لیژنەی ئاسایش و بەرگری: کورد مافی خۆیەتی ترسی لە ئێف 16 ھەبێت

بەغدا-تایبەت بەKDP.info- ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، کڕینی فڕۆکەی جەنگیی ئێف 16 لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، ناواقعییە و کوردیش مافی خۆیەتی ترسی ھەبێت ئەو فڕۆکانە لە دژی ئەوان بە کار بھێندرێت.
ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەپەرلەمانی عێراق، حەسەن جیھاد، بۆ kdp.info گوتی: "کڕینی فڕۆکەی ئێف16 لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە لە ئەمەریکا ناواقعییە، چونکە عێراق پێویستی بە چەک و فڕۆکەی دیکە ھەیە بۆ شەڕکردن لەگەڵ تیرۆر، وەکو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کامێرا و جیھازی سۆنەر بۆ بازگەکان، کە رێگری لە تەقینەوە و ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژکراو دەکات، ئەمە بۆ عێراق باشە نەک فڕۆکەی جەنگی."
حەسەن جیھاد گوتیشی: لە ئێستادا حکوومەتی عێراق بەوە تاوانبار دەکرێت فڕۆکە و بەرمیلی بۆمبڕێژکراو لە فەللوجە بە کار دەھێندرێت، کە ئەمەش رێکخراوە جیھانییەکانیش باسی لێوە دەکەن، ئەزموونی پێشوویش بۆ کورد دڵخۆشکەر نین. راستە ئێمەیش لە حکوومەتی ئێستا بەشدارین، بەڵام عەقڵیەتی ئاشتیخوازانە لەم وڵاتە نییە تا ترسمان نەبێت ئەو فڕۆکانە لە دژمان بە کار نەھێندرێت، نموونەیش ساڵی رابردوو عێراق سوپای ھێنا بۆ دوزخورماتوو و خەریک بوو ببێتە شەڕ لەنێوان کورد و سوپای عێراقدا."
ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە پڕچەککردنی عێراق لەژێرکۆنترۆڵدا بێت و بزانرێت چیی دەکات و پەرلەمانیش لێی ئاگادار بێت.
حەسەن جیاد راشیگەیاند: "لە ئێستادا داوا دەکرێت لە جیاتی کڕینی چەک، پڕۆژەی خزمەتگوزاری بەو پارەیە ئەنجام بدرێت، بۆ ئاوادانکردنەوەی عێراق، چونکە ھیچی بۆ نەکراوە، بۆیە ھەموو لایەنەکان ترسیان لە کڕینی چەک ھەیە و نایانەوێت عێراق پڕچەک بکرێت."
ئەم بۆچوونەی جیهاد لەکاتێکدایە کە سەرچاوەکانی ھەواڵ بڵاویان کردووەتەوە کە، وەها بڕیارە سبەی یەکەم فرۆکەی ئێف16 لەلایەن ئەمەریکاوە ڕادەستی عێراق بکرێت و تا کۆتایی ئەمساڵیش 3تا4 فرۆکەی دیکە لەو 36 فڕۆکەیەی کە گرێبەستی لەسەر کراوە، بگاتە دەست عێراق.
بڵند ئیبراھیم




