ئەرۆدغان: بێجگە لە شاندی هەدەپە و میت هیچ شاندێكی دیكە سەردانی ئوجەلانی نەكردووە

هەولێر-KDP.info- سەرۆكوەزیرانی توركیا رایگەیاند كە دەنگۆی ئەنجامدانی دیداری نێوان ئوجەلان و چەند شاندێكی سیاسی دوورە لە راستییەوە، چونكە دەوڵەت مۆڵەتی بە هیچ شاندێك نەداوە سەردانی ئیمراڵی بكات.
سەرۆكوەزیرانی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆككۆماری قرقیزستان، ئالمازبەك ئاتامبایەڤ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا وەڵامی چەندین پرسیاری لە بارەی قۆناخی چارەسەری پرسی كورددا دایەوە.
ئەردۆغان لە سەرەتای قسەكانیدا باسی دیداری شاندی هەدەپە و دەزگای هەواڵگریی توركیای لەگەڵ ئوجەلاندا كرد و گوتی: تا ئێستا تەنیا شاندی هەدەپە و دەزگای هەوالگریی توركیا بە رەزامەندیی حكوومەت سەردانی ئیمراڵییان كردووە و دیداریان لەگەڵ ئوجەلان ئەنجام داوە، بێجگە لەو دوو شاندە حكوومەت مۆڵەتی بە هیش شاندێكی سیاسی، میدیاكاران یا نوێنەرانی كۆمەڵگەی مەدەنی نەداوە كە سەردانی ئوجەلان بكەن و دیار نییە كە ئایا لە داهاتوودا مۆڵەت بەو شاندانە دەدرێت یا نا.
لە وەڵامی پرسیارێك لە بارەی لێدوانەكانی بەشیر ئاتالایدا كە گوتبووی بۆ بەرەوپێشەوەبردنی قۆناخی چارەسەری پێویستی بە نەخشەرێگایەكی نوێ هەیە، مەبەست لە نەخشە رێگای نوێ چییە؟ ئایا ئەو نەخشە رێگایە پرسی گەڕاندنەوەی ئەندامانی پەكەكە دەگرێتە بەر؟ مەبەست لە نەخشەرێگای نوێ چییە؟ ئەردۆغان گوتی: پرسی گەڕاندنەوە یا گەڕانەوە بۆ ماڵەوە هەر لە سەرەتاوە بەشێك بوو لە پڕۆژەی یەكێتیی نەتەوەیی، برایەتی و قۆناخی چارەسەری. یەك لە مەبەستە گرینگەكانی پڕۆژەی یەكێتیی نەتەوەیی و برایەتی گەڕاندنەوە بۆ ماڵەوەیە، بەڵام جارجار لە بواری گەیشتن بەو ئامانجەدا تووشی ئاژاوە بووینەوە.
هیوا ئەردەلان




