٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

مالیكی دوایین كارتەكانی خۆی بەكار دێنێت

سەرچاوە: Hewler

كاوە جەم - هه‌ولێر

مەسەلەی كاركردنی كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیل تایبەت بە دەرهێنانی نەوت و هەناردەكردنی نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ توركیا، ئێستاكە بووەتە تەوەری سەرەكیی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر.

لە دوایین هەواڵە پێوەندیدارەكاندا، نووسینگەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی بەغدا ڕایگەیاندووە، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا باراك ئۆباما پشتگیری لە بۆچوونەكانی بەغدا دەكات، ئەمە لە كاتێكدایە، كە كورد ئەمە بە "ناڕاست" دەزانێت.

ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەغدا قاسم محەممەد دەڵێت: لەو نامەیەدا سەرۆكی ئەمریكا ئۆباما جەختی كردووەتەوە، كە پێویستە كۆمپانیای "ئێكسۆن مۆبیل" بە پێی دەستووری عێراق كار بكات و ئەمەیش بە نیشانەی پشتگیریی ئۆباما لە سیاسەتە نەوتییەكانی بەغدا نایەت.

ئەو دەڵێت: "سەرۆكوەزیران مالیكی لە لێپرسینەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران نزیك بووەتەوە، هەر بۆیە ڕۆژانە بەرپرسانی سەر بە دەعوە لێدوانی زۆر گەورە و دوور لە ڕاستی دەدەن، ئێستاكە مالیكی تەنگاو بووە و ئەو لێدوانانەیش دوورن لە ڕاستییەوە."

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی بەغدا لەسەر پێگەی ڕەسمیی خۆی بڵاوی كردووتەوە، كە لە مەسەلەی گرێبەستەكانی كۆمپانیای "ئێكسۆن مۆبیل"ـی ئەمریكی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، سەرۆك ئۆباما پشتگیری لە بۆچوونەكانی حكوومەتی عێراق دەكات.

لە بەشێكی بەیاننامەكەدا جەخت دەكرێتەوە لەسەر پێویستیی پابەندبوونی كۆمپانیاكە بە بەڵێنەكانی و ڕاسپاردەكانی حكوومەتی عێراق و ئیدارەی ئەمریكا بۆ كۆمپانیاكە، بۆ ئەوەی رۆڵی خۆی لە پیشەسازیی نەوتی عێراقدا بگێڕێت.

هەروەها هاتووە كە "حكوومەتی عێراق هەموو ڕێوشوێنێك دەگرێتەبەر بۆ جێبەجێكردنی یاسا و ڕێگریكردن لە كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیل لە جێبەجێكردنی گرێبەستەكانی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا."

ئەو نامەیە، كە گوایە لەلایەن سەرۆك ئۆباماـوە نووسراوە و دەستنووسە، وەڵامی نامەیەكی مالیكیـیە، كە تێیدا داوای لە سەرۆكی ئەمریكا كردبوو هەڵوێستی خۆیان بەرانبەر بە كاركردنی كۆمپانیای "ئێكسۆن مۆبیل" لە هەرێمی كوردستاندا دەرببڕن.

 

سیاسەتی ئەمریكا، سیاسەتی ڕاگرتنی"هاوسەنگی"ـیە

قاسم محەممەد پێی وایە سیاسەتی ئەمریكا لەگەڵ لایەنەعێراقییەكان، سیاسەتی ڕاگرتنی "هاوسەنگی"ـیە و بە تەواوی پشتگیری لەلایەنێك ناكات.

ئەو بۆ ئەو بۆچوونەی پشتی بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعوود بارزانی لەگەڵ ڕاوێژكاری جێگری سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری ئاسایشی نەتەوەیی تۆنی بلیكنن، بەستووە.

مەسەلەی هەناردەكردنی نەوت بۆ دەرەوە یەك لە تەوەری ئەو كۆبوونەوەیە بووە. هەروەها سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش سەبارەت بە كێشەكانی ئێستای عێراق و دەربازبوون لێی، جەختی لەسەر ئەنجامدانی چاكسازیی ڕاستەقینە بە مەبەستی پێشخستنی بارودۆخی سیاسی لە وڵات و بوونی گەرەنتیی یاسایی بۆ ئەندامانی ئەو چاكسازییانە و دانانی خشتەیەكی كاتی كردووەتەوە تا ئەو لایەنانە ئاماژەیەكی ئەرێنی بدەنە گەلی عێراق سەبارەت بەو پرۆسەیە.

چەند ڕۆژ پێشتر سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی بەغدا ڕایگەیاندبوو، كە لەسەر هەناردەكردنی نەوت بۆ توركیا لە دادگەی دەستووری، سكاڵا لەسەر هەرێمی كوردستان تۆمار دەكات.
ئەو بڕیارە دوای ئەوە دێت كە حكوومەتی هەرێم لە ڕێگەی تەنكەرەوە هەناردەكردنی نەوتی بۆ توركیا دەست پێ كردووە و ئەگەری هەناردەكردنی غازیش لە ئارادایە.

پێشتر نووسینگەی جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە حوسێن شەهرستانی ڕایگەیاندووە، كە مافی هیچ لایەنێك نییە بەبێ ڕەزامەندیی حكوومەتی بەغدا نەوت هەناردەی دەرەوە بكات.

بەڵام ئەو لێدوانە لەلایەن بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمەوە بە تەواوی ڕەت دەكرێتەوە، تەنانەت وەزیری وزەی توركیا تاینر یێلدیز ڕاگەیاند، كە ئەم كارە یاساییە. ئەو لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا، كە لە شاری هەولێر بۆ ڕێك خرابوو گوتی: "ئەمە یاساییە، چونكە نەوتی عێراق بۆ هەموو عێراقییەكان نییە، بەڵام نەوتی كوردستان بۆ هەموو عێراقییەكانە."

چەند ماددەیەكی دەستووری هەمیشەیی عێراق باس لە چۆنییەتی هەڵسوكەوتكردن بە سامانی نەوتەوە دەكات. لە ماددەی 111ـدا هاتووە، حكوومەتی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان بە هاوئاهەنگیی یەكتر سیاسەت و شێوەی بەڕێوەبردنی ئەو سامانە دیاری دەكەن.

لە ماددەی 112ـیشدا، كە حكوومەتی هەرێم بۆ ئەو كارە پشتی پێ بەستووە هاتووە، كە ئەگەر لەو مەسەلانەدا كێشە و جیاوازیی بۆچوون هەبوو، ئەوا گرنگی بە یاسای ناوچەكە دەكرێت. حكوومەتی هەرێمی كوردستان ساڵی 2007 یاسای نەوت و غازی پەسند كرد و بە پێی ئەو یاسایەیش هەڵسوكەوت لەگەڵ سامانی نەوت دەكات.

ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەغدا قاسم محەممەد هەناردەكردنی نەوت لەلایەن حكوومەتی هەولێرەوە بۆ توركیا بە "راست" دەزانێت. ئەو دەڵێت: "ئەمە كاردانەوەی سەرۆكوەزیرانە بەرانبەر بە هەوڵی متمانەسەندنەوە لە ناوبراو. حكوومەتی هەرێم یاسای پێوەندیداری بە نەوت و غاز هەیە و بەغدا نییەتی، بۆیە ئەوان ناتوانن هیچ ڕێوشوێنێكی دەستووری بەرانبەر بە هەرێم بگرنەبەر."

 

پاشخان
- هەرێمی كوردستان كە ناوێكی نوێی لێ نرا و بە "بەهەشتی وزە" باسی لێوە دەكرێت، خاوەنی 45 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەك و سێ بۆ شەش تریلیۆن مەتر سێگۆشەی غازە.

- چاوەڕێ دەكرێت دوای هاتنی گەورەترین كۆمپانیای دەرهێنانی نەوتی جیهان بۆ كوردستان ئێكسۆن مۆبیل، كۆمپانیاكانی دیكەی وەكوو شارۆن دووەم گەورەترین كۆمپانیای نەوتیی ئەمریكا و تۆتاڵـی فەرەنسا بێنە كوردستان.

- شارۆن بەدوای دەرهێنانی نەوت لە ناوچەی شێخان و یەدەكەكەی بە 10 ملیار بەرمیل دەخەمڵێندرێت.

- پسپۆڕانی وزە پێیان وایە عێراق دواناوچەیە كە بە تەواوی سوود لە وزەكەی وەرنەگیراوە و بەشێكی زۆریش لە ناو خاكی هەرێمی كوردستان دایە.

- كۆمپانیاكانی دەرهێنانی نەوتی وڵاتی ئەمریكا، كەنەدا، كۆریای باشوور، توركیا، نەرویج، بەریتانیا، نەمسا، هیند، میرنشینی ئیمارات، رووسیا، چین و سویسرا لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن

هەواڵی پەیوەندیدار