٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

مستەفا بارزانی نەمر، هێمای نیشتیمانپەروەری و بەرخۆدان.... رێبوار حەمەلاو شوانی

سەرچاوە: KDP.info

لە هەموو بزووتنەوە رزگاریخوازەكانی جیهاندا بە درێژایی مێژوو كەسانێك هەبوون بە هۆی چەند خەسڵەتی تایبەتیی لە كەسایەتییاندا ببوونە ناونیشانی خەبات و تێكۆشانیان لە پێناو ئازادی نیشتیمان و نەتەوەدا و وایان كردووە ئەو كەسانە ببنە پێشڕەو و پێشەنگ بۆ نەتەوەی خۆیان، ئینجا ئەم كەسانە زۆر جار سەرۆكی نەتەوەیەك یان بزووتنەوەیەكی شۆڕشگێڕی یاخود سەرۆكی نیشتیمانێك، وەك گاندی و ماندێلا و هتد. ئەوان لە پێناو ئازادی و مافە مەدەنی و مرۆییەكاندا، تێكۆشانیان كردووە.

لە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردیدا باوكی رۆحی و سەرۆكی نەمر جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی وەكو خۆرێك بۆ میللەتی كورد دەركەوت و سەركردایەتیی شۆڕشێكی مەزنی كرد لە پێناو هاتنەدی ئازادی و خۆشنوودی بۆ نەتەوەی كورد و رزگاركردنی خاكی كوردستان لە داگیركەران و دروستكردنی قەوارەیەكی سەربەخۆ بۆ كوردان. زیاتر لە نیو سەدە بارزانیی نەمر رابەرایەتیی شۆڕش و بەرخودانی میللەتێكی ستەمدیتەی وەكو كوردی كرد بەو كەسایەتییە لێهاتوو و داناییەی كە بوو بووە ناسنامە بۆ نەتەوە و نیشتیمانێك توانی میللەتی كورد بە هەموو دنیا بناسێنێت.

لە 1ئاداری 1979 و لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا،مستەفا بارزانیی نەمر سەركردەی مەزنی كورد و كوردستان،لە نەخۆشخانەی جۆرج تاون لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمەریكا كۆچی دوای كرد،لە رۆژی 4ی ئاداریشدا تەرمی پیرۆزی بارزانیی نەمر گەیشتەوە تارانی پایتەختی ئێران و، دواتر بە هێلی كۆپتەر، تەرمی پیرۆزی بارزانیی نەمر گەیەنراوەتە شاری شنۆی كوردستان و لەوێ لەلایەن سەدان هەزار كەس لە پەنابەرانی كوردستانی عێراق و هاووڵاتیانی كوردستانی ئێران و كوردەكانی توركیا و سووریا پێشوازی لە تەرمی پیرۆزی بارزانی كرا، شیاوی باسە بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان كوردەكانی سووریا و توركیا لەو رۆژەدا لە سنوورەكان پەڕیونەتەوە، تا لە ماڵئاواییكردنی بارزانیی نەمردا بەشدار بن. رۆژی پێنجی ئادار تەرمی بارزانیی نەمر لە گۆڕستانی شنۆ لە سەر وەسیەتی خۆی لە پاڵ گۆڕی شێخ بابۆدا بە خاكی كوردستان سپێردراوە، بەوەش كوردستان و گەلانی ئازادیخوازی جیهان یەكێك لە مەزنترین سەركردە شۆرشگێڕەكانی مێژووی خەباتی گەلانیجیهانی سێیان لە دەست چوو. هەروەها لە 06/10/1993 هێنانەوەی تەرمی نەمران بارزانیی نەمر و ئیدریسی هەمیشە زیندوو لە ڕێوڕەسمێكی شكۆدار بۆ كوردستانی عێراق، كە لە پێنجوێنەوە تا سلێمانی و هەولێر و ناو پەرلەمانی كوردستان و تا بە خاكسپارنیان لە بارزان، بە سەدان هەزار كەس لە هەموو چین و توێژ و كەرتی كۆمەڵایەتی و پیاوانی ئایینی و كەسایەتیی كورد توركمان و ئاشووری و عەرەب لە پێشوازیدا بوون.

بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان، بۆ ماوەی نیو سەدە،لە پێناوی دەستەبەركردنی ژیانێكی ئازاد و پڕسەرفرازی بۆ گەلی كوردستان خەباتی كرد. بارزانیی نەمر رەمزی یەكبوونی گەلی كوردستان بووە، تەنانەت پاش كۆچباربوونیشیبووەتە هێمایەك بۆ خەباتی نەتەوایەتیی كورد لە هەموو جیهاندا و بووەتە پاڵپشت بۆ خەباتی نیشتیمانیی گەلی كوردستانیش،بارزانی بەنەمری لەنا و میللەتەكەیدا و،بە مەزنی لەناو مێژووی جیهاندا مایەوە،ئەوەش بەهۆی كۆمەڵێك بنەمای پتەو و پرانسیپی راست و دروست و هەڵوێستە مرۆدۆستییە مەزنەكانییەوە،كە لە چوارچێوەی رێبازەكەیدا بۆ كوردستان و مێژووی ئازادیخوازان و نەوەكانی دوارۆژی بە جێ هێشتووە.

بارزانیی نەمر و پێشمەرگەكانی مەزنترین پاڵپشت بوون بۆ كۆماری كوردستان لە مەهاباد، بارزانیی نەمر هێمای گەلێكی بەش خووراو و زۆرلێكراو بوو كە جیهان لە رێگەی ناوی ئەوەوە كوردی ناسی، لە دوای خۆشی رێبازێكی جێهێشتووە كە ئەمڕۆ گەلی كوردستان توانیوێتی لەبەر رۆشناییەكەیدا لە ناوگێژاوی ئاڵۆزییەكانی جیهاندا سیاسەتێكی هاوسەنگ و هێۆر بگرێتەبەر و لە ناو هاوكێشە نێودەوڵەتییەكانی ئەم سەردەمە و باری سیاسیی پشێوی عێراقدا، پێگەی خۆی بپارێزێت. ئازایەتی و بڕوابەخۆبوون و ئیمان بە حەق و دادپەروەری و خەباتكردن لە دژی زۆرداری و ڕەتكردنەوەی ژیانی بندەستی،لەو خەسڵەتە دیارانەیبارزانیی نەمر بوون كە لە مەكۆی بارزان و لە قوتابخانەی خۆنەویستی و شۆڕشگێریدا پێی گۆش كرابوو.

 دواتر هەرئەو بنەمایانە بوون كە بە هۆیەوە بارزانیی نەمر دیت و پەیڕەوەێكی بۆ بزافی رزگاریخوازی كوردستان رەنگرێژ كرد،كە ئەمڕۆ لە هەركاتێكی تر زیاتر لە رۆحی سەردەم و بەها بەرزەكانی مرۆڤایەتی و شارستانییەوە نزیكە. ئەو سەركردە مەزنە بوو نەیهێشت خەبات لە پێناوی دۆزی رەوای كورددا بگۆڕدرێت بۆ دوژمنایەتی نێوان كورد و عەرەب و نەیهێشت تیرۆر و تیرۆركاری بە شۆڕش و بزافی رزگاریخوازی كوردستانەوە بلكێت.  

بارزانیی نەمر درێژەپێدەری گشت شۆڕشەرزگاریخوازەكانی شێخ سەعیدی پیران، شێخ مەحموود، قازی محەممەد و هتد . بۆ لە پێناو ئازادی و سرفرازیی نەتەوەیەك خەبات و تێكۆشانی كردووە و مامۆستای قوتابخانەی كوردایەتی بووە بۆ كورد وكوردستان.

بۆیە پێوستە ئێمە رێز لە خەبات و تێكۆشانی بارزانیی نەمر بگرێن، چونكە ئەو هەموو ژیانی خۆی لە پێناو ئازادی و سرفرازیی كورد و كوردستان و گەیشتن بەم ئازادییە تەرخان كرد، بیرەوەریی ئادار و نەورۆز رۆژانێكی زۆر گرنگن لای ئێمەی كورد چونكە بارزانیی نەمر هەم لەو مانگە لە دایك بووە و هەمیش لەو مانگەدا كۆچی دوایشی كردووە. بارزانیی نەمر فێری كردین كە پێوستە هەردەم لە پێناو بە دەستهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان تێبكۆشین، بۆ دوژمن سەر دانەنوێنین و پارێزگاری لە خاك و نیشتیمانەكەمان بكەین.

ئەوەی دەمەوێت بڵێم ئەوەیە كە تا هەتایە بارزانی لە نێو بیروهزری و مێژوویی پڕشانازیی كورد و كوردستاندا دەمێنێتەوە، چونكە بارزانی بوو وەكو زنجیرەیەك و درێژەپێدەری شۆڕشەكانی پێشووتری گەیاندە ئەم دۆخەی ئێستا و كورد و ناسنامەیەكەی بە دوونیا ناساند. بارزانی ناكرێت بە چەند كتێب و دەیان لاپەرە باس لە هەموو خەسڵەت و تێكۆشانەكانی لە پێناو رزگاری گەلی كوردستان بكەیت، پێوستە ئێمەش درێژەپێدەری رێبازی كوردایەتی و نیشتیمانپەروەریی بارزانیی نەمر بین. رۆح و رێبازی بارزانی بۆ تاهەتایە لە نێو دڵی كورد و كوردستان رەگ و ریشەی داكوتاوە و بە بەرزی یاد دەكرێتەوە. سڵاو لە رۆحی پاكی بارزانیی نەمر و شەهید هەمیشە زیندوو كاكە ئیدریس بارزانی و گشت شەهیدانی رێبازی كوردایەتی.

هەواڵی پەیوەندیدار