٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

حەسەن ڕوحانی بەرەو توركیا بە ڕێ كەوت

سەرچاوە: KDP.info

تاران- KDP.info-  سەرۆككۆماری ئێران پێش بە ڕێکكەوتنی بۆ توركیا لە فڕۆكەخانەی میهرئاباد رایگەیاند، گرینگترین بابەتی ئەو سەردانەی پرسی وزە و هاوكاریی نێوان ئێران و توركیا لە بواری وزەدایە.

 

سەرۆككۆماری ئێران حەسەن روحانی، پێش سەردانی بۆ توركیا لە فڕۆكەخانەی تاران وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە و گوتی: توركیا یەك لە وڵاتە گرینگەكانی ناوچەكەیە، پەیوەندیی دۆستانەی سیاسی، ئابووری و بارزگانیی درێژخایەنی نێوان توركیا و ئێران جێگەی خۆشحاڵیمانە. باشتر و بەرفراوانتركردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی دەراوسێدا یەك لە سیاسەتە گرنگەكانی حكوومەتی ئێرانە و سەردانی سەرۆكوەزیرانی توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغان بۆ تاران لە بواری بەرەوپێشەوەبردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەر دوو لادا، رۆڵێكی گرنگی هەبووە و لە میانی ئەو سەردانەدا چەندین رێككەوتنی جیاجیا واژۆ كراون.

روحانی بەو جۆرە درێژەی بە قسەكانی دا: لە سەردانی ئەمڕۆماندا بۆ توركیا گفتوگۆكانمان لەسەر ئەو خاڵانەی لەسەریان رێك كەوتووین بەردەوام دەبن و مەبەستمان ئەوەیە بگەینە ئەنجام. لە میانی ئەو سەردانەدا چەندین رێككەوتنی دیكە لە بواری وزە، گواستنەوە و گەیاندن، گومرگ، گەشتوگوزار، كەلتوور، سیاسی و ئاساییشدا واژۆ دەكرێن و بە شێوەیەكی تایبەتی گفتوگۆ لەسەر هاوكاریی نێوان توركیا و ئێران لە بواری نەوت، غازی سرووشتی و كارەبادا دەكرێت.

هیوا ئەردەلان

 

هەواڵی پەیوەندیدار