٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

پاشکۆی هیچ لایەک نابین

سەرچاوە: KDP.info

غازی حەسەن

سەرۆک مەسعود بارزانی هەمیشە بە هەڵوێستە نەتەوەییەکانی دڵخۆشی دەداتە هاووڵاتیانی کورد و رکابەر و ناحەزەکانی کوردیش دەخاتە حالەتی نیگەرانی و هەندێکجاریش وایان لێدەکات ئیدی پێ لە جەرگی خۆیان بنێن و بێنە ژێر باری داننان بە خواست و ویستەکانی کوردستان.

سەرۆک بارزانی لە چەند هەفتەی رابردوو دووجار ئاماژەی بەوە کرد کە ئیدی (نابینە پاشکۆی بەغدا). یەکەمیان لە کاتی پێشوازی لە باڵوێزی ئیتالیا لە عێراق کە گوتی (دەسەڵاتدارانی بەغدا دەیانەوێت هەرێم پاشکۆی ئەوان بێت و لە عێراقیشدا شەریکیش نەبێت. ئێمە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەین دوای ئەو هەموو خەبات و قوربانی دان و نەهامەتییە پاشکۆی ئەوان بین). جاری دووەمیش بەهەمان شێوە لە ئاهەنگی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی لە شاری هەولێر ئەم هەڵوێستەی راشکاوانە جەخت کردەوە.

مەسەلەی پاشکۆ بوون، یەکێکە لە گرێ و کێشە مێژوویی  و کێشە سایکۆلۆژییەکانی تاکی کورد، لە دێر زەمانەوە کورد بە هۆی وابەستەبوون و خۆ گرێدان بە هێز و دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان و هەروەها لە کاتی تەنگەتاوی خۆ بەدەستەوەدان و بادانەوە بەلای دوژمنان، کورد وەکو پاشکۆ مامەلەی لە گەڵ کراوەو  لە رووداوەکانیشدا بێ ئیرادە و وەکو کەرەستەی بەدیهێنانی مەبەستەکانی ئەو لایەنانە مامەلەی لە گەڵ کراوە. لە سەرچاوە مێژووییەکاندا بەوردی ئاماژە بەم دەرد و  کێشە مەترسیدارە لای تاکی کورد، لای سەرکردە و هەروەها بزاڤە جیاجیاکانی کوردستان کراوە.

ئەم وشەیە رەنگە لای هەندێک هەروا بە تەنیا زاراوەیەکی روت و بێ بنەما سەیر بکرێت، بەڵام لە راستیدا (پاشکۆ بوون) بە یەکێک لە ستراتیژە کوشندەکانی داگیرکەران دژی کورد وەسف دەکرێت، بۆیە ئەمە پێچەوانەی دروستبوونی ئیرادەی تاک و ئیرادەی سیاسیی و  لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەگەڕێتەوە.  ئەمە رێک پێچەوانەی سەربەخۆیی لە بڕیار و  بەرێوەبردنی کاروباری کوردستانە لەلایەن خودی کوردە و  پێکهاتە جیاکانی کوردستانە. هەروەسا مەسەلەی پاشکۆ بوون، دەیان رووداوی خەمناک و  جێگەی رەخنەئامێزمان وەبیر دەهێنێتەوە، کە بەدرێژایی سەدان ساڵ لە مێژووی کوردستان روویانداوە، یاخود وەکو کارتێکی داروخێنەر دژی کورد بەکارهێنراوە.

زۆر گرینگە، هەموو لایەنە سیاسییەکان ئەم ئاراستە و سیاسەتە جدییەی سەرۆک بارزانی، لە پێناو بەدیهێنانی ئیرادەی سیاسی و خۆبەرێوەبردن و  پتر گەشەپێدانی بواری ئابوری و کۆمەڵایەتی و  رۆشنبیری و لەهەمووشیان گرینگتر سیاسیی، وەکو بنەمایەکی ستراتیژی سەیر بکەن و کاری پێبکەن، چونکە مەسەلەی پاشکۆ بوون، پەیوەستە بە هەموو لایەنە سیاسییەکان لە چۆنیەتی مامەلەکردن لەگەڵ بەغدا و وڵاتە هەرێمایەتییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.  ئەمەش بۆ بەدەستهێنانی هاوسەنگی و رێزگرتنی ئیرادەی سیاسی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لە هەموو ئاستەکاندا.

 لایەنی دووەمیش پەیوەستە بە هەست و نەست و جۆری کەسایەتی تاکی کورد، کە لەم قۆناغەدا دەبێت هاووڵاتیبوون لە سەر بنەمای ماف و ئەرک، بەدیهێنانی ئازادی تاکە کەس  و مافە مەدەنی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانی تاکی کوردستانی پەرەی پێبدرێت، رێز لە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بگرێت کە دابینی مافی مرۆیی و مەدەنی هاووڵاتیان دەکەن. واتە زۆر گرینگە تاک و هاووڵاتی کوردستان بە هەموو نەتەوە و ئاین و  نەریت و جۆرێکییەوە، خاوەنی ئیرادەی سەربەخۆ و وریا و بڕیاردەر  بێت. نەک کەسێکی پاشکۆ. ئەگەر کوردستان خاوەنی ئیرادەیەکی بەهێز و خاوەن متمانە و  بڕیار بێت، دەتوانێت لەگەڵ بەغدا و هەموو لایەنە دەرەکییەکانیش لە سەر ئەو بنەما بەهێزە بڕیار بدات، کە پاشکۆیی و  وابەستەبوون بە خۆسەپێنی و تاکڕەویی و  پێشگترن لە گەشەسەندنەکانی کوردستان رەتدەکاتەوە.

ئامانج لەم ئیرادەیە؛ رەتکردنەوەی پاشکۆیەتی  و  هەنگاونانە بەرەو  پتر بەدیهێنانی ئیرادەی سەربەخۆبوون و  دروستکردنی هاووڵاتییەکی خاوەن بڕیار و کۆمەڵگەیەکی خاوەن ئیرادەیە بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی.

هەواڵی پەیوەندیدار