٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سوپای عێراق داعشی لە سامەڕا وەدەر نا

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info--  پاش ئەوەی چەکدارانی توندڕۆی سوننەمەزهەب(داعش) دەستیان بەسەر شاری سامەڕادا گرت، هێلیکۆپتەرە عێراقییەکان بۆ وەدەرنانیان، ئەو شارەیان  بۆردومان کرد و مەزارێکی شیعەیش بوو بە ئامانجی بۆردوومانەکە، هەمان ئەو مەزارەی لە ساڵی 2006-دا هێرشی کرایە سەر و بە هۆیەوە ململانێ تایفییەکانی چڕتر کردەوە.

فەرماندەی پرۆسەکانی سامەڕا ڕایگەیاند کە، سوپا و هێزە تایبەتەکانی عێراق توانیویانە دەست بەسەر سامەڕادا بگرنەوە و دەیان چەکداریشیان کوشتووە، هاوکات چەکدارانی دیکەیشیان ناچار بە پاشەکشە کردووە. ئەم هێرشەی سوپای عێراق پاش ئەوە دێت کە شەوی ڕابردوو چوونەتە ناو شارەکەوە و دەستیان بەسەردا گرتووە.

سەرچاوەگەلی ئەمنی بە "ڕۆیتەرز"-یان ڕاگەیاندووە، سوننە توندڕۆکان شەوی چوارشەممە بنکەیەکی پۆلیسیان تەقاندووەتەوە کە دەکەوێتە 25کم باشووری سامەڕاوە و ژمارەیەک پۆلیسیشیان کوشتووە، ئەمە بەر لەوەی بێنە نێو شارەکەوە.

پۆلیسیش دەڵێت، چەکدارە توندڕۆکان دەستیان بەسەر هەردوو باڵاخانەی شارەوانی و زانکۆیشدا گرتبوو کە دەکەونە باکوور و باشووری سامەڕاوە و ئاڵا ڕەشەکەی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شامیان لەسەر بەرز کردبوونەوە.

چەکدارانی داعش هاوکات دەستیان بەسەر دوو لە گەورەترین مزگەوتەکانی سامەڕادا گرتبوو و لە ڕێگەی بڵندگۆکانەوە بانگەوازیان دەکرد کە شارەکەیان داگیر کردووە و داوایشیان لە هاووڵاتیان دەکرد بۆ جیهاد لە دژی حکوومەت بچنە ڕیزەکانیانەوە.

بەرپرسان دەڵێن، چەکدارە توندڕۆکان تەنیا توانیویانە بگەن بە ڕووبەری 2کم ئەو ناوچەی ئیمام عەسکەری کە لە 2006-دا تەقێندرایەوە و بە هۆیەوە گرژییەکانی نیاوان سوننە و شیعە گەیشتە خراپترین ئاستی خوێنڕشتن پاش داگیرکردنی عێراق لە ساڵی 2003-دا.

دانیشتوویەکی سامەڕایی بە ناوی مستەفا ڕایدەگەیەنێت کە، "خەڵک دەترسن. لە سەعات سێ و نیوی بەرەبەیانەوە کە هێرش دەستی پێکرد نەخەوتووین." زیاتر گوتی "هەندێکیانم بینین بە بەر دەرگای ماڵماندا ڕەت بوون(هەندێ چەکداری ڕیش درێژ و پۆشاک ئەفغانی کە بەسەر لۆریێکەوە بوون).

هەواڵی پەیوەندیدار