عیسمەت ڕەجەب: داعش لە هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنی مووسڵە.. ئەم شەڕە لەوانی پێشوو جیاوازترە

هەولێر- KDP.info- بەرپرسی لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ، ئاماژە بە هێرشی سوپای داعش دەدات بۆ سەر ئەو پارێزگایە و دەڵێت: "بارودۆخی مووسڵ تەواو تێك چووە."
بەرپرسی لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ عیسمەت رەجەب، لە بارەی هێرشی سوپای داعشەوە بۆ سەر ئەو پارێزگایە، بە KDP.infoـی گوت: "ئامانجی داعش كۆنتڕۆڵكردنی پارێزگای مووسڵە و ئێستاش لە دیوی ڕۆژئاوای مووسڵ شەڕوپێكدادان لە نێوان داعش و سوپای عێراق بەردەوامە، لە كاتێكدا بەرنامەی داعش ئەوەیە خۆیان بگەیەننە نزیك پردی مووسڵ و لەوێوە شەڕ لەگەڵ سوپای عێراق دەست پێ بكەن."
گوتیشی: "هێێشتا لە دیوی ڕۆژ هەڵاتی مووسڵ هێرش نەكراوە، بەڵام ئامادەكاری كراوە بۆ هەر حاڵەتێكی شەڕ و خەڵكیش داوا دەكەن سەروماڵ و گیانیان بپارێزرێت، چونكە شەڕی ئەم جارەی داعش و سوپای عێراق چڕترە بە بەراورد لەگەڵ شەڕەكانی ڕابردوو."
شەوی ڕابردوو سوپای داعش هێرشی كردە سەر پارێزگای مووسڵ و بەشێك لە گەڕەكەكانی ئەو پارێزگایەیان كۆنتڕۆڵ كردووە و بە هۆیەوە خەڵکێکی زۆر کوژراون و زۆرێکی دانیشتوانیش ماڵەکانیان جێ هێشتووە و ڕایانکردووە.
كارزان هەورامی




