تورکیا لەنێوان سڕبوونی پەیوەندییەکانەوە بەرەو حکوومەتی هاوبەش لە گەڵ تاران !!
غازی حەسەن
ماوەی چەند ساڵێکە تورکیا پەیوەندییەکانی لە گەڵ تاران لە سڕبوون و سستی دابوو، دیارە ئەمەش پەیوەندی بە هەڵوێستی تورکیا لە رووداوەکانی ناوەخۆی سوریاوە هەبوو، سەرباری هەندێک کێشەی دیکەی وەکو هاوکاری ئێران بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان. هاوکات تورکیا لە گەڵ ئیسرائیلیش پەیوەندییەکانی پچڕان. لە کۆتایی هەفتەی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆگان سەردانی تەهرانی کرد و لە گەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئێران وەکو ئایەتوللا خامەنائی رابەری کۆماری ئیسلامی و حەسەن رۆحانی سەرۆکی نوێی هەڵبژێردراو کۆبۆتەوە. کۆبوونەوەکان وەکو راگەیاندن ئاماژەی پێدەکات گەشبینانەیە.
ئەردۆغان لە سەردانەکەیدا بیر لە باشترین پەیوەندی لە گەڵ دراوسێ ناکۆک و لەهەمان کاتدا دۆستەکەی لەرووی ( ئاینی ئیسلامەوە) دەکاتەوە، کە هەردوو وڵات پابەستی ئیسلامبوونی دەوڵەتن بە رێگە و شێواز و کەڵچەری و مەزهەبی جوداوە. ئەمە لایەنە رووکەش و دیارەکەیە، لە سەردانەکەی ئەردۆگان بۆ تاران، رەنگە لایەنە شاراوەکە پەیوەندی بە کۆمەڵێک رووداو و کێشەی دیکەوە هەبێت وەکو ( دوارۆژی سوریا و کۆنگرەی جنێڤ دوو، هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنی نەوت، رۆلی پەکەکە لە دوارۆژ و رۆلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان کە بەشێکیان پەیوەندی بە رۆلی ئێرانەوە هەیە، لە هاندان و کۆمەکی ئەو لایەنە کوردییەی کە لە ئەنجامدا دوژمنێکی هاوبەشیان لە گەڵ سوریا و تاران و قەندیل هەیە، سەرباری کێشەکان عێراق و حکوومەتی نوری مالکی).
| گرینگ ئەردۆگان بە بە خامەنائی گووتوە من ئێستە لە ماڵی دووەمم، تەنیا داوای کردووە پەیوەندییەکانی بگەیەنرێتە ئاستێک لە حکوومەتی هاوبەش بچێت. |
گرینگ ئەردۆگان بە بە خامەنائی گووتوە من ئێستە لە ماڵی دووەمم، تەنیا داوای کردووە پەیوەندییەکانی بگەیەنرێتە ئاستێک لە حکوومەتی هاوبەش بچێت. ئومێدیشی خواستووە پەیوەندییەکانیان پەرەپێبدەن و خێراشی بکەن، تا ببێتە نمونەیەکی دیار بۆ جیهان و ناوچەکەش. حەسەن رۆحانیش ئومێدی خواستووە کە ئەنقەرە و تاران کار بکەن بۆ لەناوبردنی تیرۆریستەکان. رەچاو دەکرێت رۆحانی لە کاتێکی کورت لە ئایندەدا سەردانی ئەنقەرە بکات و ئەنجوومەنی هاوکاری باڵای نێوان هەردوو وڵات پەرەپێبدەن. لەم سەردانە سێ رێککەوتنی لەیەکتر گەیشتن لە نێون هەردوو لا مۆرکراوە کە پەیوندیان بە گومرگ و پەرەپێدانی پەیوەندی لە نێوان ئاژانسی دەنگوباسی (ئارنا) و (ئەنادۆل) و پەرەپێدانی پەیوەندی رۆشنبیری و سینەمای لە نێوان هەردوولا هەیە.
وەکو باس دەکرێت لە ژوورە داخراوەکان باسی رووداوەکانی ناوەخۆی سوریا و کارکردنی هاوبەش دژی تیرۆر کراوە. هەندێک سەرچاوە ئاماژەیان بەوە کردووە کە (نەوتی کوردستان تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی ئەردۆغان و رووحانی) بووە. واتە ئەگەر سەرنج بدەین تاران دەیەوێت گفتوگۆ و ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی ئەردۆگان بەرەو پەرەپێدان و هاوکاری سیاسی و سەربازی دژی تیرۆر و گروپە ئیسلامییە توندرەوەکان لە ناو سوریا ببات و پتر لە گفتوگۆکان و زانیارییەکانیان بۆ راگەیاندن باسی برایەتی و بەرنامەی هاوبەش دژی تریرۆرسیتان دەکەن. ئەنقەرەش دەیەوێت مەسەلەکە لە دەرخستنی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان نیشان بدات.
بۆیەشە کەنالێکی تەلەڤزیۆنی تورکی ئاشکرای کردووە کە (ئەردۆگان سەردانی تورکیای کردووە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بواری بازرگانی و وزە، کە ئەمەش دەبێتە هەنگاوێک بۆ نەهێشتنی ناکۆکییەکان لە بارەی سوریا و سود وەرگرتن لە کرانەوەی دیبلۆماسی تاران بەرانبەر ناوچەکە و رۆژئاوا).
| ئەمەش رەنگە تورکیای گەیاندبێتە ئەو بڕوایەی کە باراک ئۆباما پێداگریی زۆر لە چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی واشنتن و تاران دەکات، بۆیە باشترە ئەوان پێش ئەو رووداوانە بکەون |
لەهەمان کاتدا تورکیا پێدەچێت بیەوێت لە چوارچێوەی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لە گەڵ ئەمەریکا دەربچێت، ئەگەر تۆزێک بۆ دواوە بگەڕێینەوە، حکوومەتەکەی ئەردۆگان لەکاتی جەنگی رزگاری عێراق رێگەی بە سوپای ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی نەدا لەرێگەی تورکیاوە هێرش بکەنە سەر رژێمەکەی سەدام حوسێن، ئەمەش پرۆسەکەی دوچاری کێشە کرد. لە گەڵ ئیسرائیل دۆستی ستراتیژی پەیوەندییەکانیان تێکچوو. لەم ماوەیە تورکیا بەرەو پەرەپێدانی پەیوەندییە لەگەڵ چین، کەئەمەش ئەمەریکای نیگەران کردووە. سەبارەت بە کرانەوەش لە گەڵ تاران ئەمەریکا پێی وایە بۆ ئەنقەرە هێشتە زووە. لەمبارەوە ئەردۆگان لە ساتەکانی سەردانەکەی بۆ تاران لە گەڵ دێڤید کۆهینی وەزیری دارایی ئەمەریکا کۆبووەوە، ئەم بەرپرسە ئەمەریکییە بە ئەردۆگانی راگەیاندووە هێشتا زووە بۆ کرانەوە بەرووی ئێران و هاوکاری زیاتری ئێران، هزرێکی باش نییە). ئەمەش رەنگە تورکیای گەیاندبێتە ئەو بڕوایەی کە باراک ئۆباما پێداگریی زۆر لە چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی واشنتن و تاران دەکات، بۆیە باشترە ئەوان پێش ئەو رووداوانە بکەون و نەبنە پاشکۆی ئەو چاکبوونەوەی لە نێوان هەردوو لا روو دەدات. سەرباری ئەوەش تاران دوای هاتنی حەسەن رۆحانی بۆ دەسەڵات بەرەو کرانەوەی خێرا لە گەڵ رۆژئاوا دەچێت. رەنگە لە بەرانبەر سوریاش هەمان توندی و پێداگری نەمابێت کە لەسەردەمەکانی پێشتر هەبووە. بۆیە ئەنقەرەش بیر لەوە دەکاتەوە لەرێگەی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی لە گەڵ تاران، بیر لە کێشەکانی ناوەخۆی سوریا بکاتەوە. دوور نییە تورکیا هاوکاری تاران بکات بۆ نەهێشتنی گروپیە ئیسلامییە توندرەوەکان و تاران و سوریاش هاوکاری تورکیا بکەن بۆ رێگەگرتن لە هەنگاوەکانی پەیەدەی پاشکۆی پەکەکە لە کوردستانی رۆژئاوا (سوریا).
حکوومەتی ئەردۆگان لە تورکیا دەیەوێت، کێشە سیاسی و ناکۆکییە توندەکانی ناوەخۆیان لەرێگەی باشترکردنی گەشەکردنی ئابوری وڵاتەکەیان کەمبکەنەوە. بۆیە ئەگەر تورکیا و کۆمپانیا وەبەرهێنەکانیان لە هەرێمی کوردستان لەرێگەی پەیوەندی ئابوری و بازرگانی کێشە سیاسییەکانیان چارەسەر کردبێت و توندرەوی نەتەوەیی و سیاسیان دژی کورد بە گشتی بێدەنگ کردبێت، رەنگە بیانەوێت هەمان شت لە ئێرانیش بکەن. لە کاتێکدا ئێران کە76ملیۆن کەسە و خاوەنی یەدەگێکی گەورەی نەوت و گازیشە، لەکاتی کرانەوەدا دەرفەتێکی نوێ وگەورە بۆ وەبەرهێنە بیانییەکان دروست دەبێت و تورکیاش یەکێک دەبێت لەوانە. باسەرنج لەم زانیاریانە بدەین کە بەرپرسێکی ئێرانی بڵاوی کردۆتەوە ( ساڵی 2012رێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات گەیشتە 22ملیار دۆلار، کەچی ساڵی 2013پاشەکشەی پێکراوە بۆ 20ملیار دۆلار. لەهەمان کاتدا رەچاو دەکرێت ئەم رێژەیە لە ساڵی 2015بۆ 30ملیار دۆلار بەرزبێتەوە. لەکاتێکدا ئێران سێیەمین وڵاتە کە تورکیا بەپێی گەورەیی قەوارەکەی کەلوپەلی خۆی بۆ رەوانکردووە، هەمان سەرچاوە گوتیەتی تورکیا نزیکەی بیست هەزار جۆر بەرهەمی خۆی کە زێر و زیویشی تێدایە بۆ ئێران ناردووە).
| ئەم سەردانەی ئەردۆگان رەنگە ببێتە هۆیەک بۆ نیگەرانی ئەمەریکا، چونکە نایانەوێت دۆستێکی نزیکی وەکو تورکیا، بەم خێراییە بەرەو کرانەوەی بازرگانی لە گەڵ ئێران بچێت |
ئەم سەردانەی ئەردۆگان رەنگە ببێتە هۆیەک بۆ نیگەرانی ئەمەریکا، چونکە نایانەوێت دۆستێکی نزیکی وەکو تورکیا، بەم خێراییە بەرەو کرانەوەی بازرگانی لە گەڵ ئێران بچێت، کە هێشتا سزای ئابوری دژی پیادە دەکرێت. لەهەمان کاتدا دوور نییە ئەم هەنگاوەی تورکیا ببێتە کرانەوەیەکی سلبی ، هەروەها دوور نییە هاوسەنگی هێزی پتر بەلای ئێراندا بشکێتەوە و لەو حالەتەدا هەموو هەنگاوە نێوەوڵەتییەکان بۆ چارەسەری دیبلۆماسی کێشەکانی ناوەخۆی سوریا بەرەو تێکشکان بچێت. هەروەها رژێمی سوریا ئەو کاتە دەتوانێت توندتر سەرکوتی بەرهەڵستکارەکانی خۆی بکات، وەکو چٶن ئێستە بە بەرچاوی کۆمەلگەی نێودەوڵەتی لەژێر ناوی لێدانی گروپە تیرۆرسیتەکان دەیان تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لەم وڵاتە روودەدات. بەمەش رۆلی سیاسی ئێران لە ناوچەکە بەهێزتر دەبێت. وەکو چۆن تورکیا دەیەوێت رۆلی ئابوری و بازرگانی خۆی بەهێزتر بکات. لەهەمان کاتێشدا لەبیری نەکەین هەردوو وڵات کاردەکەن لە نەخشەی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەراست کە ئێستە بە خێرایی بەرەو گۆرانکاری دەچێت، شوێن پێگە و رۆلی ئەمەریکا پڕ بکەنەوە، کە ئیدارەی ئۆباما دەیەوێت پاشەکشەی تێدا بکات. ترسەکە لەوەیە تورکیا و ئێران رۆژهەڵاتی ناوەراست بۆ پێنجسەد ساڵ پێش ئێستە بگێڕنەوە و جارێکی دیکە ناوچەکە لە نێوان هەژموونی ئابوری تورکی و سیاسی ئێران دابەشبکەنەوە.




