کۆمسیۆن: سکاڵاکان کاریگەرییان دەبێت... دەنگی 404 وێستگە ڕەت كراوەتەوە..

هەولێر- KDP.info- سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەڵێت، ژمارەیەكی زۆر سكاڵایان بە دەست گەیشتووە و باشترە لایەنەكان چاوەڕێ بكەن تا بڕیارەكە دەدرێت. ئاشکرایشی کرد کە، لە هەندێك شوێن بەدواداچوون بۆ سکاڵاکان کراوە و لەوە دەچێت لەسەر ئاستی ڕیزبەندی، كار لەسەر كاندید بكات.
سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەربەست مستەفا، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.infoگوتی: "تا ئێستا لەسەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان 900 تانەمان وەرگرتووە، 790 تانەیان لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران بووە و 28 تانەیش لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگاكانی كوردستنان بووە، لە كاتێكدا دوێنێ 4/6/2014 لەو پرۆسەیە تەواو بووین، وەڵامی ئەو ڕێژەیە لە بەشی یاسایی ئەنجوومەنی نوێنەران و دادگای تێهەڵچوونەوەی عێراق دراوەتەوە و بۆ دەستەی قەزایی تایبەت لە هەرێمی كوردستان ڕەوانەمان كردووەتەوە."
گوتیشی: "دوای ئەوەی لایەنەكان وەڵامی ئێمە وەردەگرن، بۆیان هەیە لە ماوەی 10 ڕۆژدا تانە لەو بڕیارە بدەن."
سەبارەت بەو ڕێوشوێنانەی لە دەرئەنجامی سكاڵاكان گیراونەتە بەر، سەربەست دەڵێت: "لە هەندێك شوێن ئیجرائات كراوە، بۆ نموونە لە 25 وێستگەی نەینەوا دەنگ ڕەت كراوەتەوە كە لەوە دەچێت كار لەسەر كاندید بكات ئەویش لەسەر ئاستی ڕیزبەندی نەك لیستی دیكە، چونكە ئێمە ڕێژەمان بۆ كۆتای ئافرەت داناوە كە 25%ـە، بۆیە ئێستا وەڵامی هەموو سكاڵاكانمان داوەتەوە و باشترە لایەنەكان چاوەڕێ بكەن تا بڕیارەكە دەدرێت."
سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان هەروەها ئاماژەیشی دا: "وەك كۆمسیۆن هەڵبژاردنێكی سەركەوتوومان ئەنجام داوە، كە 90% بڕوایان نەبوو هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، ئەوەش بە هۆی كێشەی ئەمنیی عێراق و پەیوەندی هەرێم و بەغدا و دەوڵەتانی دراوسێ، لە كاتێكدا لە ئیجرائاتی خۆمان بەردەوام بووین، دەنگی 404 وێستگەمان ڕەت كردووەتەوە و جگە لەوەش 50 هەزار دەنگ ڕەت كراوەتەوە، بەڵام ئیشی ئێمە لەم هەڵبژاردنەدا باشتر بوو بە بەراود لەگەڵ هەڵبژاردنی ڕابردوودا."




