قۆناخی چارەسەری.. كلێلی كردنەوەی توركیای نوێ
__2014_06_05_h16m8s25__BA.jpg)
هەولێر-KDP.info- بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا، وەزیری ناوخۆ و وەزیری كشتوكاڵًی توركیا لە دیاربەكر كۆڕبەندێك بە ناوی" قۆناخی چارەسەری: كلیلی كردنەوەی توركیای نوێ" ساز دەكرێ.
بڕیارە سبەی بە سەرپەرشتیی ناوەندی گشتیی ئاكپارتی لە دیاربەكر كۆڕبەندێك بە ناوی "قۆناخی چارەسەری: كلیلی كردنەوەی توركیای نوێ" بە بەشداریی ژمارەیەك پەرلەمانتار، ئاكادیمیسیەن، پارێزەر، رۆژنامەوان و نوێنەری رێكخراوە مەدەنییەكان بۆ گفتوگۆكردنی قۆناخی چارەسەری و ئاستی هەنۆكەیی ئەو قۆناخە ساز بكرێ.
ئاكادیمیسیەن و نوێنەرانی رێكخراوە مەدەنییەكان پێیان وایە ئەو كۆڕبەندە هەنگاوێكی مێژووییە و بۆ ئەو هەنگاوانەی كە دەبێ بۆ بەرەوپێشەوەبردنی قۆناخی چارەسەری جێبەجێ بكرێن دەبێتە زەوینەخۆشكەری ئامادەكردنی نەخشەرێگایەكی نوێ.
دكتۆر حوسێن یامان، مامۆستای بەشی یاسای زانكۆی گازی بە ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ئەو كۆڕبەندە زۆر گرینگە، ئەمە یەكەمجارە لە دوای دەستپێكردنی قۆناخی چارەسەری لە دیاربەكر كۆڕبەندێكی بەو جۆرە ساز دەكرێ.
دكتۆر یامان گوتی: ئەو كۆڕبەندە لە كاتە ساتێكدا ساز دەكرێ كە لە لایەكەوە لە دیاربەكر چالاكی ئەو دایكانە هەیە كە داوای منداڵەكانیان دەكەن و لە لایەكی دیكەوە لە لیجەیش چالاكیی داخستنی رێگای هاتوچۆ و پڕۆتستۆكردنی دورستكردنی بنكەی نوێ سەربازی هەیە. ئەو كۆڕبەندە دەبێتە هۆی خێراتر بەرەوپێشەوەبردنی قۆناخی چارەسەری و دەبێتە سەرەتایەك بۆ شەفافبوون و دەستنیشانكردنی دووڕیانێكی گرینگ لە بواری چارەسەركردنی پرسی كورددا. بۆ ئەوەی ئەو قۆناخە بكرێتە قۆناخێكی گشتی و كۆمەڵایەتی، پێویستە گرینگی بە كار و هەوڵدانەكانی كۆمیتەی عەقڵمەندانیش بدرێت و ناكرێ ئەركی كۆمیتەی عەقڵمەندان تەنیا بۆ یەكجار بێ، دەبێت عەقڵمەندان لە بەجێگەیاندنی ئەرك و بەرپرسیارییەتییەكانیان بەردەوام بن.
دكتۆر وەهاب جۆشكون مامۆستای بەشی یاسای زانكۆی دیجلە گوتی: جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا بەشیر ئاتالای لە بارەی قۆناخی چارەسەری و داهاتووی ئەو قۆناخەوە لێدوانی زۆر گرینگی داوە و ئەو لێدوانانە نیشانەی ئەوەن كە قۆناخی چارەسەری گەیشتووەتە ئاستێكی نوێ. پێویستە لەو كۆڕبەندەدا لە بارەی دوو خاڵی سەرەكەوە گفتوگۆیەكی بەرفراوان بكرێت، خاڵی یەكەم ئەوەیە كە تا ئەمڕۆ چی كراوە و چی نەكراوە و خاڵی دووەم ئەوەیە كە لەمەو بەدواوە پێویستە چی بكرێ و چە جۆرە هەنگاوێك بنرێت و پێویستە زۆر بە شەفافی و روونی دەستنیشان بكرێ كە لەمەو بەدواوە دەبێ چی بكرێت.
جۆشكون گوتی: ئەو فاكتەرانەی كە قۆناخی چارەسەری بەڕێوە دەبەن ئامادەی ئەو كۆڕبەندە دەبن و بیروڕا و پێشنیازەكانی خۆیان دەخەنە روو و بۆیە ئەو كۆڕبەندە دەبێتە وەكو جۆرە كۆنفرانسێك بۆ لێگەڕین و پێم وایە بەپێی ئەو بڕیار و ئەنجامانەی لەو كۆڕبەندەدا دەردەكرن هەم حكوومەت هەم ئاكپارتی هەنگاوی گرینگ دەنێن و ئەو هەنگاوانەیش بۆ بەرەوپێشەوەبردنی قۆناخی چارەسەری كاریگەرییەكی یەكجار زۆریان دەبێ.
پەرلەمانتاری پێشووی ئاكپارتی عەبدولڕەحمان كورد گوتی: سازدانی ئەو كۆڕبەندە نیشانەی جیددیەت و سووربوونی حكوومەتە لە سەر بەئەنجامگەیاندنی قۆناخی چارەسەری پرسی كورد. بە ئەنجامدانی ئەو كۆڕبەندە ئەوە ئاشكرا دەبێ كە حكوومەت سەرەڕای هەموو ئاژاوە و ناكۆكیی و بەربەستەكان بەردەوامە لە قۆناخی چارەسەری و دەیەوێ ئەو قۆناخە بگاتە ئەنجام. لە لایەكی دیكەوە زۆربەی هەرە زۆری خەڵك داوای بەردەوامكردنی ئەو قۆناخە دەكات و ئەنجامدانی ئەو كۆڕبەندە لە دیاربەكر زۆر گرینگ و واتەدارە، چونكە دڵی ئەو پرسە دیاربەكرە و ئەوانەی ئامادەی ئەو كۆڕبەندە دەبن بیروڕای خۆیان لە بارەی چۆنێتیی بەرەوپێشەوەبردنی قۆناخی چارەسەری پرسی كورد دەردەبڕن و نەخشەرێگایەكی هاوبەش لەو بیروڕایانە ئامادە دەكرێ.
تاهێر ئەلچی سەرۆكی لقی بارۆكانی دیاربەكر گوتی: راستە ئاڵۆزی و ناكۆكی هەیە، بەڵام قۆناخی چارەسەریش گەیشتووەتە ئاستێكی بەرز و گرینگ، بۆیە لە كەشوهەوایەكی بەو جۆرەدا سازكردنی كۆڕبەندێكی لەو چەشنە بۆ بەرەوپێشەوەبردنی قۆناخی چارەسەری رۆڵێكی یەكجار گرینگی دەبێ. پێشتر لە رێگای كۆمیتەی عەقڵمەندانەوە بەشێكی زۆری داواكارییەكانی كۆمەڵگە دەستنیشان كراون، بۆیە ئاواتەخوازین لەو كۆڕبەندەدا بڕیار و ئەنجامی باش بە دەست بخرێن و خزمەتی بەرەوپێشەوەبردنی قۆناخی چارەسەری بكەن و بۆ بەئەنجامگەیاندنی ئەو قۆناخە خشتەیەكی كاتی و نەخشەرێگایەك ئامادە بكرێ و ئەوانەی سەرپەرشتیی ئەو قۆناخە دەكەن راستەوخۆ لەگەڵ لایەنەكانی ئەو پرسە دابنیشن و دەست بە دیالۆگ و دانوستان بكەن.
هیوا ئەردەلان




