە سیاسییەكان و پەرلەمانتاران و كەسایەتی و نوێنەرانی دامودەزگاكانی حكوومەت و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی، بەسترا.

كۆڕبەندەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ kdp.infoناردووە، دەڵێت: لە روانگەی ئەوەی كە بە درێژایی مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان ئافرەت كاراكتەرێكی بەهێز بووە لە سەرخستنی شۆڕشە یەك لە دوای یەكەكان، بۆیە ئەم كۆڕبەندە بەشداریی ژنان لە هەموو كایەكانی ژیانی كۆمەڵگا بە گشتی و لە ناوەندەكانی بڕیار بە تایبەتی، بە پێویستییەكی قۆناخەكە دەزانێت.

ڕوونیشی دەكاتەوە: ژن وەك كاراكتەرێكی سیاسیی بەهێز رۆڵی پێشەنگی بینیوە لە سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان چ وەك دەنگدەر و چ وەك بانگەشەكارێكی دیار و بەرچاو بۆ سەرخستنی بەرنامە و پاڵێوراوانی حزب و لایەنە سیاسییەكان.

كۆڕبەندی هەرێمی بۆ بەشداریی ژنان لە ناوەندی بڕیاردا، ئەوەش دخاتە ڕوو كە وەك چۆن سەركردایەتیی حزب و لایەنە سیاسییەكان جەخت لە ئیستحقاقی ئینتخابیی خۆیان دەكەنەوە، بە هەمان شێوە ئێمەی ژنانی پارتە سیاسییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و كەسایەتی و چالاكوانی بواری مافەكانی مرۆڤ، جەخت لە ئیستحقاقی ئینتخابی بۆ ژنان دەكەینەوە.

دەشڵێت: بۆیە پێویستە لە سەرجەم جومگە و پێگەكانی دەستەڵات و ناوەندەكانی بڕیاردا، بەشداریی ژنان لە رێژەی 30% كەمتر نەبێ و لە هەمان كاتدا داو ا لە پەرلەمانی كوردستان دەكەین، هەرچی زووە كار بكات بۆ چەسپاندنی ئەو رێژەیە بە یاسا تاوەكو پرۆسەی یەكسانی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستاندا دەستەبەر بكرێت.

كۆڕبەندی ناوبراو چەند ڕاسپاردەیەكیشی بڵاو كردووەتەوە و ئەمەیش دەقی ڕاسپاردەكانە:

هەموو ئەو واژۆیانەی لە ماوەی رابردوودا بۆ پشتگیری لە بەشداریی ژن لە ناوەندی بڕیاردا لەگەڵ لۆگۆ و ناوی هەموو ئەو رێكخراوانەی كە پاڵپشتیی ئەم چالاكییەیان كردووە، دەكرێتە یادداشتیك و پێشكەش بە سەرۆك و جێگری راسپێردراوی حكوومەت بەڕێزان كاك نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی و سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەركردایەتیی حزبە سیاسییەكان دەكرێ و بەدواداچوون بۆ راسپاردەكانی ئەم كۆڕبەندە دەكرێت و هەوڵ و تێكۆشانی ئەم گرووپە بەردەوام دەبیت تەنانەت ئەگەر لەم قۆناخەیشدا سەركەوتوو نەبین.

1. بەشداریكردنی ژن بە رێژەی  30-40%  لە سەرجەم جومگەكانی بەڕێوەبردنی هەرێمدا لە وەزیر و بریكاری وەزیر و سەرجەم بوارەكانی دەستەڵاتی جێبەجیكردن لەسەر بنەمای توانا و پسپۆڕی.

2. بەشداریی ژن بە رێژەیەكی یەكسان لەو لیژنەیەی هەرێم بۆ دانوستان و لیژنەكانی تری دانوستاندا كە تایبەتە بە چارەنووسی كوردستان و خەڵكەكەی.

3. زامنكردنی بەشداریی ژن لە نوێنەرایەتییە نێودەوڵەتییەكاندا.

4. دەستنیشانكردنی رێژەیەك بۆ سەرۆكایەتیی لیژنەكانی پەرلەمان بۆ ژنان كە بگونجێت لەگەڵ رێژەی ژنان لە پەرلەماندا.

5. هەمواركردنەوەی یاسای حزبەكان بە شێوەیەك كە زامنی بەشداریی ژنان بكات لە سەركردایەتیی حزبەكان و ناوەندەكانی تری بڕیارداندا.

6. یاسای بودجەی حزبەكان بە شێوەیەك بێت كە بوونی ژن لە ناوەندی بڕیاری ئەو حزبانەدا وەك خاڵێكی ئیجابی دابنرێت بۆ پێدانی بەشەبودجەیان.

7. گوشار لەسەر دەوڵەتی عێراق بكرێت تاوەكو تەحەفوزاتی لادات لەسەر رێككەوتنامەی سیداو.

8. رەشنووسی دەستووری هەرێم و یاساكانی كوردستان بە شێوەیەك دابڕێژرێن كە زامنی یەكسانیی جێندەری بكات.

9. نەهێشتنی جیاكاری لە دامودەزگاكاندا لەسەر بنەمای جیاوازیی رەگەزی.

10. داو لە ئەندامانی پەرلەمان بكرێت كە دەنگ نەدەن بە حكوومەتێك ژنی تێدا نەبێت.

11.       دروستكردنی كوتلەیەكی پەرلەمانی بۆ داكۆكیكردن لە مەسەلەكانی ژنان و دانانی مۆڵەتیكی دیاریكراو بۆ حكوومەت بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی لەم بوارەدا.

12.       گرنگیدان و رێخۆشكردن بۆ ژنانی لاو بۆ بەشداری لە ناوەندی بڕیاردا.

13.       بەشداریكردن ژنان لە دانانی بەرنامەی كابینەی هەشتەمدا.

14. حكوومەت بەرنامەیەكی روونی بۆ تواناسازیی ژنان هەبێت.

15. بودجەی هەرێم بە شێوەیەك بێت كە زامنی یەكسانیی جێندەری بكات (موازەنەیەكی حەساس بۆ جێندەر).

16. ژنانی ئەندامانی حزبەكان فشار بكەن و چی تر قبووڵ نەكەن پیاوان لەسەر حسابی تیكۆشانی ژنان ببنە وەزیر و خاوەن بڕیار و هەروەها قبووڵی كەموكورتیی بەرنامەی حزبەكانیان دەربارەی ژنان نەكەن.

17. سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی قبووڵی لیستی پیشنیازی حزبەكان بۆ وەزیر و پۆستە باڵاكانی تر ئەگەر رێژەیەكی بەرچاو ژنی تیدا نەبێت، نەكەن و ئەمەش بە پێی یاسا زامن بكرێت.

18.       ئەگەر لە كابینەی داهاتوودا ژن نەبوو، ئەوا وەك ژنان لە سەرجەم دامودەزگاكاندا یاخیبوونی مەدەنی بۆ ماوەی یەك رۆژ رابگەیەنین وەك ناڕەزاییەك.

كۆڕبەندی هەرێمی بۆ بەشداریی ژنان لە ناوەندی بڕیاردا

هەولێر- هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵڵا

9/6/2014

هەواڵی پەیوەندیدار