ئەسەد بۆ جاری سێیەم و بە 88%-ی دەنگەکان بووەوە بە سەرۆککۆمار

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی پەرلەمانی سووریا، محەممەد جیهاد ئەلـلەحام ڕایگەیاند کە، بەشار ئەسەد لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا 88.7%-ی دەنگەکانی بەدەست هێناوە.
هەڵبژاردنەکە لەو شوێنانە ئەنجام درا کە لەژێر دەستی حکوومەتی سووریادان و لە هەندێ وڵاتی عەرەبی و ڕۆژئاواییش دەنگدەری سووریایی دەنگیان دا.
لەحام گوتیشی کە ئەسەد 10ملیۆن و 319هەزار و 723 دەنگی بەدەست هێناوە، بەڵام کاندیدی دووەم کە د. حەسسان عەبدوڵا نوورییە 500هەزار و 279 دەنگی بردووەتەوە. 372هەزار و 301 کەسیش دەنگیان بە ماهیر عەبدولحەفیز داوە.
دادگای دەستووریی سووریایش ڕایگەیاندبوو کە 73.42%-ی هاووڵاتیان بەشدارییان لە دەنگداندا کردووە کە دەکاتە 11ملیۆن و 634هەزار دەنگدەر لە کۆی 15ملیۆن دەنگدەر.
بەپێی زانیارییەکانی دادگایش، 442هەزاردەنگ بەتاڵ کراونەتەوە کە دەکاتە 3.8%-ی دەنگەکان.
وڵاتانی ئەورووپایی و ئەمەریکایش ئەم هەڵبژاردنەی سوووریایان بە گاڵتەجاڕی ناو بردبوو و گوتبوویان کە بە جارێکی ڕەوایەتیدانەوەیە بە حوکمڕانەتییەک کە زیاتر لە سێ ساڵە وڵاتەکەی خستووەتە قەیارنێکەوە کە بە هۆیەوە 160هەزار کوژراون و بە ملیۆنان خەڵکیش ئاوارە بوون.




