بەغدا لە بڕیاری نەکڕینی بەرهەمی (جۆ) لە جووتیارانی كوردستان پەشیمان بووەوە

هەولێر-KDP.info- نووسینگەی تایبەتی جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ، د. رۆژ نوری شاوەیس رایگەیاند كە ئەمڕۆ سێشەممە حكوومەتی فیدڕاڵ بڕیاری دا بەرهەمی (جۆ) لە جووتیارانی هەرێمی كوردستان بكڕێتەوە.
جێگەی باسە پێشتر حكوومەتی عیراق بڕیاری دابوو بەرهەمی جۆی جووتیاران لە لایەن وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی وەرنەگیرێت و بودجەیان بۆ وەزارەتی كشتوكاڵی بەغدا تەرخان كردبوو تاكو بەرهەمی جۆی جووتیارانی سنووری خۆیان لە ناوەڕاست و خواروی عێراق بكڕنەوە و جووتیارانی هەرێمی كوردستانیان بێبەش كردبوو.
لە بەرامبەردا بۆ ئەوەی جووتیارانی هەرێم زەرەرمەند نەبن، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەم كارەی لە ئەستۆ گرت بڕیاری دا بەرهەمی جۆی ساڵی 2014 بكڕێتەوە.




