بەشار ئەسەد لە ڕۆژانی كــــــــــۆتایی دەسەڵاتەكەیدایە

عەلی حەسەن زەڵمی
تووندوتیژی لە سووریا بەردەوامە و حكوومەتەت سوپای وڵاتەكەی لە بەرزاییەكانی گوڵان (جۆلان) و زۆرینەی شارە سوننەنشینەكان كشاندەوە بۆ مەبەستی كۆنترۆڵكردنی دیمەشق. بەردەوامیی شەڕەكەیش وای كردووە، چیدیكە هاووڵاتییان هەست بە سەلامەتی نەكەن، هەربۆیەیش ڕۆژانە هەزاران كەس ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ دەهێڵن و ڕوو لە شوێنەكانی دیكەی سووریا یان وڵاتانی دراوسێ دەكەن.
توێژەرەوانیش لە لایەن خۆیانەوە هاوڕان لە سەر ئەوەی، كە چیدیكە دەرفەتی ئەوە نەماوە بەشار ئەسەد وڵاتەكەی بەڕێوە ببات و ئەو پرسیارەی، كە دەكرێت ئەوەیە چارەنووسی ئەو وڵاتە چۆن دەبێت؟
مردنی بەرپرسی ئاسایشی نەتەوەیی سووریا
بەرپرسی ئاسایشی نەتەوەیی سووریا ژەنەراڵ هیشام بەختیار مرد. كەناڵی فەرمیی سووریا بڵاوی كردەوە هیشام بەختیار بەهۆی سەختیی برینەكانیەوە لە نەخۆشخانە مردووە.
ناوبراو یەكێك بوو لەو بەرپرسانەی، كە لە كۆبوونەوەكەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتدا بەشداریی كرد و هەر لە تەقینەوەی ئەو ڕۆژەیشدا زۆر بە سەختی بریندار بوو.
سەرلەبەیانی دوێنێش كەناڵی فەرمیی سووریا بڵاوی كردەوە، ناوبراو بەهۆی سەختیی برینەكانیەوە مردووە. لەو تەقینەوەیەدا وەزیری بەرگری، وەزیری ناوخۆ، جێگری وەزیری بەرگری و بەرپرسی یەكەی تایبەت بە تەنگژەی ئێستای سووریا كوژران.
هاووڵاتییان سووریا بەجێ دەهێڵن
بەردەوامیی شەڕ و تووندوتیژی لە سووریا وای كردووە، خەڵكی بە لێشاو خاكی سووریا بەجێ بهێڵێت. ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بڵاوی كردەوە، لە ماوەی 3 ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە 40 هەزار كەس خاكی سووریای بەجێ هێشتووە و چووەتە ناو لوبنانەوە.
بەرپرسی كۆمسیۆنی پەنابەرانی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان مێلیسا فلێمینگ لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لە جنێڤ ڕایگەیاند، لە ڕۆژی چوار شەممەی ڕابردوەوە بارودۆخی سووریا بە تەواوی تێك چووە و ئەوەیش دانیشتووانی ئەو وڵاتەی ناچار كردووە خاكی سووریا بەجێ بهێڵن و بچنە ناو وڵاتانی دراوسێوە، لەوانەیش عێراق و لوبنان و توركیا و ئوردون.
هەر لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەزاران عێراقی دانیشتووی سووریا خاكی ئەو وڵاتەیان بەجێ هێشتووە و گەڕاونەتەوە ناو عێراق.
لە نێوان ساڵانی 2005 و 2010ـدا ژمارەیەكی زۆر عێراقی خاكی عێراقییان بەجێ هێشت و ڕوویان كردە سووریا بۆ مەبەستی دووركەوتنەوە لە شەڕی تائیفی وڵات، بەڵام ئێستا پەنابەرە عێراقییەكان دەگەڕێنەوە و ژمارەیەكی زۆری سووریش لەگەڵ خۆیان دەهێنن.
شەڕ و تووندوتیژی لە سووریا
لە لایەكی دیكەوە شەڕێكی زۆر قورس گەیشتووەتە دیمەشقی پایتەختی سووریا و لە ماوەی 3 ڕۆژی ڕابردوویشدا زیاتر لە 800 كەس لەو وڵاتە كوژراون.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی كردەوە، حكوومەتەتی سووریا دەستی بە كشانەوەی سەربازانی سوپای وڵاتەكەی لە بەرزاییەكانی جۆلان و زۆربەی شار و شارۆچكەكانی دیكەی وڵات كردووە بۆ دیمەشق.
كەناڵی فەرمیی سووریایش بڵاوی كردەوە، سوپای سووریا توانیویەتی هەندێك لەو گەڕەكانەی دیمەشق كۆنترۆڵ بكاتەوە، كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا كەوتبوونە ژێر دەسەڵاتی سەربازانی سوپای سووریای ئازاد.
بەرپرسێكی سوپای سووریای ئازادیش بە ناوی ئەبو عومەر لە ڕێی تەلەفۆنەوە بە ئاژانسی هەواڵی “فرانس پرێس”ـی ڕاگەیاند، تا ئێستایش ژمارەیەكی زۆر سەربازی سوپای سووریای ئازاد لە ناو دیمەشقدان.
ناوبراو ئەوەیشی ڕاگەیاند، ئەوان خۆیان لە چەند ناوچەیەكی دیمەشق پاشەكشەیان كردووە و چوونەتە هەندێك ناوچەی دیكەی هەمان شارەوە.
رۆیتەرز دەڵێت: ئەگەر بەشار ئەسەد لە ڕێی كشانەوەی سوپای وڵاتەكەیەوە بۆ دیمەشق توانیبێتی زۆربەی ناوچەكانی پایتەخت كۆنترۆڵ بكاتەوە، ئەوا لە بەرامبەریشدا كۆنترۆڵی چەندین شار و شارۆچكەی لەدەست داوە.
سەرەڕای ئەوەیش، سەربازانی سوپای سووریای ئازاد توانیویانە چەند خاڵێكی سەرسنووری نێوان سووریا و توركیا و خاڵێكی سەرسنووری نێوان سووریا و عێراق كۆنترۆڵ بكەن.
بەشار ئەسەد واز لە دەسەڵات ناهێنێت
لە لایەكی دیكەوە بەرپرسانی سووریا ڕەتیان كردەوە، سەرۆكی وڵات بەشار ئەسەد ئامادە بێت واز لە پۆستەكەی بهێنێت.
كەناڵی فەرمیی سووریا لە ڕێی بڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەكەوە ڕایگەیاند، ئەو هەواڵانەی كە باس لە دەستلەكاركێشانەوەی ئەسەد دەكەن، زۆر دوورن لە ڕاستیەوە.
ڕەتكردنەوەی ئەم هەواڵە پاش ئەوە هات، كە باڵیۆزی ڕووسیا لە فەرەنسا ئەلێكسەندەر ئۆرلۆڤ ڕایگەیاند، بەشار ئەسەد ڕەزامەندیی پێشان داوە بەشێوەیەكی ڕێكوپێك و پلان بۆ داڕێژراو واز لە دەسەڵاتەكەی بهێنێت.
دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بەرەو كۆتایی دەڕوات
ستیڤ كۆڵ لە گۆڤاری “نیویۆركەر”ی ئەمەریكیدا بابەتێكی نووسیوە و تیایدا هاتووە، بەهێزبوونی سوپای سووریای ئازاد بە جۆرێك كە بتوانێت وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ لە ناو دیمەشقدا بكوژێت، گواستنەوەی شەڕ لە شارەكانی دیكەی سووریاوە بۆ ناو پایتەخت، كشانەوەی سوپای سووریا لە بەرزاییەكانی گوڵانەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای سووریای ئازاد لە ناو دیمەشقدا، كۆنترۆڵكردنی ژمارەیەكی زۆر شار و شارۆچكەی سووریا لە لایەن سەربازانی جیابووەوە ئەوە پێشان دەدات، كە حكوومەتەتی بەشار ئەسەد لە ڕۆژانی كۆتایی ژیانیدایە.
نووسەر لە درێژەی بابەتەكەدا دەڵێت: گومان لەوەدا نییە بەشار ئەسەد ناتوانێت لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە، بەڵام ئەو پرسیارەی دێتە پێشەوە ئەوەیە، كەی ناوبراو دەكوژرێت یان هەڵدێت.
تۆنی كارۆنـیش لە گۆڤاری “تایم”ـی ئەمەریكیدا نووسیویەتی، بەشار ئەسەد چیدیكە ناتوانێت سووریا بخاتەوە ژێر كۆنترۆڵی خۆی، بەڵام پشتگیریكردنی ناوبراویش لە لایەن ڕووسیاوە وا دەكات ئەنجوومەنی ئاسایش نەتوانێت هیچ جۆرە بڕیارێك دەربارەی ئەو وڵاتە دەربكات و بەو جۆرەیش شەڕی ئەو وڵاتە بۆ ماوەیەكی دیكەیش بەردەوام دەبێت.
نووسەر دەڵێت، پێدەچێت بەشار ئەسەد لەمەوپاش پەنا بۆ پلانێك ببات، ئەویش كشانەوەی سوپای وڵاتەكەی بێت بۆ ئەو ناوچانەی كە زۆرینەی دانیشتووانەكەی عەلەوی و مەسیحین و بەردەوام بوون بێت لە سەر شەڕكردن و ئەگەر بێت و بەم جۆرەیش بێت، ئەوا تەنگژەی سووریا بۆ ماوەی چەندین مانگ و ساڵی دیكەیش بەردەوام دەبێت و ئەو وڵاتە بە سەر چەندین بازنەدا دابەش دەبێت.
شێوازی دەستپێكردنی خۆپێشاندانەكە
خۆپێشاندان لە مانگی ئازاری ساڵی 2011ـدا لە شاری “دەرعا”ی باشووری وڵات دەستی پێكرد. خۆپێشاندەران داوای ئازادكردنی 14 قوتابییان دەكرد، كە لە لایەن هێزی ئاسایشی سووریاوە دەستگیركرابوون و ئەشكەنجەیان درابوو، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی لە سەر دیواری قوتابخانەكەیان دروشمی خۆپێشاندانەكانی توونس و میسرییان نوسیبوو.
لە ڕۆژی 18ی ئەو مانگەدا و پاش نوێژی هەینی خۆپێشاندەران ڕژانە سەر شەقامەكان، بەڵام هێزی ئاسایشی سووریا بە تەقەكردن وەڵامیان دانەوە و 4 كەسیان كوشتن.
خۆپێشاندان تەواوی شارەكەی گرتەوە و سوپای سووریایش دەستی بە بۆردومانكردنی گەڕەكە جیاوازەكانی “دەرعا” كرد و چەندین كەس كوژران. ئەم بۆردومانە كۆتایی بە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەكان نەهێنا، بەڵكو تەشەنەی سەند و شارەكانی دیكەیشی گرتەوە.
داواكاریی خۆپێشاندەران
- كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد.
- هەڵگرتنی یاسای ئیمێرجنسی، كە ماوەی 48 ساڵە پەیڕەو دەكرێت.
- كۆتاییهێنان بە دەستگیركردن، كوشتن و ئەشكەنجەدانی هاووڵاتییان.
- ئازادكردنی چالاكوانانی سیاسی لە گرتووخانەكاندا.
- ئەنجامدانی گۆڕانكاریی سیاسی لە سووریادا بەجۆرێك سووریا ببێتە وڵاتێكی دیموكراسی و فرەحزبی.
وەڵامەكانی بەشار ئەسەد
- ئەسەد ئامادە نییە واز لە پۆستەكەی بهێنێت.
- لە 21ی نیسانی ساڵی 2011دا یاسای ئیمێرجنسی هەڵوەشاندەوە، بەڵام سوپای سووریا لە سەر دەستگیركردنی هاووڵاتییان بەردەوامە، بەبێ هەبوونی فەرمانی دەستگیركردن.
- سەرۆكی سووریا ڕەتی دەكاتەوە سوپای وڵاتەكەی هاووڵاتییان ئەشكەنجە بدات و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام بدات.
- چەند جارێك چالاكوانی سیاسی ئازاد كران، بەڵام هەزاران كەسی دیكە لە زیندانەكاندا ماون.
-لە ڕۆژی 26ی شوباتی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجام درا، بەڵام سیستەمی بەڕێوەبردن لە سووریادا سەرۆكایەتییە و ئەمەیش واتای ئەوەیە بەشار ئەسەد هەموو دەسەڵاتێكی هەیە، نەوەك پەرلەمان.
پێكهاتەی جیاوازی سووریا
ژمارەی دانیشتووانی سووریا نزیكەی 21 ملیۆن كەسە و ئەویش بە سەر چەند پێكهاتەیەكی نەتەوەیی و ئاینیدا دابەش بووە: سوننەكان 74% زیاتر لە 10%ی ئەم پێكهاتەیەش كوردە، عەلەوییەكان 12%، مەسیحیەكان 10% و و دروزەكان 3%.
بەشار ئەسەد كەسێكی عەلەوییە و زۆربەی پۆستە باڵاكانی داوەتە كەسانی نزیك خۆی و عەلەوییەكان، ئیدی هەر لە پۆستی حكوومەتیەوە بیگرە تا سەربازی.
بەشار ئەسەد سوننەكانی بە هەموو جۆرێك فەرامۆش كردووە و ئامادەیش نەبووە سادەترین ماف بداتە كوردەكان، كە ئەویش مافی خاوەن ناسنامە و ڕەگەزنامەیە.
هەبوونی ئەم سیاسەتەش وای كردووە زۆرجار خۆپێشاندانی بەرفراوان لە ناوچە كوردییەكان و سوننەكان ڕوو بدات، بەڵام ئەسەد هەمیشە لە ڕێی هێزەوە توانیویەتی سەركوتیان بكات.
بهشار ئهسهد
- بەشار ئەسەد لە 11ی سێپتێمبەری ساڵی 1965 لەدایكبووە. لە تەمەنی 14 ساڵیدا پەیوەندی بە بزووتنەوەی گەنجانی پارتی بەعسەوە كردووە.
- كۆلیژی پزیشكی زانكۆی دیمەشقی تەواو كردووە و پاشانیش ڕووی كردە لەندەن بۆ مەبەستی خوێندنی ماستەر لە هەمان بواردا.
- لە ساڵی 1994دا باسیلـی برا گەورەی لە ڕووداوێكی هاتوچۆدا مرد و ئەسەدیش لە لایەن باوكیەوە داوای لێكرا بگەڕێتەوە سووریا.
لەوێ پەیوەندی بە ئەكادیمیای سەربازییەوە كرد.
- لە ساڵی 2000 ـدا و پاش مردنی حافیز ئەسەدی باوكی دەسەڵاتی گرتە دەست.
- ئەو لە سەرەتادا چەند هەنگاوێكی پۆزەتیڤیانەی هەڵگرت، لەوانەیش ئازادكردنی سەدان زیندانیی سیاسی، ڕێگادان بە چالاكوانان بۆ دەربڕینی بیروبۆچوونی خۆیان، كەمكردنەوەی سانسۆری سەر میدیا، بەڵام پاشان كۆتایی بەم هەنگاوانە هێنا.
- لە ساڵی 2007ـدا بە سەرۆكی وڵات هەڵبژێردرایەوە.
- لە بواری سیاسەتی دەرەوە لە سەر یارمەتیدان و پشتگیریكردنی گرووپە چەكدارەكانی وەك حەماسی فەلەستین و حزبوڵای لوبنان و دژایەتیكردنی ئیسرائیل و هاوپەیمانێتی لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەردەوام بوو.




