٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سیسی، یەکشەممەی داهاتوو سوێند دەدرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-   دادگای باڵای دەستووریی میسر ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، سەرۆکی هەڵبژێردراو، عەبدولفەتاح ئەلسیسی، سەعات 10.30 خولەکی یەکشەممەی داهاتوو، لەبەردەم ئەندامانی دەستەی ڕاوێژکاریی دادگای دەستووری، سوێندی یاسایی دەخوات.

جێگری دادگای باڵای دەستووری و گوتەبێژی دادگاکە، ماهیر سامی ڕایگەیاند کە، لە نێو هۆڵە گەورەکەی دادگای دەستووری مەراسیمی سوێندخواردنەکە بەڕێوە دەبرێت و، تێیدا سەرۆکی کاتی، عەلی مەنسووریش ئامادە دەبێت.

بەپێی زانیارییەکانی مێدیاکانی میسریش ئەندامانی حکوومەت و شێخی ئەزهەر، ئەحمەد تەییب و پاپای ئەسکەندەرییە، پاپا توازرۆسی دووەمیش، لە مەراسیمەکەدا ئامادە دەبن.

دوێنێ سێشەممە، سەرۆکی هەڵبژێردراوی میسر، سیسی بەڵێنی دا کە کار دەکات لەپێناو بەئامانجگەیاندنی ژیانێکی سەربرزانە و ئازادی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بۆ میسرییەکان.

داوایشی لە میسرییەکان کرد پێکەوە کار بکەن بۆ داهاتوویەکی ڕۆشنتر و باشتر، ئاماژەیشی دا کە میسر بەرەوڕووی مەترسیی دەبێتەوە، بەڵام بێئەوەی ڕوونی بکاتەوە کە مەترسییەکان چێن و لە کوێوەن.

پێشتر لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی میسر، سەرکەوتنی سیسی بە ڕێژەی 96.91%، کە دەکاتە بەدەستهێنانی 23 ملیۆن و 780هەزار دەنگ ڕاگەیاند.

هەواڵی پەیوەندیدار