٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

لێدوانەكانی بەغدا كاریگەرییان لەسەر هاتنی كۆمپانیاكانی بواری نەوت نابێت

سەرچاوە: Hewler

سەعد هەورامی - هه‌ولێر

گوتەبێژی كۆمپانیای شێڤرۆن بواری نەوت ئاماژە بەوە دەكات، لە گەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێك كەوتوون، كە لە هەردوو كێڵگەی "رۆڤی" و "سارتا" دەست بە دەرهێنانی نەوت بكەن و ڕوونیشی كردەوە، كە كۆمپانیاكەیان لە ماوەیەكی كورتدا دەست بە لێدانی بیرە نەوتەكان دەكات لەو دوو كێڵگەیەدا.

 

كۆمپانیایی نوێی بواری نەوت دێنە هەرێم

دەوڵەمەندیی هەرێمی كوردستان لە بواری سامانە سروشتیەكاندا وای كرد، كە ڕۆژ بە ڕۆژ كۆمپانیا گەورەكانی بواری نەوت ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن و دەست بە دەرهێنانی نەوت بكەن.

هاتنی ئەم كۆمپانیا گەورانە لە كاتێكدایە، كە حكوومەتی ناوەندی عێراق دەرهێنان و هەناردەكردنی نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستان بە شتێكی نایاسایی و پێچەوانەی دەستوور ناو دەبات و حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەو تۆمەتانە ڕەت دەكاتەوە و دەڵێت: بە بەپێی دەستوور حكوومەتی هەرێم ڕێگەی پێدراوە نەوت بپاڵێوێت و هەناردەی دەرەوەیش بكات.

سیاسەتی سەركەوتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش لەو بوارەدا وای كردووە كۆمپانیا گەورەكانی بواری نەوت گوێ بە فەرمان و ڕێنماییەكانی حكوومەتی ناوەندی نەدەن و ئامادەیی ئەوەیان هەبێت، لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا گرێبەست واژۆ بكەن بۆ مەبەستی وەبەرهێنان لە بواری نەوتدا.

رۆژی 5 شەممەی ڕابردوویش كۆمپانیای "چیڤرن"ـی ئەمەریكایی ڕایگەیاند، كە لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا ڕێك كەوتووە بە مەبەستی دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستاندا.

 

2 كێڵگە نەوت دەكەونە باكووری هەولێری پایتەخت

"چێڤرن" لە ڕێی بڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەكەوە ئاماژەی بەوە كرد، كە پشكی كۆمپانیای "ریلایەنس ئیكسپلۆرەیشن ئەند پرۆدەكشن"ـی هیندستانی كڕیوەتەوە بۆ مەبەستی دەرهێنانی نەوت لە دوو كێڵگەی "رۆڤی" و "سارتا".

ئەم 2 كێڵگە نەوتە دەكەونە باكووری هەولێری پایتەخت و ناوچەیەكی 490 میلی چوارگۆشەیی واتە 1 هەزار و 124 كیلۆمەتری چوارگۆشە دەگرێتەوە.

گوتەبێژی كۆمپانیاكە كێرت گلۆبیز ئاماژەی بەوەداوە، كە ئەم ڕێككەوتنە بەشێكە لە ستراتیژیەتی "چێڤرن" بۆ بەرفراوانكردنی مەودای ئیش و كارەكانی ڕوونیشی كردەوە، كە كۆمپانیاكەیان لە ماوەیەكی كورتی داهاتوودا دەست دەكات بە لێدانی بیرە نەوتەكان لەو دوو كێڵگەیە.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2003ـەوە زیاتر لە 50 گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیاكانی بواری نەوتدا واژۆ كردووە بۆ مەبەستی دەرهێنانی نەوت لە هەرێمەكەدا، بەڵام گرنگترینی ئەم گرێبەستانە لە نێوان حكوومەتی هەرێم و هەردوو كۆمپانیای ئەمەریكی "ئیكسن مۆبیل" و "چیڤرۆن"دایە و توێژەرەوانی بواری ئابوورییش پێیان وایە ئەم 2 كۆمپانیایە یارمەتیدەرێكی زۆر گەورە دەبن بۆ سەرخستنی سیاسەتی ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

توێژەرەوەی عێراقی لە گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەكان جوست هیڵتەرمان ئاماژە بەوە دەكات، كە ئەو شوێنانەی كۆمپانیای "چێڤرن" نەوتی تێدا دەردەهێنێت لە ناوچەی دابڕێنراوەكاندا نین و هەربۆیەیش پێناچێت كێشەی نێوان ئەو كۆمپانیایە لەگەڵ حكوومەتی ناوەندیدا زۆر قووڵ بێتەوە.

هیڵتەرمان ئەوەیشی ڕوون كردەوە، بەرپرسانی حكوومەتی عێراق نایانەوێت هیچ كۆمپانیایەك لەگەڵ حكوومەتی هەرێمدا گرێبەستی بواری دەرهێنانی نەوت واژۆ بكات، بە تایبەتی كۆمپانیای گەورەی وەك "ئیكسن" و "چێڤرن".

 

هەناردەكردنی نەوتی هەرێم یاساییە

ئامی جەیفـیش توێژەرەوەیەكە لە ئەنستیتیوتی "بەیكەر"ـی ئەمەریكایی و دەڵێت:"واژۆكردنی گرێبەستی نەوت لە نێوان هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا گەورەكانی ئەمەریكادا یارمەتیدەرێكی زۆر باش دەبێت بۆ ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەمەوپاش پشت بە خۆی ببەستێت و خۆی كێشەكانی خۆی چارەسەر بكات."

پێشتر سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی ـ یش ئاماژەی بەوەدا، كە حكوومەتی ناوەندی لە 21/5/2012 ناردنی بەشە سووتەمەنی بۆ هەرێمی كوردستانی لە 33 هەزار بەرمیلەوە بۆ كەمتر لە 15 هەزار بەرمیل كەم كردەوە بۆیە ئەگەر حكوومەتی هەرێم ناچار بێت، ئەوا بۆ پڕكردنەوەی پێداویستەكانی ناوخۆی نەوتی خاو هەناردەی دەرەوە دەكات.

سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بەوەیش دا، كە حكوومەتی عێراق ناردنی بەشە سووتەمەنی بۆ هەرێمی كوردستان وەكو كارتێكی فشار بەكاردێنێت.

هەفتەی ڕابردوو وەزیری وزەی توركیا تاینەر یەڵدز ئاماژەی دا، كە ئێستا ڕۆژانە 5 بۆ 10 تانكەر نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستانەوە هاوردەی وڵاتەكەی دەكرێت و ئەو ڕیژەیەیش لە داهاتوودا بۆ 100 تا 200 تەنكەر زیاد دەكات.

لەبەرانبەریشدا حكوومەتی ناوەندیی عێراق، هەناردەكردنی ئەو نەوتەی بە شتێكی نایاسایی زانی و ئاماژەیشی بەوە دا، كە كاریگەریی خراپی لە سەر پێوەندییەكانی نێوان عێراق و توركیا دەبێت. لە بەرانبەریشدا وەزیری ووزەی توركیا ئاماژەی دا، كە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم شتێكی یاساییە و لە دەستووری عێراقدا ڕێگەی پێدراوە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار