یەکیەتیی ماموستایانی کوردستان: دابەشکردنی ئۆتۆمبێل پڕۆژەی خۆمانە و تاکسییش نییە

ھەولێر-تایبەت بە KDP.INFO- جێگری سەرۆکی یەکیەتیی ماموستایانی کوردستان دەڵێت، دابەشکردنی ئۆتۆمبێل بەسەر ماموستایاندا پڕۆژەی ئەوانە و پەیوەندیی بە ھیچ دەزگایەکی حکوومییەوە نییە و سەرسوڕمانی خۆیشی لە راگەیندراوەکەی قایمقامی سلێمانی پێشان دا.
جێگری سەرۆکی یەکیەتیی ماموستایانی کوردستان، ئەحمەد گەرمیانی، بە KDP.INFO راگەیاند: "پێش دوو مانگ یەکیەتیی ماموستایان گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای جیھان مۆر کردووە بە مەبەستی دابینکردنی ئۆتۆمبێل بە شێوەی قیستی مانگانە و هەرزانتر لە نرخی بازاڕ، خۆشبەختانە لە ئێستادا بەشێک لەو ئۆتۆمبێلانە دابەش کراون و پێشکەکییەکەی 40% و قازانجی کۆمپانیایش 8%ە و بە ھیچ شێوەیەک لە گرێبەستەکە باسی ئۆتۆمبێلی جۆری تاکسی نەکراوە."
ئەحمەد گەرمیانی گوتیشی: "ئەو گرێبەستە یەکیەتیی ماموستایان ئەنجامی داوە و پەیوەندیی بە ھیچ ئیدارەیێکەوە نییە لە ھەرێمی کوردستان و، بە ھیچ جۆرێکیش ئۆتۆمبێلی جۆری تاکسی بەسەر ماموستایاندا دابەش نەکراوە، بەڵکو رەنگەکەی نزیک لە رەنگی تاکسییە.
گەرمیانی سەرسورمانی خۆیشی پێشان دا لە راگەیاندراوەکەی قایمقامی سلێمانی و گوتی، ئەم گرێبەستە ھیچ پەیوەندییەکی بە ئەوانەوە نییە و خۆیان گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیای جیھاندا ئیمزا کردووە و لە ئێستادا دابەشکردنی ئۆتۆمبێل بەسەر ماموستایاندا لە ھەموو شارەکانی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە و رانەگیراوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەتەوە کە ئۆتۆمبێلی جۆری تاکسی بەسەر ماموستایاندا دابەش کراوە و ئەمەیش نارەزایەتیی خاوەن تاکسییەکانی لێکەوتووەتەوە و ئەمڕۆیش قایمقامی سلێمانی لە راگەیندراوێکدا رایگەیاندووە، ئەم کێشەیەمان چارەسەر کردووە و لە ئێستادا کۆمپانیای جیھان دابەشکردنی ئۆتۆمبێلی راگرتووە و لە داھاتوودا بە راوێژکاری و ھەماھەنگی ئیدارەی سلێمانی دەست بە کارەکانی دەکاتەوە و ئۆتۆمبیلی تایبەت بۆ مامۆستایان دابین دەکات.
بڵند ئیبراھیم




