بەشیر ئاتالای: مەبەستمان گەڕاندنەوەی ئەندامانی پەكەكەیە

دیاربەکر-KDP.info- جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا، بەشیر ئاتالای لە بارەی كۆڕبەندی قۆناخی چارەسەرییەوە رایگەیاند كە، مەبەستیان لەو كۆڕبەندە خۆشكردنی زەوینەیە بۆ گەڕاندنەوەی ئەندامانی پەكەكە.
جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا و رێكخەری گشتیی قۆناخی چارەسەریپرسی كورد بەشیر ئاتالای رایگەیاند كە، "مەبەست لە ئەنجامدانی كۆڕبەندی قۆناخی چارەسەری لە دیاربەكر، گفتوگۆكردن لە سەر چۆنێتیی ئامادەكردنی نەخشەرێگایەكی نوێ و ئەو هەنگاوانەیە كە بۆ بەرەوپێشەوەبردنی قۆناخی چارەسەری پێویستە جێبەجێ بكرێن، لە كۆتاییشدا مەبەستی سەرەكیمان زەوینەخۆشكردنە بۆ گەڕاندنەوەی ئەندامانی پەكەكە تا واز لە چەك بهێنن و لە چیا دابەزن و لە نێو شارەكاندا سیاسەت بكەن."
ئاتالای گوتی: "لێدوانەكانی شاندی هەدەپە كە دوای گەڕانەوەی لە ئیمراڵی بڵاوی كردبوونەوە جێگای دەستخۆشی ئاكەپەن، چونكە ئەو لێدوانانە هەمان ئەو شتانە بوون كە ئاكەپە گفتوگۆی لەسەریان دەكرد و ئەمڕۆ لەم كۆڕبەندەدا هەوڵ بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چۆنێتیی خۆشكردنی زەوینە بۆ گۆڕانكاری یاسای و جێبەجێكردنی هەنگاوی پێویستی یاساییە."
گوتیشی، قۆناخی چارەسەری زۆر هەستیارە بۆیە هێزە ئەمنییەكانی توركیا بە هۆی هەستیاریی قۆناخەكەوە لە بەرامبەر كردەوەكانی پەكەكەدا زۆر بە هێمنی و ئارامی هەڵسوكەوت دەكەن.
هیوا ئەردەلان




