٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

کوردانی شەبەک کرانەوە ئامانج و 50کەس بوونە قوربانی

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-تایبەت بەKDP.info-  لە ئەنجامی دوو تەقینەوە لە گوندێکی کوردانی شەبەکی سەر بە پارێزگای مووسڵ، بە دەیان کەس بوونە قوربانی.

بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، سەعید مەموزینی، بۆ kdp.infoگوتی: ئەمڕۆ دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژکراو لە جۆری کیا و ئۆپل کە دوو کەسی خۆکوژی تێدا بوو، ویستیان بچنە ناو گوندی مۆفەقیە کە دانیشتوانەکەی شەبەکنشینن خۆیان بتەقێنەوە، بەڵام لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە رێگرییان لێ کرا و لە دەروازەی گوندەکە خۆیان تەقاندەوە، لە ئاکامدا ھەشت کەس لە کوردانی شەبەک کە شیعەمەزهەبن کوژران و42کەسی دیکەیش بریندار بوون.

سەعید مەموزینی گوتیشی: لەناو قوربانیاندا ھاووڵاتیی سڤیل و لە ھێزە ئەمنییەکانیش ھەن، بریندارەکانی شەبەک رەوانەی نەخۆشخانەی حەمدانیە کراون، ئەوانەی دیکەیش رەوانەی نەخۆشخانەی مووسڵ کراون.

بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە موسڵ گوتیشی، "دوو رۆژە رەوشی ئەمنیی پارێزگای مووسڵ زۆر ئاڵۆزە و یاسای قەدەغەکردنی ھاتوچۆیش راگەیەندراوە و شەڕیش لەنێوان ھێزەکانی ئەمنی و تیرۆرستاندا بەردەوامە.

جێی ئاماژەیە، لە ماوەی ئەمساڵدا ئەمە دووەم جارە تەقینەوە لەم گوندە ڕوو بدات، بەڵام جاری پێشوو لەبەر ئەوەی تەقینەوە لەناو گوندەکە روویدابوو زەرەری گیانی و ماددی زۆرتر بوو.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار