مووسڵ.. 75 تیرۆریست كوژران و شەش پۆلیس و 10 هاووڵاتییش بوونە قوربانی
__2014_06_07_h11m53s19__BA.jpg)
مووسڵ- تایبەت بە KDP.info-بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ ڕایگەیاند، لە پارێزگای مووسڵ شەڕ لە هەندێك شوێن بەردەوامە و تا ئێستاش 75 تیرۆریست کوژراون و شەش پۆلیس و سەرباز و 10 هاووڵاتیی مەدەنی بوونەتە قوربانی.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ سەعید مەمووزینی، بۆ kdp.infoگوتی: ماوەی چەند رۆژێكە لە پارێزگای مووسڵ بە هۆی تێكچوونی رەوشی ئەمنییەوە یاسای قەدەغەكردنی هاتوچۆ جێبەجێ دەكرێت و تا ئەمڕۆش بەردەوامە.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتی دیموكراتی كوردستان راشیگەیاند: دوێنێ لە ئەنجامی شەڕوپێكدادانەكانی نێوان هێزە ئەمنییەكان و تیرۆریستان، 75 تیرۆریست و شەش پۆلیس و سەرباز و 10 هاووڵاتیی مەدەنی كوژراون.
مەمووزینی زیاتر گوتی: تاوەكو ئێستا بە هۆی ئەو ئاڵۆزیانەوە زیاتر لە هەزار و 500 خێزان ئاوارە بوونە و بە بەردەوامییش رێژەكە لە زیادبوون دایە و ئەوانەی كە ئاوارەیش بوون، هاتوونەتە شارەدێی باشیك و دەوروبەری مووسڵ.
ئەوەیشی خستە ڕوو كە پێشتر بەشێكی زۆری گەڕەكەكانی مووسڵ لە دەست تیرۆریستاندا بوو وەكو 17ـی تەمووز و تەنەك و ئنتیسار و هەندێك گەڕەكی دیكە، بەڵام سوپای عێراق توانیویەتی هەندێكیان كۆنتڕۆڵ بكاتەوە ولە ئێستایشدا شەڕ لە هەندێك شوێن بەردەوامە.
ئەو ڕونیشی كردەوە: هەر ئەمڕۆ تیرۆریستان لە گوندی حلێلییە دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراویان ئامادە كردبوو و بەرەو مووسڵ دەرۆیشتن بۆ ئەوەی بیتەقێننەوە، بەڵام سوپای عێراق تەقەی لێ كردن و بە خۆكوژەكاندا تەقییەوە و گیانیان لە دەست دا.
بڵند ئیبراهیم




