ئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆنی سووریا: پەیەدە بەشێكە لە رژێمی ئەسەد

رۆژئاوای كوردستان - تایبەت بە KDP.INFO-ئەندامێكی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا دەڵێت: ئۆپۆزسیۆنی سووریا ئێمە بە نوێنەری راستەقینەی رۆژئاوای كوردستان و پەیەدەش بە بەشێك لە رژێمی ئەسەد دادەنێت.
ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا د. كاوە ئازیزی، بۆ KDP.INFOگوتی: لە رۆژئاوای كوردستان پەیەدە دەستەڵاتدار نییە، بەڵكو تەنیا دەستەڵاتی بەسەر كوردەكانەوە هەیە و رژێمی سووریا ئەوانی لەوێ داناوە بۆ ئەوەی كورد بەشداری لە شۆڕشی سووریادا نەكات و بە ئامانجی خۆی نەگات .
ئازیزی زیاتر گوتی: ئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆنی سووریا وەكو نوێنەری كوردانی رۆژئاوا مامەڵە لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد دەكات و پەیەدەش وەكو بەشێك لە رژێمی سووریا هەژمار دەكات.
ئەو ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا ئەوەشی خستە ڕوو: ئێمە بە ئاشكرا هەڵوێستی خۆمان راگەیاندووە كە وەكو كورد لە رۆژئاوای كوردستان دژی ئەنجامدانی هەلبژاردنین و بە ناشەرعیی دەزانین و رەتی دەكەینەوە، بۆیە هیچ كاریگەرییەكی لەسەر كورد نابێت.
كاوە ئازیزی راشیگەیاند: هەڵبژاردن لە رۆژئاوای كوردستانیش ئەنجام دراوە بە تایبەت لە قامشلۆ و حەسەكە، بەڵام تاوەكو ئێستا رێژەی بەشداریكردن دیار نییە چەندە، لەبەر ئەوەی ئەنجامەكان رانەگەیەندراون.
بڵند ئیبراهیم




