سەفین دزەیی: پێوەندییەكانمان لەگەڵ توركیادا لەسەر حیسابی بەغدا نییە

كاوە جەم
سەفین دزەیی ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: هەرێمی كوردستان بە پێی دەستووری عێراق بە مافی خۆی دەزانێت پێوەندیی لەگەڵ وڵاتانی دیكەدا هەبێت و وەك پێوەندییەكانمان لەگەڵ توركیا لەسەر حیسابی بەغدا نییە. ئەو كە بۆ ماوەی زیاتر لە دەیەیەك نوێنەری پارتەكەی بووە لە توركیا، پێی وایە سەرەتای ئەو پێوەندییانە لە شەڕی یەكەمی كەنداوەوە بووە و بە وردی باسی لە قۆناغەكان و بەربەرستەكانی كرد تا ئەو كاتەی توركیا بینویەتی كە پۆستە گرنگەكانی بەغدا بە دەست كوردەوەن و بوێریی پارتیی داد و گەشەپێدانیش لە بڕیارداندا و هەوڵی چەند سەركردەیەكی كورد، پێوەندییەكانی ئێستای لێ كەوتەوە.
* داهاتووی پێوەندییەكانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان بە كوێ دەگات؟ ئایا پێشتر بەرنامەی بۆ دانرابوو؟
- لە سیاسەتدا شتێكی زۆر ڕوون و ئاشكرا هەیە، نە دۆستی هەمیشەیی و نە دوژمنی هەمیشەیی هەیە، بەڵكوو بەرژەوەندییەكە هەمیشەییە. ئێمەیش بێگومان وەكوو هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندیماندایە كە پێوەندییەكی باشمان لەگەڵ دراوسێیەكانماندا هەبێت، بەڵام ئەمە پشتگوێ ناخرێت كە توركیا لە ناوچەكەدا پێگەی تایبەتی هەیە و لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە ڕووی ئابووری و كۆمەڵایەتی و نفوزی سیاسی لە ناوچەكەدا توانیویەتی ڕۆڵێكی بەرچاو ببینێت. باوەڕ ناكەم توركیا حەزی كردبێت ببێتە بەشێك لەو گرفتانەی لە عێراقدا ڕوویان داوە. لە سەرەتادا هەوڵی دا پێوەندی لەگەڵ هەموو لایەن و پێكهاتەكاندا هەبێت، بەڵام لەم دواییانەدا بگرە و بەردەیەك دروست بووە وەك ئەوەی ڕكابەرییەكی كۆنی دوو ئیمپراتۆرییەتی فارس و عوسمانی دروست ببێتەوە.
* ئاستی ئەو پێوەندییانە دەرخەری ئەوە نین كە بەرە بەرە هەرێمی كوردستان بەغدا پشتگوێ دەخات؟ ئەمە قسەی سەر زاری چەند سیاسەتمەدارێكی عێراقیشە.
- ئێمە بە پێی دەستوور بەشێكین لە عێراق و خۆمان بە شەریكی حوكمڕانی لە وڵاتدا دەزانین و چەند پۆستێكی گرنگی بەغدامان بە دەستەوەیە و ئەگەر نییەتمان وا بێت بەغدا پشتگوێ بخەین و ڕوو لە وڵاتێكی دیكە بكەین، بەو شێوە چالاكە بەشداریمان لە پەرلەمان و حكوومەتی عێراقدا نەدەكرد، بەڵام لە هەمان كاتیشدا هەرێمی كوردستان و سەركردایەتییەكەی خاوەنی بۆچوونێكن ئەویش دامەزراندنی دەوڵەتێكی دیموكراتی فرەحزبی لیبراڵییە كە دەبێ پابەند بێت بە دەستوور و ڕێككەوتننامەكان و ئەگەریش پێشێل بكرێن، ئەوا بێگومان كورد بێدەنگ نابێت.
ئێمە بەشێكێن لە عێراق، بەڵام هاوكات دەستوور ڕێگەی پێ داوین پێوەندییەكی باش لەگەڵ لایەنە بیانییەكان دروست بكەین و ئەوە بەو مانایە نییە كە لە بەغدا بێمنەت بین. ئێمە 330 كیلۆمەتر سنووری هاوبەشمان لەگەڵ توركیا هەیە و زیاتر لە بیست ملیۆن هاونەژادی خۆمان لەو وڵاتەدا هەیە و هاوكات ئەو وڵاتە دەروازەیەكی گەورەیە بۆ پێشكەوتنی كوردستان و پێوەندیگرتن لەگەڵ وڵاتانی دیكەدا و دەوڵەتێكە سەرەڕای كەموكوڕییەكانی لەسەر بنەمای پرەنسیپەكانی دیموكراسی دروست بووە و عیلمانییە.
زۆر شتی سیاسی هەیە ئێمە لەگەڵ توركیا كۆ دەكاتەوە، بەڵام ئەمە لەسەر حیسابی بەغدا نییە.
* بەڵام بەغدا ڕەخنە لە هەناردەكردنی نەوت لە لایەن هەرێمی كوردستانەوە بۆ توركیا دەگرێت و بە كارێكی نادەستووری دەزانێت.
- مەسەلەی نەوت شتێكی دیكەیە. بە پێی دەستوور و هەروەكوو لەگەڵ وەزارەتی نەوتی بەغدا ڕێككەوتنی لەسەر كراوە، نەوتی بەرهەمهاتوو لە هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی هێڵی بۆریی كەركووك - جەیهانەوە ڕەوانەی توركیا بكرێت و بفرۆشترێت و پارەكەی بچێتەوە خەزێنەی عێراقی. ئەمە هیچی پێچەوانەی دەستوور نییە و ئەوەی ئێستایش لە ئارادایە هەر بەو شێوەیەیە و كە بەغدا بەشی هەرێم لە نەوت كەم دەكاتەوە، كوردستان ناچارە بازاڕی خۆی دابین بكات.
هەر كاتێك ئەو كۆمپانیایانەی لە كوردستان سەرقاڵی دەرهێنانی نەوتن خەرجییەكانیان لە لایەن حكوومەتی فیدراڵەوە پێ بدرێتەوە، ئەو كات دەكرێ وەكوو پێشتر پارەی نەوتی فرۆشراو بچێتەوە ناو خەزێنەی عێراقی و كوردستان پشكی خۆی لێ هەڵبگرێتەوە. ئێمە نامانەوێ خۆمان حەسر بكەین بەو بڕە نەوتەی لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دێت، ئێمە چاومان لە نەوتی ڕمێڵە و بەشەكانی دیكەی عێراقیشە. نەوت بووەتە مەوزووعێكی سیاسی كە خەڵكانێك لە بەغدا دەیانەوێ نانی پێ بخۆن. ئەمە مەسەلەیەكە دەمێكە لە ئارادایە و ڕێككەوتنی دوولایەنە هەبووە، بەڵام بە داخەوە لە بەغدا بەجێیان نەگەیاندووە.
* بە پێی قسەكانی جەنابت، ئەگەر بەغدا پارەی كۆمپانیاكانی دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان بدات، ئەو كات ئێوە هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی تانكەرەوە بۆ توركیا ڕادەگرن؟
- عێراق پێویستی بە هەموو دۆلارێكی نەوت هەیە و چەندی بەرهەمهێنان زیاتر بێت، ئەوا لە بەرژەوەندیی وڵاتدایە. لە ساڵانی ڕابردوودا نزیكەی 9 ملیار دۆلار تەرخان كرابوو بۆ دروستكردنەوەی ژێرخانی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراقدا.
ئەمە لە كاتێكدایە كە بەرهەمهێنان ڕۆژبەڕۆژ كەمتر دەبووەوە و ئێستا هەندێ باشترە، بەڵام ئەگەر كۆمپانیا بیانییەكان بە سەرمایەی خۆیان لە هەرێمی كوردستان نەوت دەربێنن و پارەی فرۆشەكەی بچێتەوە ناو خەزێنەی عێراقەوە، ئەوە لە بەرژەوەندیی هەموو وڵاتدایە. گرنگ ئەوەیە هەناردەكردنی نەوت بە شێوەی ڕەسمی بێت، جا ئەگەر تەنانەت لە ڕێگەی تەنكەریشەوە بێت.
باشە ئەوان باس لەو تانكەرانە دەكەن، ئەدی بۆ باسی ئەو هەموو نەوتە ناكرێت كە لە باشوور بە ڕۆژی ڕووناك لە ڕێگەی پاپۆڕ و بەلەمی بچووكەوە دەگواسترایەوە؟ ئەو نەوتەی ئێستا نە توركیا بە قاچاخ هاوردەی دەكات نە كوردستانیش بە قاچاخ هەناردەی دەكات و ڕەسمییە.
* پێت وا نییە ئێستاكە كوردستان كەوتووەتە ناو بەرداشی سیاسەتەكانی ئێران و توركیا لە ناوچەكەدا؟ ئێستا توركیا دەستی بەسەر بازاڕی هەرێمدا گرتووە و ئێران گلەیی ئەوە دەكات كە تەنیا دۆسیە ئەمنییەكانی بە دەستەوەیە.
- لە ڕابردوودا كە كوردستان بەسەر ئێران و عوسمانییەكاندا دابەش كرا، میرنشینە كوردییەكان هەر كامەیان لایەنگری یەك لەو هێزانە بوون، بەڵام ئەوەی ئێستا لە ئارادایە بە ڕای من توانراوە بە ڕادەیەكی زۆر باش هاوسەنگییەكە ڕابگیرێت.
ڕاستە ڕەنگە ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لەگەڵ ئێران هاوشێوەی توركیا نەبێت، بەڵام دیسانیش ساڵانە دەگاتە دوو ملیار دۆلار، جیا لەمە ئەوە پێوەندی بە بازاڕی ئازادەوە هەیە. ئەمڕۆ ئێران لەگەڵ ڕۆژئاوا و بە تایبەت لەگەڵ ئەمەریكادا لە ڕكابەرییەكی زۆردایە و هەر بەو هۆیەیشەوە ئێران دۆسیەی ئەمنیی لە ئابووری پێ گرنگترە.
ئەوەندەی توركیا ناچاری پەرەپێدانی ئابوورییەكەیەتی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەریدا، ئێران بەو ڕادەیە ناچار نییە، چونكە لە ڕووی سامانی سرووشتی و بە تایبەت نەوتەوە دەوڵەمەندە و لەسەر پێی خۆی وەستاوە.
* دوایین جار كە سەرۆكوەزیران نێچیرڤان بارزانی سەردانی توركیای كرد و دواتر بۆ كوردستان گەڕایەوە، بڕیار بوو بچێتە ئێرانیش، بەڵام ئەو سەفەرە نەكرا، هەر ئەمە نیشانەی ئەوە نییە كە كوردستان كەوتووەتە ناو بەرەی سعوودیە، توركیا و قەتەرەوە؟
- نەخێر من لەو باوەڕەدا نیم. هەرێمی كوردستان بەردەوام هەوڵ دەدات بێلایەنیی خۆی بپارێزێت، چونكە لە حەقیقەتدا ئێمە ناتوانین ببینە لایەنێك لەو كێشە گەورانەی كە بە ڕاستی لە توانانی ئێمە گەورەترە.
بۆچوونی خۆمان لە مەسەلەكاندا هەیە و وەكوو بەشێك لە عێراق هەوڵ بۆ چارەكردنی كێشەكانی وڵات دەدەین، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت كە پشت لە لایەنێك دەكەین و لایەنگرییش لە لایەنێكی دیكە.
* پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا تا چ ڕادەیەك كاریگەری لەسەر دۆخی كوردانی ئەو وڵاتە و چارەكردنی پرسی كورددا هەبووە؟
- هۆی ئەوەی كوردەكانی توركیا شانازی بە سیاسەتی هەرێمی كوردستانەوە دەكەن، ئەوەیە كە لە ناخۆشترین كاتی پێوەندیی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستاندا كە هەڕەشەمان لێ دەكرا، سیاسەتی نەگۆڕی سەركردایەتی ئەوە بوو كە كورد شەڕی كورد ناكات. لە دێر زەمانیشەوە پارتیی دیموكراتی كوردستان پێوەندیی پتەوی لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردییەكانی توركیادا هەبووە. قۆناغێكی زۆرمان بڕیوە و هەندێك لە كوردەكانی توركیا كە سیاسەتمەدارن و لە ناو پەرلەماندان، وای دەبینن سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەتوانێ كاریگەری لەسەر سیاسەتی توركیا دابنێت بۆ ئەوەی بەرەو چارەسەری دیموكراتی و ئاشتیانە بچێت و ئەمەیش تا ڕادەیەك هاتووەتە دی.
* باشە سەرۆكی هەرێم باس لە دەوڵەتی كوردی دەكات، پێت وا نییە ئەگەر ئەمە بكرێت ئەوا بۆ جارێكی دیكە پێوەندییەكانی نێوان هەرێم و توركیا تێك بچێتەوە؟
- ئەمە خواستی گەلی كوردە و بەتهنیا خەونی جەنابی سەرۆك نییە، بەڵام عیلم و مەعریفەتەكە لەوەدایە كە بۆ میللەتەكەت نەبێتە كابووس. خەون دێتە دی، بەڵام دەبێ بە شێوەیەكی ژیرانە و حەكمیانە ڕەفتار بكەی و ئێمە ئەمڕۆ هەنگاو بە هەنگاو و ڕۆژ بە ڕۆژ لە سەربەخۆیی نزیكتر دەبینەوە. بە بۆچوونی من خەڵكانی نووسەر و ڕۆشنبیر و ئاكادیمی و تەنانەت سیاسەتمەدارەكانی توركیا گەییشتوونەتە ئەو قەناعەتەكەی كە كیانی كوردی ئیتر ڕێگەی لێ ناگیرێت و باشتر ئەوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن.
* توركیا بەرژەوەندییەكی ئابووری و سیاسیی بەرچاوی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو هەرێمەیدا هەیە،
ئەدی پێچەوانەكەی چۆنە و كورد چ بەرژەوەندییەكەی لەو پێوەندییەی لەگەڵ توركیادا دەست دەكەوێت؟
- یەكەم ئاساییش و سەقامگیرییە كە فاكتەرێكی گرنگە بۆ سەرمایەگوزاری و بووژاندنەوەی وڵات. ئەوەی دیكەیش ئاشنایی كوردانی عێراق و توركیایە، چونكە تێكەڵیی نێوان كورد و كورد زۆر گرنگە. لە لایەكی دیكەوە توركیا بازاڕێكی پێشكەوتووی لە هەموو بوارەكاندا هەیە و دەتوانین سوود لە ئەزموونیان وەربگرین، چونكە ئەوانیش 30 ساڵ لەمەوپێش لە ئاستی ئێستای ئێمەدا بوون.
جیا لەمە توركیا ئەندامێكی كاریگەری ناتۆیە. ئەو ئەزموونە سیاسییەی لە توركیا هەیە سەرەڕای كەموكوڕییەكانی، باشە و دەتوانین سوودی لێ وەربگرین.
هەروەها توركیا نیازی بوون بەئەندامی یەكیەتیی ئەورووپای هەیە و ئەگەر ئەمەیش بێتە دی، ئەوا ئێمە دەبینە دراوسێی ئەندامێكی ئەو یەكیەتییە.




